میدالیای خانەنشینی.. یان شەرمەزاری

21-12-2022 05:22

نووسینی: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی

دوو رۆژە، پەیجێكی تایبەتی، باس لەوە دەكات گوایە سەرۆكی یەكێتی بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێكدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بكات‌و میدالیای رێزلێنانیش بكاتە بەرۆكیان.

بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە راست بن. بەڵام نەكا دوكەڵەكە بێ‌ ئاگری هەندێك كەسانی دەوروبەری سەرۆكی یەكێتی نەبێ‌. بەتایبەتی دەبوایە هەواڵەكە بەدرۆ بخرێتەوە، تا ئێستا هەواڵەكە وەكو خۆی پەخش دەكرێ‌‌و درۆ یان راستیەكەی، ساغ نەكراوەتەوە.

لێرەدا، تەنها بەناوی خۆمەوە رونیدەكەمەوە كەوا:

یەكەم: لەناو یەكێتیدا، تەنها كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنوسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بدات.

دووەم: ئەگەر كۆنگرە بەسترا، یەكەمین ئەركی پێویستە ئەوەبێ‌، چوارەمین كۆنگرە قانگ بدات‌و چەشنی لاپەڕەیەكی شەرمەزاریی لەئەرشیفی یەكێتیدا، بلۆكی بكات.

سێهەم: پێش ئەوەی بیر لە ئەنجومەنی باڵا بكرێتەوە، با بیر لە پاك كردنەوەی گەندەڵی‌و پێشێلكاری لە پرنسیپەكانی حیزبایەتی‌و غەدركردن لەهەزاران كادرو ئەندام‌و نوسەرو بێژەری ماندوو، بكرێتەوە.

چوارەم: بەداخەوە، رۆژگار وای لێهاتووە، پێوەری حیزبایەتی‌و خەباتی مێژوویی‌و شكۆی سەنگەرەكانی سەرخستنی یەكێتی لە هاوكێشەكاندا، هەر هەمووی دەكرێتە قوربانی رق‌و قۆرغكاری دەسەڵات‌و سیاسەتی هەلپەرستی.

پێنجەم: كێشەی سەرەكی یەكێتی، چارەسەرنەكردنی نادادپەروەری‌و قوڵبونی ناكۆكیەكانێتی لەگەڵ پارتی‌و گەڵاڵەنەكردنی پرۆژەیەكی نوێی هاوپەیمانی لەم سەردەمەداو لەم بارودۆخەداو لەم قەیرانانەی كوردستان تێی كەوتووە. نەك ئەنجومەنی باڵا كە ئەگەر بە گەلێ هۆكارەوە، هۆكارێكی خودی ئەنجومەنەكەیە كە خراوەتە پەراوێزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا.. ئەنجومەنەكە.. تەنها هۆكاری چارەسەربووە، نەك ئەم دۆخەی یەكێتی‌و كوردستان تێی كەوتووە.

لەكۆتاییدا دەڵێم: هەر كەسێك زات بكات پێشنیازی خانەنشینی بۆ ئەنجومەنی باڵا بكات.. با ناوی خۆی ئاشكرا بكات (نەك بەناوی سەرۆكی یەكێتیەوە درۆ بكەن) هەتا پێناسەكەی.. لە گیرفانی ئاوساویەوە بۆ باقی عەیبو عارەكانی.. بخەینەڕوو!!