'یقولون ما لا یفعلون' کردارەکانیان پێچەوانەی قسەکانیانە

02-10-2023 01:24

 

نووسینی: ئیسلام چالی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە

بەرێز نچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری پێشمەرگە ڕابگرن و کۆتایی پێی بێنن، چونگە دەستوەردانی حزبی لە کاروباری پێشمەرگە رێگرە لە پێشکەوتنی پێشمەرگە و وادەکات بەردەوام مەترسی ئەوە ھەبێت پێشمەرگە بکەنە بەشێک لە ناکۆکیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەکی جیدییە لەسەر ھەرێمی کوردستان.

بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە.

بەرێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: پێویستە چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دوور لە دەستوەردانی حزب جێبەجێ بکرێت، لە چارچێوەی ھێزێکی نیشتیمانی توکمەی ڕاھێنراو. ئەگەر ھێزێکی نیشتیمانی دوور لە دەستوەردان دروست نەکەین دەبێتە مەترسی بەسەر ھەرێمی کوردستان و بگەڕێنەوە بۆ خالی سفر.

بەرێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان: پاڵپشتیی پێكهێنانی هێزێكی تۆكمە و پڕۆفیشناڵی پێشمەرگە دەكەم.

بەرێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: یەکێتی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکات و دەیەوێت ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمە بۆ پاراستنی کوردستان بونیاد بنرێت دوور لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی.

ئەمریکا و ھاوپەیمانان دەڵێن: ھێزێکی نا سیاسیی بێ لایەنی پێشمەرگەمان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا دەوێت.

پارتی و یەکێتی بۆ ھەر یەکەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەفسەرێکیان دەست نیشان کردووە بۆ ڕاپەراندنی کاروباری حزبی و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی حزبی بۆ سەرەوەی خۆیان.

ئێستا، پارتی و یەکێتی لەجیاتی ئەوەی سەرقاڵی بەنیشتمانی کردنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەو پێشبردنی هێز و توانایەکانی یەکەکانی ئەم وەزارەتە بن، تەنها سەرقاڵی زیاتر چەسپاندنی دەسەڵاتی حزبی خۆیانن لە وەزارەتی پێشمەرگە، یانی ڕێکابەری حزبایەتی بووەته پیشەی سەرەکیان له وەزارەتی پێشمەرگه.

ئێستا پارتی و یەکێتی بۆ هەر یەکەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەفسەرێکیان داناوە، بۆ راپەراندنی کاروباری حزب و بەرزکردنەوەی راپۆرتی حزبی لەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی خۆی.

هەروەها پارتی و یەکێتی فورمێکیان دروست کردوە و دەستیان کردووە بەدابەشکردنی بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکاندا بۆ ئەوەی بە زانیاری شەخسی پڕی بکەنەوە تا پێناسەی حزبیان بۆ دروستبکرێت.

سەرەڕای ھەوڵ و ھۆشدارییەکانی ھاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست کردنی سوپایەکی نیشتیمانی بۆ کوردستان دوور لە دەستوەردانی حزبی، پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە چەسپاندنی بیروڕای حزبی بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکان.

هەروەها پێوەری ھەڵسەنگاندن بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەکان لەسەر پێوەری حزبی دانراوه، ئەگەر ئەفسەرێکی دڵسۆز نەبی بۆ حزب یان بۆ بەرپرسێکی باڵای حزب ھیچ پۆستێکی سەربازی وەرناگری، ئەوانەی زیرەک و خاوەن بڕوانامەی بەرزی سەربازین گرنگیان پێنادرێت تا بە نەفەسی حزبی کار نەکەن.

کار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیە ئەگەر ئەفسەرێکی پارتی یان یەکێتی پەیوەندی باشی ھەبێت لەگەڵ بەرێوەبەرەکەی یان فەرماندەکەی حزبێکی دیکه، دژی بەو کەسه ڕاپۆرتێکی تێروتەسەڵ بەرز دەکرێتەوە بۆ حزب لە دەرەوەی وەزارەت.

پۆستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر بنەمای زیرەکی و لێھاتوویی و بڕوانامە نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای حزبی و پەیوەندی کەسی لەگەڵ بەرپرسێکی حزبی دادەندرێن. ئەگەر پشتگیری حزبیت نەبێت فرۆکەی بێ فرۆکەوان دروست بکەی سودی نیە.

رۆژ دوای رۆژ، وەزارەتی پێشمەرگە بەهۆی دەستوەردانی حزبی و کەسی بەرەو داڕمان دەچێت و ئەم وەزارەتە وەکوو لق و مەڵبەندی حزبی لێھاتووە.

ئەم ڕەوتەی ئێستا که پارتی و یەکێتی بەسەر وەزارەتی پێشمەرگەیان سەپاندووه جگە لەوەی لەسەر هیچ بنەمایەکی سەربازی نیە، بەڵکو پێچەوانەی یاسا سەربازیەکانه و وە پێچەوانەی خواستی هاوپەیمانان و خەڵکی کوردستانە، چونکە بەرژەوەندی تاکە‌کەسی و بەرژەوەندی حزبی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، رێگای لە دروست کردنی ھێزێکی نیشتیمانی گرتووە.

* یاسای سزادانی سەربازی ژمارە ١٩ ساڵی ٢٠٠٧

ماددەی (٧٤)

یەکەم: سزای بەندکردن دەدرێت بە ماوەی (٥) پێنج ساڵ ھەر کەسێ بینرا لە کۆبوونەوەیەکی سیاسی یان بووە ئەندام لە ڕێکخراوێکی سیاسی یان بەشداری کرد لە ڕێپێوان یان ھاندانی کەسی تردا کە ھەستی بەو کارانە یان بڵاوکردنەوەی نوسراوی سیاسی یان ووتنی وتاری سیاسی.

دووەم: سزای بەندکردن دەدرێت ماوەکەی زیاتر نەبێت لە (٣٠) ڕۆژ ھەر کەسێ بووە ئەندام لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی بەبێ پرس.