بۆچی بەیاننامەیەک لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش دەرناکەن!؟

25-03-2023 08:34

نووسینی: یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

مەلەفی نەوت و گازی ھەرێمتان ئەوەندە خراپ و ناشییانە ئیدارە دا، لە ھەر شوێنێک سکاڵا دژی ھەرێم جوڵێندرا ئێوە دۆڕاندتان و باجەکەشتان خستە سەر ھاونیشتیمانیانی ھەرێم، ھەر لە سکاڵاکەی ئەمریکاوە بیگرە تا سکاڵای دانەگاز لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەندەن و ئینجا دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و وا بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی سەر بە ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریسیشی ھاتە سەر!

بزانن چۆن بە نەزانی و گەندەڵی کارتی وزەی ھەرێم و سامانی ژێر زەویی خەڵکی کوردستانتان کردە کارتێکی سوتاو و، لە بری ئەوەی بیکەنە ھۆی بەھێز کردنی ھەرێم، کردتانە سەرچاوەی لاواز کردنی زیاتری ھەرێم!؟

زۆرمان وت کە پێش ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس دەرچێ، لەگەڵ بەغدا رێکبکەون، بەڵام بێ ئەنجام بو. ئێستا ئیتر باشترین بژاردە بۆ خەڵکی کوردستان جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییە.

دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەوت و گازیان کردۆتە بارمتەی خۆیان بۆ ئەوەی وەک میر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و زامنی مانەوەی دەسەڵاتیان بکەن، بەڵام وادیارە ئیتر ئەوەش دادیان نادا.

کە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ ھەرێم دەرچو، بارزانی بەیاننامەیەکی دەرکرد و چواندی بە «دادگایسەورە»، چاوەڕێین بەیانامەیەکیش لەسەر دەستەی ناوبژیوانیی پاریسیش بە ھەمان ئاواز دەربکات!