داوای خانەنشینان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی

23-11-2022 02:47

نووسینی: د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

ئەمڕۆ ٢٣- ١١- ٢٠٢٢، سوپاس بۆ خوا دادگای باڵای فیدڕاڵی دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە کەیسی خانەنشینانی هەرێم دەرکرد و، بڕیاری دا بە: (یەکەم: نادەستوری بونی کارکردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە؛ دوەم: پابەند کردنی دەسەڵاتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان). ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خانەنشینانی شایستەی هەرێم کە دەیان ساڵی ژیانی خۆیان تەرخان کردوە بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێم و، مافی خۆیانە کە ژیانێکی کەرامەتمەندانە بگوزەرێنن، ئەوان لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی کردویانە پێویستە قەرەبو بکرێنەوە نەک ستەمیان لێبکرێ و مافەکانیان زەوت بکرێ.

یاسای خانەنشینیی بەرکاری ئێستای عێراق لە چەندین روەوە زۆر باشترە لە یاسا کۆنەکەی عێراق کە هەڵوەشاوەتەوە بەڵام هێشتا لە هەرێم بە شێوەیەکی نادەستوری کاری پێدەکرا. هەر بۆ نمونە لانی کەمی موچەی خانەنشینی لە یاسای ژمارە ٩ی  ٢٠١٤ی هەموارکراوی بەرکار لە عێراق (٥٠٠٠٠٠ پێنجسەد هەزار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و رێنماییەکانی هەرێم (٢٢٠٠٠٠ دوسەد و بیست هەزار) دینارە، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەکی زیاتر لە موجەی خانەنشینی لە نێوان بەرزترین موچە و کەمترین موچە، رەچاو کردنی بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، رەچاو کردنی رێژەی گران بونی باری بژێوی لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی ١٢ مانگ موچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی ٢٥ ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و چەندین جیاوازیی تر.

لە نزیکەی ٦ مانگ لەمەوپێشەوە بیرۆکەی تۆمار کردنی ئەم داوایە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەنشینانی هەرێم (لە رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان) و چەند یاساناسێکی گەنج تاوتوێ ئەکەین و، یەکەم رەشنوسی داواکەمان لە ٧- ٦- ٢٠٢٢ ئامادە کرد و، پاش زنجیرەیەک پێداچونەوەی بە هاوکاریی یاساناسانی هاوڕێمان و راوێژکردن بە شارەزایانی ئابوری و بودجە،  دواجار دەقی داواکە لە لایەن پارێزەرەکانەوە لە ٨- ٩- ٢٠٢٢ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرا. دادگای ناوبراو دو دانیشتنی دادبینیی سەبارەت بە داواکە بە ئامادەبونی نوێنەری خانەنشینانی داواکار و پارێزەرەکانیان لە (١٩- ١٠- ٢٠٢٢) و (٨- ١١- ٢٠٢٢)، بێ ئامادەبونی داوا لەسەرکراوان (هەر یەکە لە مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب) ئەنجامدا کە لە دانیشتنی دوەمدا پاش ئەوەی داوایەکی ترمان بۆ ڕونکردنەوە لە رێی پارێزەرەکانەوە پێشکەشی دادگا کرد، دادبینی کۆتایی هات و لە لایەن سەرۆکی دادگاوە ئەمڕۆ دیاری کرا بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەکە.

بەپێی مادەی (٩٤)ی دەستوری عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بنبڕ و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان. هەروەها بەپێی مادەی (٣٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٢، جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی خاوەنەکەی دوچاری لێپرسینەوەی سزایی ئەکاتەوە. بە پێیی مادەی (٣٧- یەکەم)ی هەمان پەیڕەو، بڕیارەکانی ئەم دادگایە  (جگە لە دەقە سزاییەکان) لە ڕۆژی دەرچونیانەوە جێبەجێ ئەکرێن جگە لەو حاڵەتانەی لە بڕیارەکاندا ئاماژەیان پێدەکرێ. واتە لەمڕۆوە پێویستە دەسەڵاتی هەرێم موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم بە پێی یاسای خانەنشینیی ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراوی بەرکار، هەموار بکاتەوە و موچەی نوێیان لەمڕۆوە بۆ هەژمار بکات.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە دەقی بڕیاری ئەمڕۆی دادگا و پشت بەست بەو داوایەی ئامادەمان کرد بو، رێخۆشکەرییەک هاتۆتە ئاراوە بۆ وەرگرتنەوەی مافی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم لە بابەتەکانی پاشەکەوت و لێبڕینی زۆرەملێ و نایاسایی موچە و، وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.

لێرەدا پڕبەدڵ سوپاسی بێپایان لەو هاوڕێ یاساناسانەمان ئەکەین کە بە پیاچونەوەی داواکە، زۆر دەوڵەمەند و بەپێزتریان کرد، هەروەها ئەو بەڕێزانەی کە راوێژیان پێداین لەڕوی ئابورییەوە. بە هەمان شێوە زۆر سوپاس بۆ کاک بەشدار حەسەن کە خۆبەخشانە بەشدار بو لە ئەرکی پارێزەری لە دۆسییەکە و، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی خانەنشینان ئامادە بون لە دانیشتنەکانی دادگا، هەروەها سوپاس بۆ ئەو هاوڕێیەشمان کە ئەرکی تێچوی دو پارێزەری تری لە بەغدا لە ئەستۆ گرت، سوپاس بۆ هەر کەسێکی دیکەش کە بە هەر شێوەیەک لەم دۆسییەیەدا بەشدار بو.

‎ئەمڕۆ هەمومان دڵخۆشین کە پێکەوە بەشدارین لە دڵخۆشکردنی دڵی دەیان هەزار خانەنشینی سەربەرزی هەرێم لەڕێی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوت کراوەکانیان لەم ڕۆژگاردا کە بەداخەوە لە هەرێم و دەوروبەری چەندین کۆست و کارەساتی ناخۆش ڕوئەدەن، هەر لە روداوە دڵتەزێنەکانی تەقینەوەی غاز لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی و شاری دهۆک، هێرشی هاوکاتی تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، شەهید کردنی دەیان هاوڵاتیی خۆپیشاندەری مەدەنی لە کوردستانی ئێران بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و، پەلاماردانی کوردستانی سوریا لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە.