ڕێکخستەیەکی نوێی وزەی جیهانی بەڕێوەیە؛ لەدۆلارخستنی بازرگانیی نەوتی جیهانی لەسەرخۆیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ڕوودەدات

04-01-2023 03:03

نووسینی: ڕەنا فروهەر

وەرگێڕانی: ڕێنوار نەجم

لەڕۆژی ڤالانتاینی ساڵی 1945، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوووەکان فرانکلین دیلانۆ ڕۆزفێڵت لەگەڵ پادشای سعوودیە عەبدولعەزیز بن سەعود لەسەر کەشتیی جەنگیی ئەمەریکی USS Quincy کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا. ئەوە سەرەتای یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانێتییە جیۆپۆلیتیکییەکانی 70 ساڵی ڕابردوو بوو، کە تێیدا ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کرا لەبەرامبەر بەستنەوەی نەوت بە دۆلارەوە.

بەڵام زەمەن دەگۆڕێت و ڕەنگە ساڵی 2023 وەک ئەو ساڵە وەبیربهێندرێتەوە کە تێیدا ئەو سەودا زەبەلاحە دەستی بە گۆڕانکاریی کرد، بەوپێیەی ڕێخستەیەکی وزەی جیهانیی نوێ لەنێوان چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کرد.

لەکاتێکدا چین ماوەیەکە بڕێکی بەردەوام-زیادبووی نەوت و گازی شلی سرووشتی لە ئێران، ڤەنزوێلا، ڕووسیا و چەند بەشێکی ئەفەریقا بەدراوی خۆی دەکڕێت، کۆبوونەوەکەی سەرۆک شی جینپینگ لەگەڵ سعوودییە و ڕابەرانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی کەنداو لە مانگی کانوونی یەکەمدا بووە هێمای "لەدایکبوونی پیترۆیوان*"، وەک شرۆڤەکاری کۆمپانیای کریدیت سویس، زۆلتان پۆزسار لە تێبینییەکدا بە کڕیارەکانی ڕاگەیاندبوو.

بەگوێرەی قسەکانی پۆزسار، "چین دەیەوێت یاساکانی بازاڕی وزەی جیهانی بنووسێتەوە"، وەک بەشێک لە هەوڵێکی گەورەتر بۆ لەدۆلارداماڵینی وڵاتانی بریک؛ بەڕازیل، ڕووسیا، هیندستان و چین، هەروەها چەندین بەشی دیکەی جیهان ئەویش پاش بەکارهێنانی دۆلار وەک چەکێک لە یەدەگی ئاڵوگۆڕی بیانیی لەدوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا.

ئەمە لە کرداردا چی دەگەیەنێت؟ بۆ سەرەتاییەکان، بازرگانییەکی زۆر زیاتری نەوت بە [دراوی] رنمينبی ئەنجام دەدرێت. شی جینپینگ ئەوەی ڕاگەیاند کە لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا، نەک بەتەنها بەشێوەیەکی دراماتیکی هاوردەکردن لەوڵاتانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی کەنداوەوە زیاد دەکات، بەڵکو کاریش دەکات لەپێناو "هەماهەنگیی وزە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە". ڕەنگە ئەمە بەدواداگەڕان و بەرهەمهێنانی هاوبەش لەخۆ بگرێت لە شوێنی وەک دەریای باشووری چین، هەروەها وەبەرهێنان لە پاڵاوگە، ماددەی کیمیایی و پلاستیک. پەکین بەهیوایە کە لەساڵی 2025ەوە ئەمە هەمووی بە دراوی رنمينبی پارەکەی بدرێت لە ئاڵوگۆڕی پترلیۆم و گازی سرووشتیی شەنگەهای.

ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە بازرگانیی وزەی جیهانیدا. وەک پۆزسار تیشکی دەخاتەسەر، ڕووسیا، ئێران و ڤەنزوێلا لەسەدا 40ی یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی جیهانیان لایە، هەمووشیان بەداشکاندنێکی لەڕادەبەدەر نەوت بە چین دەفرۆشن. لەسەدا 40ی دیکەی یەدەگی سەلمێندراوی نەوت لای وڵاتانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی کەنداوە. ئەو لەسەدا 20ەی کە دەمەنێتەوە، دەکەوێتە باکوور و ڕۆژئاوای ئەفەریقا و ئیندەنوسیا، ئەوانەش ئەو هەرێمانەن کە دەکەونە مەودای ڕوسیا و چینەوە.

ئەوانەی کە گومان لە بەرزبوونەوەی پیترۆیوان دەکەن، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی گومان لە داشکانی سیستمی دارایی دۆلار دەکەن، زۆرجار باس لەوە دەکەن کە چین هێندەی ئەمەریکا متمانەی جیهانی، سەروەریی یاسا و یەدەگی نەختینەی دراوی نییە، ئەوەش وا دەکات وڵاتانی دیکە پێیان باش نەبێت بازرگانی بە رنمينبی-ەوە بکەن.

ڕەنگە وا بێت، هەرچەندە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی لە بازاڕی نەوتدان خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ چین زیاترە (لانی کەم لەڕووی ئابووریی سیاسییەوە) بەراورد بە ویلایەتە یەکگرتووەکان. لەوەش زیاتر، چین جۆرێک لە تۆڕێکی سەلامەتیی دارایی پێشکەش کردووە لەڕێی ڕێگەدان بە گۆڕینی رنمينبی بۆ ئاڵتوون لە ئاڵوگۆڕەکانی شەنگەهای و هۆنگ کۆنگ.

لەکاتێکدا ئەمە رنمينبی ناکات بە جێگرەوەی دۆلار وەک دراوێکی یەدەگ، بڵام بازرگانیی پیترۆیوان کاریگەریی گرنگی ئابووری و دارایی بۆ سیاسەتداڕێژەران و وەبەرهێنەران دەبێت.

لەبەر شتێک، ئێستا ئەگەری دەستکەوتنی وزەی هەرزان، بازرگانییە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ لای چین ڕادەکێشێت. بەلەبەرچاوگرتنی جووڵەکەی ئەم دواییەی کۆمپانیای BASFی ئەڵمانی بە بچووککردنەوەی کێڵگە سەرەکییەکەی لە شاری لودفيگسهاڤن و گۆڕانکاریی لە چالاکییە کیمیاییەکان لە ژانجیانگ [ی چین]. دەشێت ئەمە سەرەتای ئەوە بێت کە پۆزسار ناوی دەبات بە ڕەوتی "بەرهەمی ناوخۆ بۆسەر سفرە" کە تێیدا چین هەوڵ دەدات بەرهەمە بەهادارەکان لەناوخۆدا بەرهەم بهێنێت لەڕێی بەکارهێنانی وزەی هەرزانەوە. (ژمارەیەک لە بەرهەمهێنەرە ئەوروپییەکانیش کارەکانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاد کردووە بەهۆی ئەوەی لەوێ تێچووی وزە کەمترە.)

سیاسەتی وزە لەگەڵ خۆیدا ڕیسک و دەستکەوتیش دەهێنێت. شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە گۆڕینی پیترۆدۆلار لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت بۆ بازاڕە دەرکەوتووەکانی وەک مەکسیک، بەڕازیل، ئەرجەنتین، زایر، تورکیا و ئەوانی دیکە لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆتایی 1970کانەوە سەری کێشا بۆ چەند قەیرانێکی قەرزی بازاڕە دەرکەوتووەکان. هەروەها پیترۆدۆلار پڕۆسەی درووستکردنی ئابوورییەکی قەبڵێنەرانە و لەقەرزدا-ڕۆچووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان خێراتر کرد، بەوپێیەی ئەو بانکانەی بەلێشاو کاشیان هەبوو هەموو جۆرە "داهێنانێکی" دارایی نوێیان دروست کرد، لێشاوی سامانی بیانیش ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا ڕێگریی بکات لە کورتهێنانێکی گەورەتر.

ڕەنگە ئێستا ئەو ڕەوتە دەست بکات بە پێچەوانەبوونەوە. لەئێستادا کڕیاری بیانیی کەمتر هەیە بۆ سەنەدی خەزانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەگەر پیترۆیوان بەرز بێتەوە، ئەوا ئاگری لەدۆلارداماڵین خۆشتر دەکات. جڵەوی چین بەسەر یەدەگی وزەی زیاتر و ئەو بەرهەمانەی لێیانەوە دەستی دەکەوێت، دەشێت فاکتەرێکی نوێی گرنگ بێت بۆ هەڵاوسان لە ڕۆژئاوا. ئەمە کێشەیەکی لەسەرخۆیە، بەڵام ڕەنگە ئەوەندەش لەسەرخۆ نەبێت وەک هەندێک لە بەشداریکارانی بازاڕ بیری لێ دەکەنەوە.

پێویستە سیاسەتداڕێژەران و ڕابەرانی بازرگانی چی بکەن؟ ئەگەر من بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بوومایە، ئەوا بەدوای بەهەرێمیکردن و بەناوخۆییکردنی زۆرترین بەرهەمەکاندا دەگەڕام لەپێناو وەستانەوە لەبەرامبەر بازاڕی وزەی فرەجەمسەری. هەروەها زیاتر تێهەڵکێشی ئاسۆییم دەکرد بۆ پارسەنگکردنی هەڵاوسانی زێدەبوو لە زنجیرەی دابینکاری.

ئەگەر سیاسەتداڕێژەرێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوومایە، بیرم لەو ڕێگایانە دەکردەوە کە گونجاون بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی بەردینی ئەمەریکای باکوور لە کورتمەودا و مەودای مامناوەند (هەروەها داشکاندنم پێشکەشی ئەوروپییەکان دەکرد)، لەهەمان کاتدا پڕۆسەی گواستنەوە بۆ وزەی پاکم خێراتر دەکرد. ئەمە هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان پێویست نەکات ناڕەزایی دەرببڕن لەبارەی یاسای کەمکردنەوەی هەڵاوسان کە پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی وزەی پاک دەکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. پێویستە ڕابوونی پیترۆیوان هاندەرێک بێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا تا بەزووترین کات لە سووتەمەنیی بەردین دووربکەونەوە.

*پیترۆیوان جۆرێکە لەدراوی فەرمیی چین، کە ئامانج لێی بەکارهێنانیەتی لە بازرگانییەکانی تایبەت بە وزە. رنمينبی-یش دراوی فەرمیی چینە و ناوێکی دیکەیە بۆ دراوی یوان. (و.ک)