کۆتایی رژێمی حوکمڕانیی پاش راپەرین..

26-07-2023 09:57

نووسینی: د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان 

چی رویدا؟

وا نزیکەی دو مانگ بەسەر بریارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە ٣٠ ی مایس و، نزیکەی مانگێک بەسەر جێبەجێ کردنی بڕیاڕەکە تێئەپەڕێت. ئەم روداوە زۆر بە سادەتر لەوەی ھەبو خوێندنەوەی بۆ کرا، لە کاتێکدا راستییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر داخستنی دەرگای پەرلەمانبە کودەتا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، داخستنی دەرگا بو بەڕوی ھەر چاکسازی و گۆڕانکارییەک لە حوکمڕانیی دوای راپەڕینی ھەرێم، ئەواداخستنی ئەم جارەی دەرگای پەرلەمان بە بڕیارێکی دەستوریی دادگای باڵای فیدڕاڵی، جاڕی کۆتایی ھاتنی کۆی شەرعییەتی ئەو رژێمە حوکمڕانییەیە کە لەدوای راپەڕینەوە حوکمی ھەرێم ئەکات. پێویستە داخستنی پەرلەمان لە سیاقی کۆی ئەوەی رو ئەدات و، ئەوەی لەدوایساڵی (١٩٩١)ەوە رویداوە، خوێندنەوەی بۆ بکرێ نەک وەک روداوێکی دابڕاو و تاک و تەنیا. 

ھەرێمی کوردستان وەک دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ لە ساڵی ١٩٩١- ١٩٩٢ لەسەر دو بناغەی سەرەکی دامەزرا کە ئەوانیش یەکێکیان خواستی جەماوەری بو بۆ رەتکردنەوەی حوکمی بەعس کە لە کۆڕەو دا بە باشترین شێوە تەعبیری لە خۆی کرد. دوەمیشیان پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بو بۆ دۆزی کورد لە باشوری کوردستان لەپاش کۆڕەو کە بە ھۆیەوە بڕیاری ٦٨٨ و پرۆژەی پرۆڤاید کۆمفۆرد و ناوچەی دژەفڕین ھاتنە کایەوە و، ھەر ئەم دو بناغە سەرەکییەش دەرەنجامەکەی ھەڵبژاردنەکانی ١٩٩٢ و دروست بونی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم بو. جگە لەمەش، بڕیاری ئەو کاتەی رژێمی بەغدا لە پایزی ١٩٩١ لە کشاندنەوەی هێزە چەکدارەکان و ئیدارەکەی لە هەرێمی کوردستان، یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کورد ئەو بۆشاییە ئاسایشی و ئیدارییە بە دامەزراوەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.  

ئێستا ھەر دو فاکتەرەکە بە تەواوی لاواز بون. زۆرینەی خەڵک بڕوای بەم حوکمڕانییە نەماوە و باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە بەشداری نەکردنی زۆرینەی دەنگدەرانە لە دوا ھەڵبژاردنەکان و، رەوی بەردەوامی ھاونیشتیمانیانە بۆ راکردن لە حوکمڕانیی شکستخواردوی ھەرێم. لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دۆستەکانی گەلی کورد بە رەواوی بێزار بون لە حوکمڕانیی ھەرێم و بەپێی ھەندێ زانیاریی تایبەت چارەنوسی ئەم حوکمڕانییەیان بەلاوە گرنگ نەماوە. ئەگەر پێدراوێکی تریش لەبەرچاو بگرین کە بریتییە لە بە چەق بونەوەی دەوڵەت لە سیستمی نێودەوڵەتی کەمڕەنگ و بێ کاریگەر بونی کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان بە پێچەوانەی ساڵی ١٩٩١ دوای روخانی سۆڤێت، ئەوا دیسانەوە ئەمەش فاکتەرێکی تر ئەبێ بۆ کەم بونەوەی پشتیوانیی ھەرێم بەتایبەت ئەگەر بەغدا ھەڵەی گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەکات.

ئێستا لەکوێی گۆڕانکارییەکان وەستاوین؟

دەسەڵاتدارانی ھەرێم، نەیانتوانی یان دروست تر نەیانھێشت حوکمڕانیی ھەرێم بە دیموکراسی و دامەزراوەیی ببێ و، لە بری شەرعییەتی دیموکراسی و دەنگی خەڵک تا ئێستاش پشت ئەستورن بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی (ھەرچەندە ئەوەی ئێستا سەبارەت بە خەباتی شاخیش ئەوترێت و ئەنوسرێت، شەرعییەتی شۆڕشگێڕیش ئەخاتە ژێر پرسیارەوە)و ھێزی چەکدار. ھەر ئەمەش سەرچاوەی سەرەکیی شکستی یەک لەدوای یەکی ھەرێمە. 

بە کورتکردنەوەیەکی چڕی رووداوەکانی ٣١ ساڵی رابردووە لە ژێر سێبەری ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین کە بە تایبەتی دوولە رووداوەکانی ٣١ ساڵی رابردوو کاریگەری چارەنووسسازیان هەبوو لە بە شکست گەیشتنی ئەزموونەکە. وەک:

1. فەرمانڕەوایی پەنجا بە پەنجا لە نێوان یەکێتی و پارتی؛

2. شەڕی خۆکوژی ناوخۆی نێوانی ئەم دوو هێزە، کە هەر بە هۆی ئەم شەڕەشەوە لەشکری ئەو کاتەی عێراق هێنرایە سەر کەرامەتی نیشتمانی خەڵکی کوردستان.

ھەڵبەت خاڵی وەرچەرخان لە پاشەکشەی حوکمڕانیی ھەرێم، ئەنجامدانی «ریفراندۆم» و شکستھێنانی و، دواتر لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بو. مەسعود بارزانی و ئەوانەی پشتگیرییان کرد و بەشی ھەرە زۆری کاستی باڵادەستی شۆڕشگێڕەکانی شاخ تەنانەت بەشێکی ئەوانەشی ئەو کات لە ئۆپۆزسیۆن بون لەوە تێنەگەیشتبون کە پرسی لکاندنی کوردی باشور لەچوارچێوەی ویلایەتی موسڵ بە عێراق و مانەوە تیایدا ئەوەندەی پرسێکی نێودەوڵەتی و ئێقلیمییە ئەوەندە پرسێکی ناوخۆیی عێراق نییە!

ئەو قومارە حساب بۆ نەکراوە نایاساییە کە تەنانەت لە ئاستی ھەرێمیش ھیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و فەرمی بۆ پەسەندنی نییە، نەک نەبویە ھۆی سەربەخۆیی، بەڵکو بویە ھۆی زنجیرەیەک سەر نەوی کردنی یەک لە دوای یەک کە لە پەسەند کردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە «ریفڕاندۆم»ەکە دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

لەو کاتەوە تا بە ئێستا ھێدی ھێدی ھەرێم دەسەڵاتە دیفاکتۆکانی لەدەست ئەدات و ئەکرێتەوە بەناو دەستور و تەنانەت کەمتر لە مافە دەستورییەکانیشی.

شکستی ئەوەی پێی ئەوترا «ئابوریی سەربەخۆ» (زیاتر وابەستە کردنی ئابوری بو بە نەوت و ئینجا بە تورکیا) و رادەست کردنی نەوت بەناچاری پاش لەدەستدانی ھەلی رێکەوتنی ھاوسەنگ لەگەڵ بەغدا، ھێندەی تر پایەکانی حوکمڕانیی ئێستای ھەرێمی لەرزاند.

ھەر بۆیەش بێ دو دڵی ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی لە دوای ئەم ھەمو شکستە یەک لەدوای یەکە کەمەرشکێنە، بڕیاڕی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان، دانانی خاڵی کۆتایی بو بۆ کۆی شێوازی حوکمڕانیی نادیـموکراسی ونادەستوریی ھەرێم کە ھەڵبژاردن تیایدا ھاوشێوەی رژێمە دەسەڵاتخوازەکان تەنھا بۆ تازەکردنەوەی بەیعەت بو بۆ خێزانە دەستڕۆشتوەکانی ھەرێم، نەک وێستگەی نوێ کردنەوەی بەردەوامی  شەرعییەتی حوکمڕانیی ھەرێم.

ھەر بۆیەش کۆی شەرعییەتی ئەو رژێمە حوکمڕانییە کۆتایی ھات و ھەر جۆرە ھەوڵێک بۆ درێژەپێدانی، ھەرێم بەرەو داڕوخان ئەبات.

چی بکرێت، رێگاچارە چییە؟

کاتییەتی ھەمو چاکەخوازانی ھەرێم لە دەوری پڕۆژەیەک کۆ ببنەوە بۆ ھێنانە کایەی سیستمێکی حوکمڕانیی نوێ لە ھەرێم کە ھاوڵاتی ودەستەبەری مافەکانی و بەتایبەت دابین کردن کار و ژیانێکی کەرامەتمەندانە بۆی، چەقی سیستمەکە بێت. ئەمەش پێویستی بەم ھەنگاوانەیە(ئەمانە چەند خاڵێکی بنچینەیی و سەرەکین، وەگەرنا ھەنگاوی پێویستی تریش ھەن کە دڵسۆزان ئەتوانن زیادی بکەن):

یەکەم: لەسەر ئاستی سیستمی حوکمڕانی:

1. دابڕینی کۆی ھێزە چەکدار و ئەمنی و ھەواڵگرییەکان لە حیزبەکان و سپاردنیان بە ھاوپەیمانان بۆ سەرلەنوێ دروست کردنی ھێزێکی نیشتیمانیی تۆکمە لە ھەمو ئاستەکان، ھاوشێوەی بونیات نانەوەی سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانێ و، ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەرێم ودەرھێنانی لە چنگی دەسەڵاتی حیزبی و خێزانی بەتایبەت ھەولێری پایتەخت؛

2. ئەنجام دانی ھەڵبژاردنێکی پاک و متمانەپێکراو لە ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانێک کە ئەرکی بریتی بێت لە نوسینی دەستوری ھەرێم ودوای ئەوە ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردن بکرێتەوە؛

3. پیاچونەوەی جدی بۆ دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆ کردنی لە دەستتێوەردانی حیزبی و شەخسی و حکومی لەڕێی پڕۆژەیەکی گشتگیرەوە؛

4. ھێنانەکایەی ئابورییەکی نیشتیمانی کە بڕبڕەی پشتی بریتی بێ لە بە بانکی کردنی کۆی دارایی ھەرێم و کۆتایی ھێنان بە ھەر جۆرەتاڵانییەک لە داھاتی گشتی؛ 

دوەم: لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە:

رێکەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای یەکتر تەواو کردنی ئابوری (التکامل الإقتصادي) و کۆتایی ھێنان بە شەڕی درۆیینە لەھەر دو لاوە وچارەسەری کێشەکان لەڕێی دەستورەوە، ھەرێم بەھێز ئەکاتەوە.

سەرباری بەردەوامیی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام پرسی کورد لە چوارچێوەی عێراق زۆر زیاتر لە پارچەکانی تری کوردستان چوەتە پێش، ھەر بۆیەش لەبری کلکایەتی بۆ دەوڵەتانی دراوسێ، رێکەوتن لەگەڵ بەغدا باجی کەمترە. بۆ عێراقیش سازش کردن بۆ ھەرێم بۆ چارەسەری کێشەکان، تێچوی ئێجگار کەمترە لە سازش بۆ دەرەوە ھاوشێوەی رێکەوتننامەی جەزائیر.

ھەرێمێکی گەشەسەندو لە چوارچێوەی عێراق، رۆڵی لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەھێز ئەکاتەوە.

لە ھەمان کاتیش پێویستە کار بۆ راست کردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانیی عێراقیش بدرێ بۆ دەرباز کردنی لە حوکمی ناوەندی و گەندەڵی وحوکمڕانیی خراپ.

ئەم ھەنگاوانە ئەبنە ھۆی بەدیھێنانی ھیوایەکی نوێ بۆ ھەستانەوە و ھێنانەکایەی حوکمڕانییەکی سەردەمییانە کە بتوانێ روبەڕوی سەرجەم ئەو ئاڵنگارییانە ببێتەوە کە دێنە پێشی. ئێستا ئیتر پێویستییەکی مێژووی هەیە بۆ هێنانە کایەی مۆدێلێکی نوێ لە حوکمڕانی کە شایستەی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بێت، ئەو چارەسەرەش  پێویستە بە کاری پێکەوەیی هێز و گروپە نیشتیمانی و رەسەنەکان بگاتە  ئەنجام.