لێکەوتەکانی دوو هەژمارە بانکییەکەی نێو ماددەی ١٣ی بودجەی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان

21-06-2023 03:00

نووسینی: ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

هەژماری بانکی لە ئەسڵی پڕۆژەیاسای بودجەی حکومەت چۆن بوو؟

لە پڕۆژەیاسای بودجە کە لە حکومەتەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا و زادەی رێککەوتنی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بوو، تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبوو، ئەویش بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانی تێدا ئیداع دەکرا و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانیش، بە رێگەی (مقاصة) پاکتاوی داهاتی نەوت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکرا. هەر زووش بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراویان ژمارە 3004 لە 27-4-2023 رازی بوون کە تەنیا یەک هەژماری بانکی هەبێت و بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

ئەنجوومەنی نوێنەران چۆن ماددەی 13ـی گۆڕی و چی لەو هەژمارە بانکیەی هەرێمی کوردستان کرد؟

ئەنجوومەنی نوێنەران سەرلەبەری پڕۆژەکەی حکومەتی گۆڕی و بەگوێرەی مادەی 13 لە یاسای بودجەی عێراق کە ئێستا لە سەرۆکایەتیی کۆمارە، دوو هەژماری بانکی دەکرێنەوە لە جیاتی یەک دانە و بەمشێوەیەی خوارەوە دەنگی لەسەر درا:

هەژماری بانکیی یەکەم لە مادەی 13ـی پەسندکراو، حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە چ بە هەناردەکردنی بێت یان ساخکردنەوەی لە بازاڕی نێوخۆیی، ئەگەر هەناردەنەکرا.

ئەم هەژمارەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی نێوخۆیی عێراقی لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە بۆ ئیداعکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و نابێت هیچ بڕە پارەیەکی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت، لە بەرامبەردا سەرجەم هەژمارەکانی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەخرێن لەناویشیاندا هەژماری (Citibank) کە تاوەکو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو بانکە نێودەوڵەتییە گلدەدرایەوە.

ئەو هەژمارە بانکییەی مادەی 13ی یاسای بودجە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و تەنیا وەزارەتی دارایی عێراقیش دەسەڵاتی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە دەبێت، هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر ئەو هەژمارە بانکییە نییە و داهاتی نەوتی دانراوی نێویشی دەبێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق و هیچ بڕە پارەیەکیشی لێ داناشکێندرێت.

داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا چەندە؟

داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان (بەبێ داشکاندنی خەرجییەکان) ئەگەر بەرمیلی بە 70$ بفرۆشرێ ئەوا مانگانە داهاتەکەی مەزەندە دەکرێت بە بڕی (840 ملیۆن دۆلار) کە بە دیناریش دەکاتە (یەک تریلیۆن و 92 ملیار دینار)، بۆ ساڵێکیش داهاتەکە دەکاتە (10 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار) و بە دیناریش دەکاتە (13 تریلیۆن و 104 ملیار دینار) لە ساڵێکدا. بەدیوێکی دیکەدا هەرێمی کوردستان بە نەوتەکەی بەشداری لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق دەکات بە زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار لە ساڵی 2023.

کێ بەرپرسە لە خەرجی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و کرێی گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە:

ئەگەر مادەی 13 رێگە نەدات هیچ خەرجییەک لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت؟ ئایا پارەی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و هەناردەکردن و گواستنەوە لە کوێ دەدرێت و کێ بەرپرسیارە لە پێدانیان؟

لە مادەی 13دا هاتووە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەرپرسە لە خەرجکردنی هەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێو خشتەی خەرجیی سیادیی بودجەی عێراق بڕی (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ی بۆ تەرخان کردووە و لەم بڕە پارەیەش بڕی (یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینار)ی کرێی گواستنەوەیە و خراوەتە سەر بەشەکەی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرەش لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دادەشکێت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە(16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار)ەوە دادەبەزێت بۆ (15 تریلیۆن و 200 ملیار دینار).

لەسەر چ بنەمایەک پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت؟

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە تەنانەت ئەم پارەیەش کە تەرخانکراوە لەناو خەرجیی سیادی کۆتوبەندیی بۆ دانراوە کە دەبێت لەسەر بنەمای نرخی تێچووی بەرمیلێک نەوتی عێراق خەرج بکرێت نەک بە گوێرەی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان، کە دیسان ئەم دەستەواژەیە هیچ نرخێک بۆ ئەو (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ە ناهێڵێتەوە، چونکە جیاوازیی گەورە هەیە لە میکانیزمی ئەژمارکردنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و جۆری گرێبەستە نەوتییەکان.

ئەوەی تەنیا خاڵی ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی گەنجینەی عێراقە ئەوەیە کە سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان بە هەمان رێکار و نرخی سۆمۆ بۆ نەوتی کەرکووک دەفرۆشێت، کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 8-10 دۆلار زیاترە لە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەپێش 25-03-2023 کە ئەمەش هیچ لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێ، چونکە پابەندیی هەرێم بە ژمارەی بەرمیلی نەوتە کە بە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە دیاریکراوە نەک نرخەکەی.

کورتهێنان لە تەرخانکراویی خەرجی هەقدەستی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

کێشە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ خەرجییەکانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانکردووە، بەم شێوەیەش کورتهێنانێک بە بڕی (دوو تریلیۆن و 800 ملیار دینار) بۆ دابینکردنی خەرجیی تێچووی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکە دروستدەبێت کە هیچ تەرخانکراوێکی بۆ نەکراوە لەناو بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت پڕی بکاتەوە، چونکە داهاتی نەوتەکە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نامێنێت و دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراق و لە مادەی 13دا هاتووە کە نابێت هیچ پارەیەک (استقطاع) بکرێت لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە ئەگەری نەدۆزینەوەی سەرچاوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمجۆرەش هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێ بکات و لە کۆتاییدا بە بەهانەی جێبەجێنەکردنی ئیلتزامی نەوتی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەغداش پارە نانێرێت.

قەرزی مانگەکانی پێشووی هەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت و پارەی پێشەکی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختە

بێگومان هەرێمی کوردستان قەرزی مانگەکانی ساڵانی پێشووی نەوتیشی لەسەرە، هی تێچوو و هەقدەستی کۆمپانیاکان و پارەی پێشەکیی فرۆشی پێشوەختەی نەوت و گواستنەوە، ئەمەشیان بە دوور و نزیک لەنێو یاسای بودجەی عێراق نە باسکراوە و نە تەرخانکراویشی هەیە و دیاریش نییە کێ بەرپرسیارە لە پێدانەوەی ئەم قەرز و پابەندییە داراییە کەڵەکەبووانەی نەوت.

هەژماری بانکی بۆ دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە

هەرچی هەژماری بانکیی دووەمە کە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە کە ئەم هەژمارەیان بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکێکی باوەڕپێکراوی نێوخۆیی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و دەسەڵاتی خەرجکردن لەم هەژمارە بانکییە بۆ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەوەی کە ئەو تەخویلی دەکات کە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەمویل بکات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەکەم کە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەیە کە ئەگەر هەژماری بانکیی یەکەم کە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەکە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا هیچ پارەیەک نایەتە هەژماری دووەم.

بەمشێوەیە لە پاڵ کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەش دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی لەسەر پارەی فرۆشتنی نەوتی خۆی نابێت لەو حسابە بانکییەی کە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێتەوە.

مادەی 13ی یاسای بودجە جێگرەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە

حوکمەکانی مادەی 13 لە یاسای بودجە دەبێتە جێگرەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2023 و لێرە بەدواوە مادەی 13 حوکمی پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات تاوەکو رێکەوتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە بەپێی بەرنامەی وزاریی کابینەکەی بەڕێز سوودانی دەبوو شەش مانگ لە رۆژی پێکهێنانی حکومەتەکەوە، واتە لە 27-04-2023 پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی پێشکێش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرایە، بەڵام ئەوە دوو مانگ لەسەر ئەو وادەیەش تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکی جیدی لەسەر ئەو بابەتە نەنراوە، بە شارەزایی و رای متواضعی خۆشم گەیشتن بە رێککەوتنی هاوبەش لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئەگەر ئەستەم نەبێت، زۆر زەحمەتە، چونکە جیاوازیی جەوهەری هەیە لە لێکدانەوە و تەفسیر و راڤەکردنی مادە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت، بەتایبەتیش مادەی (111) و (112)ـی دەستوور کە بەغدا وا لێکیان دەداتەوە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە دەسەڵاتی رەهای وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەش بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی کە پشتیوانی لەم بۆچوونە دەکات و هەرچی هەرێمی کوردستانیشە پێیوایە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەسەڵاتێکی رەهای فیدراڵی نییە و مادەی 13ی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 دیسانەوە پشتیوانیی بۆچوونی حکومەتی فیدراڵی دەکات بە رەهاییبوونی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.

بژارەکان

بژارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی مادەی 13 لە بودجەی عێراق یان پەنابردنە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لە لایەن وەزیری دارایی عێراق کە لە راگەیێندراوێکدا خۆی ئاماژەی دا بەوەی کە بە نیازن تانە لە یاساکە بگرن لە دادگەی فیدراڵی، یان رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و نەوتە لەسەر میکانیزمی دەستنیشانکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی گونجاو کە زامنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بکات و لە پێش هەموو ئەمانەش بابەتی یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ زامنکردنی بودجە و مووچەی خەڵک کە ئەمەیان بژارە نییە، بەڵکو حەتمیە و دەتوانن وا بکەن کە ئەو 906 ملیار دینارەی مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە دانراوە لەنێو بودجەی عێراق بە دووربگرن لەم کێشمەکێشمەی نەوت، لە ئەگەری ساخنەبوونەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چ لە بازاڕی جیهانی یان بازاڕی ناوخۆ، شایستەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی، ئیدی مادام کۆمپانیای سۆمۆ کۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داهاتەکەشی لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراقە، ئیدی هیچ بەهانەیەک نییە کە بەغدا شایستەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکات و دەبێت لەسەر بنەمای (مبدا المساواة امام القانون) کە لە مادەی 14ـی دەستوور هاتووە بە یەکسانی یاسا بەسەر هەموو هاووڵاتییان جێبەجێ بکرێت و رێکاری جیاکاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگیرێتەبەر.