دامەزراندن لە ھێزە حیزبییەکان و پڕۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە

14-04-2023 12:11

 

نووسینی: ئیسلام چالی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چەندین یەکە و دامەزراوەیەک پێکدێت، لەوانە:

- وەزارەتی پێشمەرگە

- یەکەی 70

- یەکەی 80

- زێرەڤانی

- بەرگری فریاکەوتن

- ھێزەکانی پشتیوانی یەک

- ھێزەکانی پشتیوانی دوو

- دژە تیرۆری پارتی

- دژە تیرۆری یەکێتی

- لیوا تایبەتەکانی پارتی

- لیوا تایبەتەکانی یەکێتی

- ھێزی سۆسیالیست

- پێشمەرگەی ڕۆژ

لە وەتەی پێکھێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێکخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەرەو زیاد بوون دەڕوات تا ئێشتا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەکی زۆر گەورەی بۆ سەر بودجەی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە و سروشتێکی سەربازی و ئەمنی بەسەر کۆمەڵگای کوردستان بەخشیوە.

ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەتی دوای یەکگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2010، بانگەشەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەکە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوە دەچێت، ڕێگرییەکی زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەر و پێشمەرگە و خەلکی کوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نێگەرانن.

بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حشدی شعبی، بەش بەش کراوە بەسەر چەندین گروپ و لایەن و کەسایەتی. دەبێ دان بەو راستییە بنێین که ھیچ ھێزێک، بە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەدا، تەنانەت هێزەکانی پارتی و یەکێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەک چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەکێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبیەکانی خۆیاندا.

دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، پارتی و یەکێتی کەوتنە کێبرکێ بۆ ڕازیکردنی خەلک لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەند و ڕاگەیاندکار و بەناو نوسەر و رۆشنبیر و شێخ و ئاغا و کور و کچ و کەسوکاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حکومەت دەرچوو، ئەوەش وایکرد نەیانتوانی سوپایەکی رێک و پێک و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بکەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا.

سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ کوردستان، پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەڵکی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و پرۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەکی نادیار.

ئامانجی پارتی و یەکێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ کات بە گوێرەی پێویست و ئامانجێکی نیشتیمانی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕکێیەی پارتی و یەکێتی بۆ زیادکردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەکەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە کاتێکدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەرێوەبەرایەتییەکە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاکەکان و خۆبەخشەکان) کە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی.

لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەکان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چیە؟

ژمارەی پلەباڵاکانی ھێزەکانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەکانە. بۆڵ برێمەر لە کتێبەکەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریکا 500 - 800 پلەی سەربازی لە نێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان پلەی عمید و لیوا و فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریکا. قوباد تاڵەبانیش لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە کرد و گۆتی: پلەی عمید و لیوا لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە چین و ئەمریکا.

ھێزەکانی پێشمەرگە کەمترین موچەی ھێزە سەربازییەکانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حشدی شعبی بکەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی کوردستان بکەن، پارتی و یەکێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێک شاندێکیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە.

ژمارەی ھێزەکانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایکردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەتوانێت کارەکانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە ‏لە 7/1/2021، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ھێزێکی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەکە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێک پێشکێش کرد و گۆتی، "دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و یەکڕیزی و یەکێتیی هەرێمی کوردستان، لێرەوە وەکو داخوازییەکی خەڵکی کوردستان، وەکو پێویستییەکی نیشتمانی، وەکو ئەرکی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن."

بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە بەردەوامە.

ھێزەکانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشکەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخولێینەوە. یەکێک لەو هێزانە کە بەردەوام لە هەوڵی پێشکەوتندایە، "ھێزی حشدی شعبی"یە، کە دوای ماوەیەکی کەم لە دروست بوونیان، توانییان چەندین جۆری چەک بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن که دیارترینیان فرۆکەی بێ فرۆکەوان و گولەھاوەن و موشەکی مامناوەند و دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوکاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەکێکی کلاشینکۆف دروست بکەین یاخود بچوکترین کەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە کاتێکدا کەسانی شارەزا و دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاکانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێ خراون و سود لە بەھرەکانیان وەرناگیرێت، چونکە فەرماندە باڵاکانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەکانی شەستدا دەسوڕێنەوه و تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیە و ئایندەی خاکەکەمان بەرەو چ مەترسییەک هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەکیان دەکڕی بۆ ھێزەکانی خۆیان تا ئێستا پارەی ھەندێک لەو چەک فرۆشانە نەدراوە.

هەموومان به باشی دەزانین که چواردەوری کوردستان به دوژمن تەنراوه، چەندین گروپی جۆراوجۆر دروست بوون که لە پاشەرۆژێکی نزیکدا دەبنە مەترسی بۆسەر ھەرێمی کوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێی ھاوکاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێک دێت ھاوکارییەکان کۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە کۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێکی رێک و پێک و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەکان بکەین بەڵکو دەبێت بیر بکەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەکی یەکگرتوو لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاکەکەمان بکەین.

لە کۆتاییدا، ئەگەر چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوکار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریکا و ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و بە میلیشیا قەڵەمیان دەدات.