نووسینی: شوان محهمهد
وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم کە بە درێژایی تەمەنی خۆی وەک نەیتوانیووە ببێتە وەزارەتێک بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی کەلتوری هاوچەرخ و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، بە دەرکردنی رێنومایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە کاری میدیای لە هەرێم کوردستان، بە تەواوی ئەرکی ئەم وەزارەتە گۆڕدرا بە وەزارەتێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا رێنومای ژمارە ١ی وەزارەتی رۆشنبیری بڵاوکرایەوە کە زیاتر بۆ رێکخستنی فریکۆنسی کەناڵەکان بووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە پێش ئەم وەزیری رۆشنبیریەی ئێستاش، رەشنووسێکی نوێی رێنومایی ئامادە کراوە، بەڵام لەبەر هەر هۆیەک بووبێت وەزیرەکانی پێشوو رێگایان بەخۆیان نەداوە بڕیاری لەسەر بدەن و لە وەقائیعی کوردستانیدا بڵاویبکەنەوەو کاری پێبکەن، رەنگە لەبەر قورسی ئەم هەنگاوەو کاریگەرییەکانی و مەترسی رووبەڕووبوونەوەی رەخنەو نا ڕەزایەتییەکی فراوان میدیاکاران و رۆشنبیران بێت، بەڵام لەسەردەمی ئەم وەزیرەدا لەگەڵ زیادکردنی چەندان لەمپەری تر لە بەردەم ئازادی میدیا و ئازادی بیروڕادا بۆ رێنوماییە کۆنەکە، رۆژی ٢٣ ی ئایاری ٢٠٢٣ لە وەقائیعی کوردستاندا بڵاوکرایەوە.
بەپێی هەموو پێوەرێکی یاسایی و وەک نەرێتیکیش کاتێک کە رێنومایی بۆ یاسایەک دەردەچێت دەبێت ئەو رێنوماییانە لەبەر رۆشنایی یاساکە دەربچێت و رەنگدانەوەی پێودانگە گشتییەکانی یاساکە بێت و، هەرگیز نابێت بە پێچەوانەی یاساکەوە دەربچێت، کەچی ئەم رێنوماییە نوێیەی وەزارەتی رۆشنبیری، راستورێک پێچەوانەی ناوەرۆکی یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کاری رۆژنامەوانییە لە کوردستاندا.
هەرچەندە رێنومای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ ی وەزارەتی رۆشنبیری، ئەویش رێنوماییەکی " میسالی نییە" و پاشەکشەیە لە یاسایی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ کاری رۆژنامەگەری لە کوردستاندا، بەڵام بەلایەنی کەمەوە لە رێنوماییە نوێیەی ئەمساڵی وەزارەتی رۆشنبیری گەلێ باشترە. رێنومایی ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی مادەکانی ٦ مادەیە، بەڵام رێنومایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی مادەکانی ١٧ مادەیە.
رێنوماییەکەی ئەمساڵ ٢٠٢٣ ی وەزارەتی رۆشنبیری لەو بڕگەیەدا کە پەیوەندی بە " لایەنی کوالێتی و ناوەرۆکی راگەیاندنەوە" هەیە کە سنوردانان و کۆت و بەندکردنی ئازادی کاری میدیایە ٢٢ خاڵ و مەرجە، لە کاتێکدا رێنوماییەکەی ساڵی ٢٠١٤ تەنها ١٠ خاڵە.
هەر لە خۆڕا نەهاتووە کاتێک جەختدەکرێتەوە کە رێنوماییەکانی ٢٠٢٣ی وەزارەتی رۆشنبیری پووچەڵکردنەوەی یاسایی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ ی کاری رۆژنامەوانی پەرلەمانی کوردستانە، بگرە چەندان بڕگەی تێدایە کە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردن و دەستنیشانکردنی ئەو دیدە دژە ئازادی و دیموکراسیەی هەیە کە خزاندوویانەتە زۆر مادە و بڕگەکانی رێنوماییەکەوە، بەڵام رەنگە لە وتارێکی کورتدا جێگای هەموو ئەمانە نەبێتەوە.
بۆ نموونە لە یاسای ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧دا هاتووە" رۆژنامە قەدەغە ناکرێ و دەستی بەسەردا ناگیرێت"، بەڵام لە رێنومای وەزارەتی رۆشنبیریدا، وەزارەت ماف بەخۆی دەدات هەر لە راگرتنی کاتییەوەو لە کاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچی، مافی درێژکردنەوەی راگرتنیش دەدات بەخۆی تا دەگات بە " لیستی رەش"، واتە وەزارەت رێگا بەخۆی دەدات میدیاکان کە لەهەر روویەکەوە، تەکنیکی بێت، یان لەرووی ناوەرۆکەوە گەر سەرپێچی بکەن، لیستی " رەشیان " بۆ بکاتەوەو ئەنجومەنی وەزیرانیش گشتاندن بۆ هەموو وەزارەتەکان بکات، تا وەکو هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کەناڵەدا نەکات بۆ ماوەی یەک ساڵ. ئەمە چ عەقڵیەتێکە کە وەزارەتێکی وەک رۆشنبیری هێشتا بڕوای بە لسیتی رەشبێت بۆ پۆلێکردنی میدیاکان.
لە بڕگەیەکی دی یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ دا هاتووە" رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییەو ئازادی رادەربڕین و بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبتەییەکانی تاکەکان و ژیانیان بەپێی یاساو پابەندبوون بە ئێتێکی رۆژنامەگەرییەوە". ئەوە لە کاتێکدا کە رێنومایەکەی وەزارەتی رۆشنبیری چەندان سانسۆر و مۆنیتەرینگی لەسەر میدیا داناوە، لەوانە وەزارەتی رۆشنبیری، لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەت، دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ( کە تەنها لەم کابینەیەدا ئەم فەرمانگەیە دروستکراوەو لێوان لێویشە لە کادیرانی راگەیاندنکاری حزبی دەسەڵاتدار)، هەر بۆ شۆخی: ئەی برادەرانی وەزارەتی بە تایبەتی یەکێتییەکان باشتر نەدەبوو لەو مۆنیتەرنینەدا راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتیشتان بخستایەتە لیستی مۆنیتەرینەوە، هەر هیچ نەبوایە دڵتان بە حزبەکەی خۆشتان بسووتایە و شوێنپێیەکتان بۆ حزبەکەتان بکردایەتەوەو مۆنیتەرینیشتان بکردایە بە نیو بە نیووەکەی پێشوو( فیفتی – فیفتی) .
لە یاسای کاری رۆژنامەگەری ٣٥ دا مۆڵەت زۆر ئاسانکراوەو تەنها سەندیکای رۆژنامەگەری لێ ئاگادار دەکەیتەوە، بەڵام هەرچی لە رێنوماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریدایە، دەبێت میدیای بنینراو بیستراو، داوایەک پێشکەش وەزارەتی رۆشبیری دەکات، وەزارەت دەتوانێت پەسەندی بکات، یان رەتیبکاتەوە. گەر وەزارەت پەسەندی کرد دەبێت، وەزارەتی ناوخۆش لاری لەسەر نەبێت، هەروەها دەبێت دەستەی پاراستنی ژینگەش رەزامەندی لەسەر بدەن.
ئەو تابۆیانەی رێنوماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری کردوونی بە مەرج کە نابێت میدیاکان و میدیاکاران کاری لەسەر بکەن، لە ئەگەرێکدا کە دەست بۆ ئەم بابەتانە بەرن رووبەڕووی سزا دەبنەوە، هەموو ئەم دەستەواژانەش لاستیکین و کەمیان هەیە کە راڤەی یاساییان بۆ کرابێت، بابەتەکانیش:" هەر بابەتێک هاندانی تێدابێت بۆ دووبەرەکینانەوە لە نێوان توێژەکان..بڵاونەکردنەوەی بابەت و وێنە کە هانی کرداری توندوتیژی و تیرۆر و تاوانکاری بدات.. یان سوکایەتی بە کەس و ئاین و ئاینزاو مەزهەب و سومبلی نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێت.. بڵاونەکردنەوەی ئەو بابەتانەی دەبنە هۆکاری تێکدانی کولتور داب و نەرێت و ئادابی گشتی.. بڵاونەکردنەوەی دانیشتنەکانی دادگاو کۆبوونەوە داخراوەکانی پەرلەمان.. بڵاونەکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە کەسێک لەکەدار دەکات، یان نهێنی ژیانی کەسێک ئاشکرا دەکات..هەر بابەتێک ناوزڕاندنی سیمبولی نیشتمان لێبکەوێتەوە بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.. هتد".
بەرامبەر ئەم هەموو چەمکە ( لاستیکیانە ) کە لەسەرەوە ئاماژە بۆ ژمارەیەکیان کراوە، یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ ی کاری رۆژنامەگەری لە بڕگەی ( حەسانە ) دا هاتووە" نووسین و بڵاوکردنەوە لەسەر کارەکانی فەرمانبەر یان کەسێکی راسپێردراو بۆ خزمەتگوزاری گشتی یان، سیفەتی نوێنەرایەتی گشتی هەبێ تاوان نییە، ئەگەر هاتو بڵاوکردنەوەکە لە چوارچێوەی ئەرکی فەرمانبەری و خزمەتی گشتی و نوێنەرایەتی دەرنەچێ بەو مەرجەی بەڵگەی سەلمێنەری دانە پاڵییان لەسەر هەبێ".
رێنوماییەکەی وەزارەتی رۆشنبیری لە ١٥ خاڵدا سنور بۆ رۆژنامەنووسان دادەنێت و، گەر بابەت لەو بوارانەدا بڵاوبکەنەوە دەچێتە خانەی " تاوانەوە "، بەڵام یاسای رۆژنامەگەری ٢٠٠٧ نەک زۆرێک لەو خاڵانەی تێدا نییە، هاوکات رێگا بە رۆژنامەنووسانیش دەدات کاری رۆژنامەوانی لەسەر هەموو ئەو کەسانە بکات کە راسپێردراوە بە کارو خزمەتگوزاریی گشتی.
وەزارەتی رۆشنبیری تەنها بەوە نەوەستاوە کە خۆی ئەم رێنوماییە ١٧ مادەیەی بڵاوکردۆتەوە، بەڵکو لە بڕگەیەکدا لە بەشی ( کوالێتی و ناوەرۆکی راگەیاندن ) دەڵێت " دەبێت میدیاکان پابەندبن بەو پێوەرانەی کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریەوە دەردەچێت ئەویش لە دوای بڵاوکردنەوەی لە وەقائیعی کوردستاندا"، واتە دەبێت میدیاکاران پێشبینی ژمارەیەک رێنومایی مەترسیدارتر بکەن لەمانەی وەزارەتی رۆشنبیری کە لە ئایندەدا لەلایەن فەرمانگای میدیا و زانیاریەوە دەردەچێت..!!.
لە دوا مادەی رێنوماییەکەو دوا بڕگەیدا وەزارەتی رۆشنبیری کە لەسەرەتا رێنوماییەکەدا تەنها باسی میدیای بینراو بیستراو دەکات، ئەمجارە بازدەدات بۆ تۆڕە کۆمەڵایتییەکان و ئەوانیش دەخاتە ئەو چوارچێوەیەی ئەم رێنوماییانە دەیانگرێتەوەو دەڵێت " پێوییستە میدیای بیستراو بینراو و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وەک سۆشیال میدیا و کۆمپانیاکانی ریکلام لەماوەی ( ٣ ) مانگ خۆیان لەگەڵ حوکمەکانی ئەم رێنماییە بگونجێنن". واتە دەبێت دەزگاکانی میدیا و بەرکاهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کوردستاندا زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بەکاری دەهێنن لەبەردەم وەزارەتی رۆشنبیریدا سەرەبگرن و خۆیان لەگەڵ حوکمەکانی رێنوماییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریدا بگونجێنن.
بە درێژایی ٣٢ ساڵ لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان زۆر دەزگا و وەزارەت و بواری کاری حکومی ساڵ بەساڵ کوالێتی زیاتر دادەبەزێت، دیارە وەزارەتی رۆشنبیریش یەکێکە لەو وەزارەتانەی زۆر کوالێتی دابەزیووە، خۆزگەمان بە سەردەمی شێرکۆ بێکەس و فەلەکەدین کاکەیی.