قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و مشتومڕەکان!

19-02-2023 09:11

 

نووسینی: دڵشاد ئەنوەر

بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی عێراق مشتو مڕی دروستکرووە، حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوی بڵاوکردەوەو وەڵامی دایەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکەش پاساوی هێنایەوە، بەڵام ئەمە هەموو شت نییە.

*پيش هەموو شت، دەبێت ئەوە بزانین، ئەو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەی سەباح بڵاویکردووەتەوە هی دەزگایەکی کوردییە و پشت ئەستوورە بە ڕای خەڵک و دەرئەنجامی ئەم دۆخە نەخوازراوەیە کە حزب خوڵقاندوویەتی.

مەسەلەکە ڕاپرسی ناوێ، ڕۆژانە سەیری کۆمێنتەکانی خەڵک بکە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، دروستی ناوەڕۆکی ڕاپرسییەکەت بۆ دەردەکەوێ.

قەوارەی سیاسی هەرێم بە خوێن، بەڕەنج و مانووبوونی خەڵکی کوردستان بونیاتنراوە، پێویستە ئەو حکومەتەی وەڵامی ڕۆژنامەی سەباح دەداتەوە و لە ئێمە زیاتر لە نیگەرانی خەڵک تێگەیشتووە، لە بری خۆ سەرقاڵ کردن بە وەڵام دانەوە، بەدوای چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک بگەڕێ و هەوڵی گۆڕینی ڕای خەڵک و ئاشتکردنەوەیان بدات.

وەڵام دانەوە و نکۆڵیکردن لە ڕاستییەکان، کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو دەستخستنە سەر برینەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنیان ريگە گونجاوەکەیە.

دوای ٣٢ ساڵی حوکمڕانی، هەرێمێکی لێوانلێو لە ناعەدالەتی، خەڵک چی بوێ، پێچەوانەکەی دەکرێ. حیزب دەستی خستووەتە بیناقاقای هێز و ئابووری و تەواوی جومگە هەستیارەکان.

هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان و دونیا هۆشداریت پێدەدات و بە ڕوونی پێتدەڵێت؛ وا مەبینن، ئەم هەرێمە تا سەر دەمێنێت، بۆیە ناوماڵی خۆتان و هێزتان ڕێکبخەنەوە و دام و دەزگاکان بە نیشتیمانی بکەن!

تۆ تازە بە تازە دێیت، هێز بۆ کاک فڵان و کاک فیسار دەکەیتەوە، تازە بەتازە هەرێم پەرتتر دەکەیت، تازە بە تازە جەمسەرگیری تورکی و ئێرانی تۆخ دەکەیتەوە!

بۆیە گرفتەکە لای ڕۆژنامەی سەباح نییە، گرفتەکە لای دەسەڵاتی سیاسی خودی هەرێمە.

*ڕۆژنامەی سەباح زمانحاڵی حکومەتی عێراقە، هیچ بابەتێکی هەستیاری هاوشێوەی ئەو ڕاپرسییەی گرێدراو بە قەوارەی سیاسی هەرێمبڵاو ناکاتەوە، گەر گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکرێت.

بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە، هاوکاتە لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی دادگای فیدری عێراق و هەنگاوە شاراوەکانی تردا دژی هەرێم. بابەتەکە لەکاتێکدایە هێشتا عێراق دەستبەرداری پلانەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەکان و لەقاڵبدانی هەرێم نەبووە.

ئەوەی عێراقی ڕاگرتووە بەهێزی هەرێم نییە، بەڵکو دوو شت عێراقی ڕاگرتووە، یەکەم؛ هێشتا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جوڵەی یەکلاکەرەوەی عێراقی لە دژی هەرێم پێ قەبوڵ نییە.

دووەم؛ خراپی دۆخی ناوخۆیی لایەنە عێراقییەکان و لە بۆسەبوونیان بۆ یەکتری، بواریان پێ نادات، سەنگەرێکی تر لە دژی خۆیان بکەنەوە.

ئەگینا ئەوەی سەباح بڵاویکردووەتەوە شتێک نییە شاراوە بێت، بەڵکو ئەجێندای هەموو هێزە عێراقییەکانە، زاراوەی عێراقی فیدراڵیش تەنها کورد بەکاری دەهێنێت، ئەگینا ئەوانیتر هەر بڕوایان پێی نییە.