بودجەی عێراق هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە

27-05-2023 01:56
دەنگدان بە ماددکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان.

نووسینی: د.كامەران مەنتك

ئەگەر خەنجەرت لە بەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵكیش پیاوە! (رەسول هەمزەتۆڤ)

ئەو بەخ و لەخۆباییبوون و لووتبەرزییەی پارتی، ئەو تاكڕەوی و بێمنەتیەی بەرامبەر هێزو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هەیەتی، كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەكانی تر بكاتەوە و هەوڵبدات كەشێكی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتەبەرهەم، رۆژ بە رۆژ زیاتر رقوكینە لەناو كۆمەڵگەی كوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەكوڵێت و خەڵك ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بكات، تەنیا لەدەست ئەو لووتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەكێتی رزگاری ببێت، دیارە یەكێتیش لەپارتی كەمتری نەكردووە، بەڵام لە ئێستادا یەكێتی وەك ئەسپێكی بریندارو زوڕهانێكە لەسەرەمەرگدایەو پەل دەهاوێژێت، بۆیە لەكایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەكردن و دەست بردن بۆ هێڵە نیشتمانیە سوورەكان، ناتوانێت هەڵوێستێكی تری هەبێت، هەموو رەفتارەكانی یەكێتی لەقۆناغی ئێستادا پەرچەكردارە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەكێتی رەخنە لەپارتی بگیرێت، كە كوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە.

لەو ماوەیەدا خەڵكی كوردستان  بەداخەوە ئومێدێكی  تراویلكە ئاسایی بە پرۆژەی بودجەی عێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو رێكەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا(لەنووسینیكدا بە ملكەچ بوون نامە پێناسەم كرد) دەتوانێت دەروویەكی خێری لێبكاتەوە وهەناسەیەك بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بێنێتەوە، كەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقەوە لەو مادانە كراوە، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و قەیرانەكە گەورەتر دەكات، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد بەیەكجاری لەیەكتر دەكاتەوە و دەیكاتە دوو هەرێمی جیاواز، ئەو گۆڕانكارییە بەشێوەیەك لە شێوەكان زیندووكردنەوەی هەمان ئەو رێكەوتنەیە، كە تاڵەبانی لە ساڵی 2003 لەگەڵ ئەمریكیەكان ئیمزای كرد، مەبەستم  ئیمزاكردنی فیدراڵی پارێزگاكانە.

دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی و پارێزگای رازی داهێنانێكی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتكردنەی هەرێم، هاوكات مەسەلەی دانەوەی 10% مانگانە، لە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەكی ترسناكە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەو هەوڵێكە بۆ سڕكردنی خەڵكی كوردستان، كە هەموو یارییە قێزەونەكان لەلایەن هەولێرو بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵكی كوردستان دەگوزەرێت.

لە راستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەدامودەزگاكانی هەرێم و هێزەكان و خەڵكی كوردستانی دەكات، ئەوەی لێدەكەوێتەوە و هەر ئەو هەلوێستەی لێچاوەڕوان دەكرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لە پەرلەمان روویدا ئەو یارییە دزێو و مناڵانەی لە پەرلەمان كردیان، بەرهەمەكەی واژووی یەكێتی بوو لەسەر ئەو بودجەیەی كە هەوڵێكی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، كورد دەڵێت، ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بكەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەكێتیش لە رقی پارتی خۆی هەلدەدێرێنێت و هەموو كوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانكاری دەكات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە ناشارستانیە سیاسیەی هەرێم رابگیرێت وبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!.

بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بكرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا كراوە،(دیارە ئەگەر نەكرێت كارەساتەكە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی كورد لە جیاتی بایكۆت و پشتتێكردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ دروست بكەن و لە دەرەوەی ئەو هێزانە كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پێم وانییە، یەكێتی و پارتی دیسان بەهەڕەشەی بەكارهێنانی هێز هاوسەنگی كۆن رابگرن، چونكە كۆمەڵێك هێز لە دەرەوە وەستاون و چاوەروانی كارێكی لەو شێوەیە دەكەن، بۆئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، كە رەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش پێشوازییان بكات، وەك پەرچە كردارێك بۆ حوكمی سەقەتی سی سالەی ئەو دوو حیزبە و لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوێنە هەستیارەكانی هەرێم بخەنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە رەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بدات، پارتی وەك گەڕاندنەوەی رێز، دەستبەرداری هەندێك شت بێت بۆ یەكێتی و رازی بكات، بەلایەنی كەم لەمەسەلەی دانیشتنەكەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەرچەندە پەرلەمانی عێراق، بەوپێكهاتە سیاسی وئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەر ناكەم دەرفەتێكی وا لەدەست بدات، كە بەوردی كاری بۆ كردووە، بەڵام لەهەموو دۆخەكانداهەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەست دایە، كەسی خنكاو ئومێد لەسەر چڵەپووشێكیش دەچنێت!.