ئاماژەکان مەترسیدارن..

31-12-2022 06:20

نووسینی: د. یوسف محەمەد سادق

ماوەیەکە سەرباری ھەمو کێشە سیاسی و ئابورییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ئاستی کۆمەڵایەتیش جۆرێک لە دابەش بون و لێکترازان و دوبەرەکی پەرەی پێئەدرێ کە بە کارلێک کردن لەگەڵ کێشەکانی تر، قەیرانی قوڵتر و کێشەی گەورەتر چاوەڕێی کۆمەڵگەی ئێمەیە.

چەند رۆژێک لەمەوپێش پێنج تاوانبار بەشێوەیەکی قێزەون دەستدرێژی ئەکەنە سەر کچێکی گەنج! دوێنێ چەند مێردمنداڵێک زۆر نامرۆڤانە پەلاماری کچێک ئەدەن لە کاتی نمایشێکی گوماناویی ماتۆرسواری. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیس و ھەندێک بەداواداچونی میدیایی  دەرئەکەوێت ھەندێک گروپ لە شێوەی باندی توندوتیژی بە قەمە و چەقۆ و بۆکس خەنجەر لەو شوێنە چالاک بون. لە ھەندێک لە شار وشارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمیش ئەو دیاردەیە پەریسەندوە و گروپی مێردمنداڵ لە شێوەی باند دەرکەوتون کە جاربەجارە شەڕی نێوانیانروداوی خوێناویی لێکەوتۆتەوە. ھەر لەم رۆژانەش دەزگا ئەمنییەکان رایانگەیاند کە گروپێکی تیرۆریستییان دەستگیر کردوە کە لەژێر ناوی ویلایەتیی سلێمانیی داعش کاریان کردوە.

ھەمو ئەو پێشھاتە مەترسیدارانە دابڕاو نین لە دۆخی سیاسی و ئابوریی ھەرێم. شکستی حوکمڕانیی ھەرێم؛ بونی بێ ھیواییەکی گەورەی سیاسی؛ بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری بەتایبەت لەناو گەنجان؛ خەرج کردنی داھاتێکی زۆری نەوتی ھەرێم لە کەناڵی میدیایی ئاست نزم و لەشکرێک لە پەیج و ئەدمینی سۆشیال میدیا و باندی بازرگانی کردن بە مرۆڤ بەناوی «ئیتەرتەینمێنت»ەوە کە ئەرکیان دورخستنەوەیخەڵک بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی لە سیاسەت و بڵاوکردنەوەی (تلیاکی کۆمەڵایتی)ییە؛ بڵاوبونەوەی مادەی ھۆشبەر؛ لە بەرامبەریشداوەک پەرچەکردار و ترس لەو دیاردانە جۆرێک لە داخرانی زیاتر لە لایەن بەشێک لە کۆمەڵگە ھەستپێکراوە.

لە تەنیشت ھەمو ئەمانەشەوە ماوەیەکە ھەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و جێندەر دێتەکایەوە، گوتارێکی توندی ئایدۆلۆژی و ئایینی پەرەیپێئەدرێ کە دواجار دابەش بونی کۆمەڵایەتی دێنێتە کایەوە. راشکاوانە چ ئەو کەمینەیەی بانگەشە بۆ دیاردەنەشازەکانی وەک ھاوڕەگەزخوازی ئەکەن، چ ئەوانیشی ھەمو پرسەکانی پەیوەندیدار بە ژنان و جێندەر یەکسان ئەکەن بە ھاوڕەگەزخوازی؛ یان بانگەشەی ئایینیی نادروست بۆ باڵا بونی نێرینە لە بەرامبەر مێیینە ئەکەن بەپێچەوانەی ئایەتی (يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَٰكُم مِّن ذَكَرٍۢ وَأُنثَىٰوَجَعَلْنَٰكُمْ شُعُوبًا وَقَبَآئِلَ لِتَعَارَفُوٓاْ ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ ٱللَّهِ أَتْقَىٰكُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)؛ ھەر دو لایان بەشدارن لە دابەش بونی کۆمەڵگە وبڵاوکردنەوی رق و کینە و توندوتیژی بەتایبەت بەرامبەر بە کچان و ژنان. مەرجیش نییە گوتاری توندوتیژی دینی تەنھا لەسەر پەیڕەوانی کارگەریی ھەبێ، بەڵکو ئەو گوتارە لەڕێی سۆشیال میدیاوە کاریگەری لەسەر کۆی کۆمەڵگە بەجێئەھێڵێ.

لە ھەمان کاتیشدا شکستی سیستەمی پەروەردە و، نەبونی بەرنامەی گونجاو بۆ چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کۆمۆنیکەیشن و سۆشیال میدیا ھێناونیەتە کایەوە، رەھەندێکی دیکەی ئەو کێشانەن کە ئێستا پەرە دەسەنن.

لە راستیدا پێویستە عاقڵمەندان لە ھەمو ئاڕاستەکان بیرێکی جدی لەو گۆڕاوانە بکەنەوە کە ھاتونەتە کایەوە و، لەڕێی دیالۆگێکی دور لەدەمارگیری، ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانە، وەگەرنا پچڕانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و پەرەگرتنی توندوتیژی، مەترسیی گەورەتر لە داھاتودا دێننە کایەوە.