نووسینی: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەکێتی
دوای بڕیاری دادگای تایبەتی پاریس، سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم، كە لەبەرژەوەندی عێراق دراوەو زیانی كوردستانو توركیایتیایە. وەكو رەشەبای ناوەخت، خەریكە، گەڵای سیاسی، وەكو گەڵاڕێزان، لەسەر شەقامی سیاسی كوردستان، كەڵەكە دەكات. هەر لایەك، بەدابڕاوی لە لایەنەكانی دیكە، بڕیارو بەرنامەی لەسەر هەڵدەچنێ. سەرەنجام، چەند راستییەك دەركەوتن:
أ-ئەو گرێبەستانەی ساڵانی رابوردوو، لە هەلومەرجی گەمارۆدانی كوردستاندا، لەنێوان هەرێمو توركیا، سەبارەت بە نەوت، وەكو فیتباك ئیمزاكراوە. لەم هەلومەرجەدا، لەبەر گەلێ هۆكاری ئابوری، سیاسی، نێودەوڵەتیو ناوچەیی، چیكە قبوڵ ناكرێ.
ب-ئەم بڕیارە، حكومەتی هەرێم ناچار دەكات، بە دو قۆناغ، كیشەكانی لەگەڵ بەغداد، چارەسە بكات:
یەكەمیان: قۆناغی پێش پەسەندكردنی یاسای نەوتو گاز، هەرێم دەبێ كێشەی موچە لەگەڵ بەغداد، یەكلایی بكاتەوەو دڵنیایی سەبارەت بەموچەو بودجە، هەندێك لە پێویستیەكانی پارێزگاكان، هێزی چەكدارو هەندێك پرۆژەی نیشتمانی وەربگرێ. خۆشبەختانە لەسەر بودجە، گەڵاڵەی رێكەوتن ئامادەكراوەو بۆ مانگی پێنجیش، رەنگە پەسەند بكرێ.
دووەمیشیان: دوای پەسەندكردنی یاسای نەوتو گاز، ئیتر بۆ هەمێشە كێشەی چۆنیەتی هەناردەی نەوتو داهاتەكەیو ئەركو مافەكانی ئەم پرسە، كۆتایی پێ دێ.
وەكو تر، ئەو كێشانە، كوتومت ئابورین. زۆرتر پەیوەندییان بە پسپۆڕو كۆمپانیاكانو شارەزایانی دەستورەوە هەیە؛ حكومەتی هەرێم،كارێكی چاك دەكات، بە ئارامیی لەتەك ئەم كێشەیەدا، هەنگاو هەڵدێنێ. خۆزگە، لەدوای روخاندنی سەدامو پەسەندكردنی دەستورەوە، ئەم كێشەیە چارەسەر بكرایەو رێگە نەدرایە بگاتە ئەم دۆخە. لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە، زۆر ناخایەنێ، لەڕووی یاساییو ئابوریو بگرە سیاسیشەوە، چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
نە حكومەتی عێراق، دوای (102) ساڵ لەدامەزراندنی دەوڵەتەكە؛ زیاتر لە لە (90) ساڵ لە دۆزینەوەی نەوتو هەناردەكردنی؛ ئەو هەموو تاقیكردنەوەو كێشەو بێشەیەی لەڕووی: گەندەڵیەوە، لاوازی ژێرخانەوە، كێشمەكێشی سیاسیەوە، تایفەگەریەوە، دەستتێدەروانی دەرەكیەوە،وێرانی ژێرخانەوە، ئاڵۆزی سیستەمەكەیەوە، قەیرانی قەرزەوە..تاد. بەو هۆیە بنچینانەوە، حكومەتی عێراق، ناتوانێ، تەنها لەبەر بڕیاریدادگای پاریس، ئەویش تەنها لەسەر كەیسی نەوت، عێراق ناتوانێ لە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەسەر كۆی كێشەكان بێباك بێ. چونكە، كێشەی نەوت، توند گرێدراوی كێشەكانی دیكەی عێراقە. بە كوردستانیشەوە.
حكومەتی هەرێمیش (31) ساڵە، ئەزمونی حوكمڕانی هەیەو چەندین قۆناغی لەگەڵ بەغداد تاقیكردۆتەوە. لە كێشەی نەوتو گاز، باقی سێكتەرە ئابوریەكانیش، باش شارەزایە. بۆیە، دڵنیاین، لەدوای بڕیاری پاریسەوە، هەرێم، نە بێ كارتی ئابوریو سیاسییە، نە بێئەزمونە، نەهەرێمێكی دابڕاوی بێ پشتیوانیشە. بۆیە، هەقوایە، نەك نابێ هەرێم ئەم بڕیارەی پاریس هەراسانی بكات، بەڵكو پێویستە، وەكو رەهەندی نوێی چارەسەری كۆی كێشكان، سەیری بكات. لەپێش هەمویاندا، چارەسەری چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەستور و مادەی 140و قەرەبووی تاوانەكان.
لەم تەنگژەیەدا، نابێ هەرێم، بوار بداتە هەندێك هێزو كاربەدەستی عێراق، پرسی نەوتو بڕیاری پاریس، بە دابڕاوی لە پرسو داخوازییەكانی دیكەی رەوای هەرێم، مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.
ئەگەر عێراق، بەهۆی تەنگوچەڵەمە ئابوریەكانی هەرێمەوە، بتوانێ، كەیسی نەوت بە دابڕاوی لە باقی كێشەكانی هەرێمو، بەغدادو، مافەرەواكانو مافە دەستوریەكان، بسەپێنێ، هەرێم زیانی ئابوریو سیاسیو حوكمڕانیش دەكات. لەبەرامبەریشدا، ئەگەر هەرێم بتوانێ، كەیسی نەوت، هاوشانی باقی كێشەكانی هەرێمو بەغداد، بە یەك پاكێج، دانوستانیان لەسەر بكات، بەدڵنیاییەوە، هەم كەیسی نەوتو گاز، هەم كێشەی موچەو بودجە.. ئینجا باقی مافەكانو كێشەی مادەكانی دەستوریش، دەتوانرێ پێكەوە رێكەوتنیان لەسەر بكرێ.
ئەوانە، جگە لەوەی، تكایە هەلە، كێشەی قەرەبووكردنەوەی راگواستنی فەیلیەكانی 1972؛ راگواستنی دێهات 1978؛ كیمبارانكردنیكوردستان 1988؛ ئەنفالەكان 1988-1989..تاد. تەواوی ئەو داخوازیانە، زۆر زۆر پێویستە، بخرێنە ناو چوارچێوەی پرۆژەیەكی نوێی دانوستانەوە، لەتەك حكومەتی عێراقدا. حكومەتی عێراق (100) ساڵە دامەزراوەو غەدری شۆڤێنی لە كورد دەكات. كوردیش دەتوانێ بۆ(100) ساڵی ئایندە بەغداد بخاتە ژێر قەرزی قەرەبووكردنەوە!!
وەكو تر.. سەبارەت بە فیتباكی بێباكی هەندێك پەرلەمانتارو لایەنی سیاسیو نوسەر، لەدوای بڕیارەكەی پاریس، بەندە، لەناخەوە پێمناخۆشە ئەو فیتباكانە لەناو نەتەوەكەم لەم كاتی تەنگژەیەدا دەبیستم. بەڵام حكومەتی هەرێم، بە یەكێتیو پارتیەوە، (كەمێكیش گۆڕان) دەبێ لەگەڵ ئەم فیتباكەش، بەئارامی هەڵسوكەوت بكەن. چونكە بەشێكی زۆری ئەو فیتباكە.. حكومەتەكانی هەرێم (نەك تەنها كابینەی نۆیەم) ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن.
ئەو هەموو هەڵەیەی لە (31) ساڵی رابوردودا كراوونو دیاردەی گەندەڵی كە كوردستانی خستۆتە دۆخێكی پڕاوپڕ لە ناڕەزایی.. ئەو سەدانچەتە چاوچنۆكانەی لەسایەی حكومەتەكانی كوردستاندا، هەڵتۆقیوون؛ ناكرێ، چاوەڕوان بكرێ، بەشێكی نوسەرانو پەرلەمانتارو لایەنەبەرهەڵستكارەكان، لەسەر ئەو دیاردە قێزەونانە، دەستخۆشی لە حكومەتو لایەنەكانی دەسەڵات بكەن. بۆیە، وەكو بڕیارەكانی پاریس هەلە،هەرێم بە پرۆژەیەكی نوێ چەشن دانوستان لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات.. هەلیشە حكومەتو لایەنەكانی دەسەڵاتیش، هەڵەكانو گەندەڵیەكانوبێمنەتی لە سیاسەتدا، كۆتایی پێبهێننو بزانن، كە مانەوەی كوردستان، لە دۆخێكی ئاوهای نەخوازراودا.. نەك تەنها بڕیاری پاریس دەتوانێ زیانی پێ بگەیەنێ، بەڵكو روداوی چاوەڕواننەكراویش، بەدوور نازانین، لەناو خودی كوردستانیشدا، رووبدات. بەتایبەتی دەمێكەباسی ئەوەش دەكەین، ناوچەكەو هەرێمو جیهانیش، ئاڵوگۆڕیان تیا رودەداتو بەشی زۆری ئاڵوگۆڕەكەش، لە بەرژەوەندی كوردستان نابن.
دەمێنێتەوە بڵێم:
ئەوەی جێی داخە، بڕیارەكانی دادگای پاریس، لەكاتێكدا دراوون، كە هێزە كوردستانیەكان، لێكترازاوون؛ ئەوەی سەیرەو سەمەرەشە.. لایەنە كوردستانیەكان وا بزانن، ئەم بڕیارانەی پاریس، تەنها لایەنێك، یان دوو لایەن، جەزرەبەیان بەردەكەوێ. ئەم خوێندنەوەیە ساكار و سەرپێییە. گورزی دادگای پاریس بەر كۆی ئەزمونی هەرێم دەكەوێ. دوای ئەوە، لێكەوتەی زیانەكە، دابەش دەبێتە سەر ئەمو ئەو لایەن. كە بێگومان، وەكو پێشینان فەرمویانە؛ گورگ بەپێی خۆیو مەڕ بەپێی خۆی هەڵدەواسرێ.
بەڵام.. ئەگەر بێتو ئەقڵیەتێكی شۆڤێنی-تایفەگەری، لە بەغداد، بیەوێ دادگای پاریس، بۆ كۆنە قین بقۆزێتەوەو عێراق بەرەو سیستەمێكیمەركەزی بگێڕێتەوە، ئەگەر ئەقڵیەتی سیاسی ئاوا، لەم دۆخەدا لە بەغداد باڵادەست بێ، بێگومان دەتوانن پەرتەوازەیی هێزە كوردستانیەكان قوڵتر بكەنو لەكوردستاندا، بیقەومێنن. بۆیە، لەم دۆخەدا دەبێ دژی هەموو پیلانێكو هەموو ئەگەرێك، وریا بین. یەكڕیزی ماڵی كوردیشدەستەبەرەو بەس!!
دەشمەوێ بۆ مێژوو بیری بخەمەوە كە:
هەر لەسەرەتاوە، كە وەزیری نەوتی سەردەمی گرێبەست لەگەڵ توركیاو فرۆشتنی نەوتی كوردستانەوە، بەندە لە كۆبونەوەی حیزبە كوردستانیەكاندا، لەبەرامبەر پرۆژەكەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا، نیگەرانیم دەربڕیووە.