بۆچی باشور پشتیوانی ڕۆژهەڵات نیە؟

25-11-2022 10:59

نووسینی: د. سەردار عەزیز

ڕۆژهەڵات لە دۆخی شۆرشدایە. هەمیشە لە هەناو دۆخی شۆڕشدا، هەستێکی ڕەوایی باڵا بونی هەیە. ئەم هەستە وەها لە کەسی بە شۆرش هەستاو دەکات چاوەڕێی ئەوە بکات کە ئەوانیتر، مرۆڤایەتی، بە دەنگییەوە بێن. بێدەنگ بونی باشور بەرامبەر دۆخی ڕۆژهەڵات، نائومێدبونو ناڕەزایی و توڕەیی لای ڕۆژهەڵاتییەکان دروستکردوە.

لێرەدا بە کورتی دەمەوێت توێکارییەک بۆ ئەم پرسە بکەم. سەرەتا دەپرسم ئەکتەرە سیاسی و فیکریی و کۆمەڵاتییەکانی باشور کێن؟

یەکێتی و پارتی وەک دوو هێزی سەرەکی، چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت کە پشتیوان بن. هەژەمۆنیەتی ئێران بە سەر یەکێتیدا لە باڵاترین ئاستیدایە. هەڕەشە و فشاری بەرامبەر پارتی بە هەمانشێوە. بەڵام یەکێتی و پارتی دوو گروپن لە دۆخی شەڕی ناوخۆدا دەژین، هەرگیز ناتوانن پشتیوانی هێزێکی تر بن، چونکە هەمیشە دەترسن لە بونێکی تر. ئەمەش کرۆکی نەبونی ئاشتییە لە باشور. خەڵکی باشور بە گشتی ئەم دۆخەیان ناوەکی کردوە، بە مانایە پیادەی دەکەن و هەستی پێناکەن.

هێزەکانی دەرەوەی ئەم دوو لایەنە، بە گشتی هەوڵدەدەن شەرعیەتیان لەوەوە وەربگرن کە دژایەتی ئەم دوو لایەنە بکەن. ئەم هەوڵی دژایەتییە، بەشێک لەم گروپانە بردوە بۆ ناو پرسی دژایەتی کورد و قەوارەی کوردی و هەتا بە فاشیستکردنی مرۆڤی کورد و کوردبون. ئەگەر کوردبون فاشیزم بێت ئەوا هیچ هاوبەشییەک نامێنێت لە نێوان دوو کورددا، ئەگەر هەبێت دەبێت لە ناو ببرێت. ئەگەر ناسیونالیزمی کوردی فاشیزم بێت، وەک دەڵێن، ئەوا هیچ بەهانەیەک نیە بۆ پشتگیری خەڵکانێکی تر تەنها لە بەر ئەوەی کە کوردن.

ئیسلامیەکان، رەنگە پێویست نەکات ئاماژەی پێبدەین، بە سەنتەربونی دژە سەرپۆش ئیسلامییەکانی کردە دەرەوەی ئەم شۆرشە و تەنانەت بەدژایەتیشی دەزانن. هەروەها لە کرۆکدا هاوبەشییەک هەیە لە نێوان دیدی قوتب و خومەینیزمیدا، سەرباری جیاوازی تایفییان.

بەڵام بۆ خەڵکی بە گشتی حەماسی نیە؟ دوو فاکتەر هەن، یەکەم ئەزمونی باشور، کە نەوت هەموو بەهایەکی گۆڕییەوە بە پارە. هەروەها ئەودۆخی جەنگەی لە ناو باشوردا هەیە. دۆخێک کە هەموو جوانیی و داهێنان و بیرکردنەوە و بەرپرسیارێتی و هاوبەشێتی ڕسواکردوە.

ڕۆژهەڵات شایستەی پشتیوانین، نەک لەبەرئەوەی کوردن، بەڵکو دراوسێیەکن لە بەردەم مەرگدا بە چەندین شێوە. تەنانەت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆشتەوە بیری لێبکەیتەوە، هەر مافێک بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات بون و مانەوەی تۆ بەهێزتر و مسۆگەرتر دەکات. سەرباری ئەوەی کەئەوەی ڕۆژهەڵاتییەکان دەیکەن جوانە، مرۆڤانەیە، ڕەوایە.