دیوەکەی تری هێرشی فڕۆکەخانەی سلێمانی

08-04-2023 05:44

نووسینی: هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا و کوردستان، بۆ یەکەمجار ئەردۆغان و پارتیی و یەکێتیی، لە هەوڵێکدا بۆ لادانی سەرنج لە شکستهێنانیان لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کەمی خزمەتگوزاریی و خراپی دۆخی ئابووریی و شکستی ئیداری و حوکمڕانییەوە، هەوڵدەدەن کێشەی سەربازی و نیشتمانی دروست بکەن. ئەردۆغان لە تورکیا و پارتیی و یەکێتیی لەهەرێمی کورستان، هەرسێ لایەن دەیانەوێت بەدرووستکردنی تەسعیدی سەربازیی و تێکدانی ئاسایشی وڵات، هەروەها بە درووستکردنی کێشەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. تا شکستە سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆیان دابپۆشن.

ڕوونە ئەو مێزەی ئەم سێ لایەنەی کۆکردۆتەوە مێزی هەڵبژاردنە. ترسەکەش ترسە لە دۆڕانێکی حەتمی و مسۆگەر. هەر سێ لایەنەکە لەبەردەم تۆفانی کەوتندان و ئەو ئاشووبەی درووستیشیان کردووە وەک ئەو چڵەپووشە وایە کە کەسێک لەدواساتەکانی خنکانیدا دەستی بۆ دەبات و بەڵام فریای ناکەوێت. ئەم فێڵە سیاسییە بۆ دروستکردنی قەیران هەرکاتێک دەسەڵاتداران شکستیان هێنا لە خزمەتی گەلدا، تاکتیکێکە کە سەدان ساڵە بەکارهاتووە.

بۆیەکەمجارە هەرێمی کوردستان زۆر لە تورکیا دەچێت. ئەگەرچی لە هەرێم لەڕووی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی دۆخی ئابووریی و شکستی ئیداریی و حوکمڕانیی زیاتر لەدواوەیە بە بەراورد بەتورکیا. بەڵام ئەردۆغان لەگەڵ پارتی و یەکێتیی، هەرسێکیان لەوەدا کۆکن شکستەکانی خۆیان بەم ئاشووب و تەسعیدە سەربازییانە لە بیر خەڵک بەرنەوە و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا و هەرێم هەرسێ لایەنی هاوهەڵوێستکردووە بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک بۆ سەر ئەوەی گوایە ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ یەکتردا. لەکاتێکدا و لەڕاستیدا وانییە. واتا پارتی و یەکێتی وا خۆیان نیشان بدەن کە ناکۆکن بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان و سەرقاڵکردنی لایەنگرانیان لە شەڕی ڕاگەیاندن. ئەوان هیوادارن هەڵبژاردن دوابخەن و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدەن کە پەیوەندییەکی باشیان نییە. لەکاتێکدا پەیوەندییەکانیان زۆرباشترە لەجاران. ئەردۆغانیش لە مانگی حوزەیراندا ڕووبەڕووی هەڵبژاردن دەبێتەوە و ڕەنگە ئەم تاکتیکەش بەکاربهێنێت.

ئەم تاکتیکەی کە لەماوەکانی ڕابردوو دەگوزەرێت کە دواهەمینیان سیناریۆکەی فڕۆکەخانەی سلێمانیی بوو. سەرەتا لە میدیاکانی «ئەردۆغان»، «پارتیی و یەکێتیی» واباس دەکرا تەقینەوە بووە. دواتر وتیان نا درۆن هێرشیکردووە. دواتر بەپەلە هەموویان کەوتنە وەڵامدانەوەی یەکتر لەماوەی کورتخایەندا. وەک بڵێی هەموو وەڵامەکان پێشتر نووسراو و ئامادەکراو بووبن. زۆرێکیش باس لە بۆردومانی فڕۆکەخانەی سلێمانیی دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ قوربانیەک هەبێت! یاخود بەبێ ئەوەی هیچ فڕۆکەیەک پێوە بوبێت. هەروەها بەبێ ئەوەی هیچ رۆژنامەنووس و کەسێک شوێنی روداوەکەی بینیبێت تا بزانێت ئاخۆ دروستکراوی ناوخۆیە یان روداوی راستەقینەیە؟!

هەر زووش مەزڵوم عەبدی ناسراو بە مەزلوم کوبانی کە ناوی دەهێنرا گوایە رووداوەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە. ڕوونکردنەوەیاندا و هەسەدە رایگەیاند کە هەموو ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و ناوبراو لە سلێمانی نەبووە.

پرسیارە جدیەکە ئەوەیە ئەی بۆ ئەم بابەتە زەقکرایەوە؟

بۆ هەرزوو پارتیی و یەکێتیی کەوتنە وەڵامدانەوەی یەکتر؟!

وەڵامەکەی لای ئێمە و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش ئاشکرایە، هەردوولامان پێمانوایە کە ئەوانە کێشەی دروستکراون تا حیزبە فەرمانرەواکان شکستی خۆیان بشارنەوە. بە تایبەت کە ئەردۆگان مانگی پێنج لەبەردەم هەڵبژاردندایە و پارتی و یەکێتیش مانگی ١١ لەبەردەم هەڵبژاردندان.

بەپێی بۆچونی ئێمە پارتیی و یەکێتیی پێکەوە رێکەوتوون و بڕیاریانداوە کە درێژەبدەن بە گوتاری ناکۆکییان و وانیشان بدەن کە ناکۆکن، ئەمیش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەمیان بە هیوای دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و تێگەیاندنی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیی کە نێوانیان باش نییە.

دووەم بۆ ئەوەیە لەئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردندا لە ژێر فشاری نێو دەوڵەتی، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەم جۆرە وتارە شکستی حوکمڕانییان بشارنەوە لە هاوڵاتییان و لایەنگرانی خۆیان بەم شەڕە میدیاییە سەرقاڵ بکەن.

ئەم هەنگاوەی ئەردۆگان و پارتی و یەکێتی، هەنگاوێکە سەدان ساڵە لە سیاسەتدا بەکار دێت، ئەویش ئەوەیە هەر کات فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی وڵات شکستیان هێنا لەخزمەتکردنی خەڵکدا، ئەوە پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی قەیرانیتر بۆ لە بیربردنەوەی قەیرانە راستەقینەکانی هاوڵاتییان.