حەماس ئاوا غەزەی بەڕێوە برد؟

06-11-2023 05:02

نووسینی: عەلی مەحمود محەمەد 

ئەم جەنگە بۆ حەماس‌و لیكۆد شەڕێكی باش بوو، چونكە لە بەرنامەی هەردوولایاندایە یەكتری تەواو بكەن، حەماس هەموو جوو، لیكۆدیش حەماس‌و جیهاد، راگەیاندنی جەنگ لە 7ی ئۆكتۆبەر دەرگاكەی كردەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی دوورو نزیكەكانیان، تاكتیك‌و ستراتیجییەكانیان، سەرباری شەڕی هەردوولایان لەگەڵ عەلمانییەكانی ناوخۆیان، بەم جەنگە هەموو دەرگایەكیان لەبەردەمیان داخست، مرۆڤایەتییان پەراوێز خست، تا ئاستی ئەوەی وەك خائین سەیربكرێن، لایەنگرانی تیۆری ململانێی شارستانیەتەكانیش وەك ئەوەی هەنگوینیان لە كونە دارا دۆزیبێتەوە بانگەشەی دروستی بۆچوونەكەیان دەكەن بەوەی جەنگەكە ئاینییە، ئەوان هەموو روداوەكان تەنها لەرۆژی 7ی ئۆكتۆبەر دەبیننەوە، نەك مانگی  دواتر كە زیاتر لە 10 هەزار كەسی بێتاوان بوونە قوربانی وێڕای ئابلوقەی ئابوری‌و بڕینی ئاوو كارەبا لە هاوڵاتیانی كەرتی غەزە.
جەنگەكە یەك پاكێجە، 7ی ئۆكتۆبەر كە لەچەند كاژێرێك 1400 كوژراوو 250 دیل كە قوربانییەكان زۆرینەیان خەڵكی سڤیلن، وە پاكێجی دووەم سزادانی خەڵكانێك بە كۆمەڵكوژی‌و ئابلوقەی ئابوری  پەیوەندییان بە حەماسەوە نییە، هەردوو  تاوانەكەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ‌و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تا ئاستی جینۆساید، نكۆڵیكردنیش لێیان بۆخۆی تاوانە.
عوفەر كسیف پەرلەمانتارێكی چەپی جووە رەخنەی گرت لە جەنگ، 45 رۆژ لە پەرلەمان سڕكراو 14 رۆژیش موچەكەی بڕا، كەواتە تەنها گوێ لە كەڕەناكانی جەنگ دەگیرێت.
پێش ئەم خولەی جەنگ 43%ی هاوڵاتیانی ئیسرائیلی بوونی دەسەڵاتێكی فەڵەستینییان بە قازانج دەزانی، تەنها 13% دژ بوون (1)، لەبەرامبەردا 54%ی فەڵەستینییەكان پێچەوانەی حەماس لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتن لەپاڵ یەكتر بۆ فەڵەستین‌و جوو (2)، ئێستا بەهۆی فەزای جەنگ‌و رژانی خوێنەوە ئەم راپرسییانە بە قازانجی هەردوو پارتی راستڕەوی فاشستی حەماس‌و لیكۆدو هاوپەیمانەكانی گۆڕاون، خوێن هەلی عەقڵی نەهێشتووە، با بزانین بەڕاستی خەڵكی غەزە شایانی ئەم سزادانە بەكۆمەڵەن لەبری تاوانەكانی 7ی ئۆكتۆبەر؟.

حەماس‌و هەڵبژاردن
حەماس لە ساڵی 1996 بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن رەتكردەوەو بە حەرامی زانی، بەڵام كاتێك لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ساڵی 2005 سەركەوتنی  بەدەستهێنا، 33,5%ی دەنگەكانی هێنایەوە (3)، ساڵی دواتر لە 2006 بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڵەستینی كرد، ئەوەش بووە دوا هەڵبژاردن بۆ خەڵكی غەزە.
لەوكاتەوە بۆ هەنوكە هەژدە ساڵە تەنانەت هەڵبژاردنی پۆلێكی قوتابخانە، گوندو یانەیەكیش لە كەرتی غەزە نەكراوە، هەرچەندە لەو هەڵبژاردنەی شارەوانییەكان  فەتح لەكۆی 8 شارەوانی 5ی بردەوە، واتا غەزەش  هێلكەی پاككراو نەبووە بۆ حەماس. 
لەرێكەوتی 25-1-2006 دوا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە فەڵەستین بە هەردوو كەرتەكەیەوە لێواری رۆژئاواو كەرتی غەزە كرا، حەماس 44,45%ی دەنگەكان‌و 74 كورسی بەدەستهێنا، فەتح 41,43%ی دەنگەكان‌و 45 كورسی  هێنایەوە لەكۆی 132 كورسی پەرلەمانی فەڵەستین.
لە ئەنجامدا حەماس لە رێكەوتی 29-3-2006 حكومەتی بە تەنها پێكهێنا بەسەرۆكایەتی ئیسماعیل هەنییە، بەهۆی نەدانی موچەوە لە ئەیلولی 2007دا  كەرتی گشتی مانگرتنی گشتی راگەیاند، كێشەو ئاڵۆزی لەگەڵ فەتح دروستبوو،  چونكە حەماس نەیتوانی موچەیان دابین بكات، لە رێكەوتی 8-2-2007 رێككەوتن حكومەتی ئیتلافی لەنێوان فەتح‌و حەماس پێكبهێنن، لێ لە رێكەوتی 14-6-2007دا حەماس دەستی بەسەر تەواوی كەرتی غەزەدا گرت، دوا تەڵەمووی پەیوەندی نێوانیانی پچڕی، رۆژی دواتر مەحمود عەباس تاك لایەنە سەلام فەیازی كردە سەرۆك وەزیران، لەوكاتەوە دوو ئیدارەیی دەستیپێكرد، بەڵام بێ دەرگەڵە چونكە دووری نێوانیان 115 كیلۆمەترە.
لەرێكەوتی 11-12-2021و 25-3-2022 هەڵبژاردنی شارەوانی لە كەرتی لێواری رۆژئاوا ئەنجامدرا، حەماس نەچووە ناو كایەكەوە.
بەپێی راپرسییەكان پێش روداوەكان 7ی ئۆكتۆبەر، 63%ی هاوڵاتیانی فەڵەستینی داوای گۆڕینی سەركردایەتی فەڵەستینی دەكەن تا چالاكترو كەمتر گەندەڵ بێت، واتا زۆرینە رازی نین لەوانەی حەماس‌و فەتح ،  65%یش داوا لە حەماس‌و فەتح دەكەن هەڵبژاردنی ئازادو پاكژ ئەنجام بدەن (4).
بەڵام حەماس ئەو مەقولەیەی سەلماند كە لایەنێكی ئیسلامی لە هەڵبژاردن سەر بكەوێت دەبێتە دوا هەڵبژاردنی وڵات. حەماس رێگای نەداوە خەڵك راپرسی لەسەر شێوازی حوكمڕانییەكەی بكەن، تا بزانن لە دەرەوەی راپرسی چۆن وەڵامی دەدەنەوە، هەرچەندە پێویستە ئەوە بزانین لەماوەی ئەم هەژدە ساڵەی دەسەڵاتداری حەماس، هەژاریی‌و بێكاری زیادیان كردووە، دادپەروەری نەبووە، ئازادی بڤە بووە، زانست‌و پیشەسازی وێران بوون، ئابووری داتەپیووە...

بودجەی كەرتی غەزە  
بودجەی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە تەنها 630 ملیۆن دۆلار بووە لەساڵی 2011، لە ساڵی 2012 زیادیكردووە بووە بە 769 ملیۆن دۆلار، واتا بە ئەندازەی یەك مانگی موچەی هەرێمی كوردستان.
زۆربەی پارەداركردنی كارگێڕی حكومەتی كەرتی غەزە هاوكاری دەرەوەیە بەتایبەت ئێران، قەتەر، توركیاو ئەمەریكا، یەكێتی ئەوروپا، جامیعەی عەرەبی‌و رێكخراوەكان دەیكەن، ئێران ساڵانە نزیك 300 ملیۆن دۆلاری داوە بە حەماس، ئەردۆگانیش هاوكاری كردووە، نموونە لە ساڵی 2012 بە 300 ملیۆن دۆلار بەشداری بودجەی حكومەتەكەی حەماسی كردووە.
لایەنێكی دیكە لە داهاتی حكومەتی حەماس لە كەرتی غەزە ناردنەوەی پارەی پەنابەرانە بۆ ناوەوە، كە نزیك 20%ی خەڵكەكەی لەسەر دەژێت، تەنانەت دابینكردنی بودجە زەكات‌و پشكی خێرەومەندانیش لەناوخۆو دەرەوەی تێدەكەوێت (5). 
دوو سەرچاوەی دیكەش بۆ داهات هەیە لە كەرتی غەزە، ئەویش 18500 كرێكاریان لەناو ئیسرائیل كاردەكەن موچەكانیان باشە.
كەرتێكی دیكەی ئابوری قاچاخچێتی ناو نەفەقەكانە لە سیناوە بۆ ناو كەرتی غەزە، دیارە كۆڵبەرەكان زۆرینەیان بە مەحسوبیەت لەو جێگایە دانراون لە قاچاخچییە دەسترۆیشتووەكانی حەماسەوە نزیكن، لێرە حەماس ساڵانە لە 300 ملیۆنەوە بۆ نیو ملیار دۆلار داهاتی دەستدەكەوێت.

ئیدارەی ئابوری حەماس 
بەپێی ئاماری رێكخراوی ئۆنكتادی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، داهاتی تاك لە كەرتی غەزە نیوەی لێواری رۆژئاوای حكومەتەكەی فەتحە، رێژەی بەشداری كەرتی پیشەسازی لە بەرهەمی نەتەوەیی تەنها 8%ە، واتا بۆ نیوەی پێش  كودەتای حەماس دابەزیوە، بەشداری كەرتی كشتوكاڵیش لەكۆی بەرهەمی نەتەوەیی لە 9%ەوە بۆ 5% دابەزیوە، واتا رێژەی  هەردوو كەرتی بەرهەمهێنی ئابوری پیشەسازی‌و كستوكاڵ جێگای حەسودی نییەو وێران كراون لەلایەن دەسەڵاتدارێتی حەماسەوە، هەرچی پشكی كەرتی غەزەیە لەكۆی ئابوری قەوارەی فەڵەستینی، لە نیوەوە بۆ چارەكی كۆی ئابوری فەڵەستین دابەزیوە.
ئەمە سەرباری ئەوەی 60%ی كارەبای  غەزە لە ئیسرائیلەوەیە، تەنانەت كارەبای ئەوەی نییە بۆ دابینكردنی پاككردنەوەی ئاو بەكاریبهێنێت بۆ هاوڵاتیانی (6).
بەگشتی داهێنانی حەماس تەنها لە لێدانی تونێل لەژێر زەوی كە گەیشتوەتە 500 كیلۆمەترو خۆپڕچەككردن بووە. 
ئیسرائیل دوای ئەم جەنگە، غەزەش بۆ حەماس جێبهێڵێت، بەدەیان ساڵی دیكە  ناتوانێت تەنها چیمەنتۆ بۆ چاككردنەوەی خانووە روخاوەكان دابینبكات، كە بەكۆڵ لە تونێلەكانەوە لە میسرەوە هاوردە دەكرێت.

ئەدی ژیانی هاوڵاتیانی غەزە؟
حەماس ژیانی خەڵكی غەزەی وێران كرد، لە ساڵی 2022ەوە  زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیانی غەزە بەپێی وتەی رێكخراوی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان  ئاسایشی خۆراكیان نییە.
رێژەی هەژاری لە كەرتی غەزە 53%یە، بەڵام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا، ئەو بەشەی لەژێر دەستی فەتحی عەلمانییە 13,9%ە، هەروەها 33,7%ی هاوڵاتیانی كەرتی غەزە زۆر هەژارن، بەڵام لە كەرتی لێواری رۆژئاوا ئەو رێژەیە تەنها 5,8%ە. (7)
هەروەها 83%ی كرێكاران لە كەرتی غەزە بە كەمتر لە لانی كەمی كرێ كاردەكەن، كە 520 دۆلارە لە مانگێكدا (8). زۆرجار كرێی كرێكاران ئەوەی وەریدەگرن نیوەی لانی كەمی كرێیە بە كاتژمێری كاركردنی زیاترەوە. (9)  
ئەمە  لەكاتێكدایە لانی كەمی كرێ لە وڵاتی ئیسرائیل مانگانە 1400 ئیرۆیە، بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە 1600 ئیرۆ. (10)  
هەروەها بۆ دەرچووان‌و گەنجان‌و ژنان كێشەكە زۆر قورسترەو رێژەی بێكاری لەناویاندا زۆر زیاترە، 74%ی دەرچووانی زانكۆ لە كەرتی غەزە بێكارن. (11) 

ئازادییەكان
لە ساڵی 2011دا عەبدولەتیف موسا ئیمارەی ئیسلامی لە رەفەح دامەزراند،  حەماس پەلاماریدان‌و  ئەمیرو نۆ لە ئەندامانی كوشت. پەلاماری جند ئەنساراللەی سەر بە قاعیدەی داو 22ی لێكوشتن، پەلاماری جیهادو تەوحیدی سەر بە داعشی دا لە ساڵی 2015، ئەمانە هەموو هاوئاوازی بن بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات دەبێت بەرامبەر بە فەتح‌و لایەنە چەپگەراكان‌و ژنان‌و خەڵكی دیكە چی بكات؟.
پەروەندەی حەماس لەبەرامبەر ئازادییەكان‌و  رۆژنامەگەری پەروەندەیەكی رەشە، بەپێی راپۆرتەكان. (12)

دوا راپرسی بۆ حەماس كارەسات بوو! 
رۆژێك پێش 7ی ئۆكتۆبەر تۆڕی (بارۆمیتەر)ی عەرەبی بەهاوكاری ناوەندی فەڵەستینی بۆ توێژینەوەی سیاسی‌و گۆڤاری (فۆرین ئەفیرەز)ی ئەمەریكی بەپشتیوانی سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراتیەت، راپرسییەكیان ئەنجامدا، راپرسییەكە راستەوخۆو روبەڕوو ئەنجامدراوە، لەئەنجامدا دەركەوت زۆربەی هاوڵاتیانی كەرتی غەزە باری ئابورییان خراپە بەهۆی دەسەڵاتی خراپی حەماس، 44%یان هیچ متمانەیەكیان بە حەماس نییە، لەبەرامبەردا 29%یان زۆر متمانەیان بە حەماسە، 72%یان پێیانوایە گەندەڵی لە دەسەڵاتی حەماس هەیە، هەروەها زۆرینەی هاوڵاتیانی غەزە ئایدۆلۆجیای حەماس رەتدەكەنەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی قەوارەی یەكگرتووی فەڵەستینیش مەروان بەرغوسی 32%و ئیسماعیل هەنییە 24%و مەحمود عەباس 21%ی دەنگەكان دەهێننەوە ئەگەر لەوكاتە هەڵبژاردن بكرابایە، مەروان بەرغوسی زیندانییەو سەربە رێكخراوی فەتحە، هەروەها بەپێی ئامارەكە 78%ی هاوڵاتیانی غەزە كێشەی دابینكردنی خۆراكی رۆژانەیان هەیە.
بەگشتی تەنها 27%ی هاوڵاتیان حەماس پارتی بژاردەیانە، لە ساڵی 2021  ئەو رێژەیە 34% بووە. (13) 
كەواتە 73%ی ئەو خەڵكەی لە غەزە ئەمڕۆ بوونەتە قوربانی نەك لایەنگرو دەنگدەری حەماس نین، بەڵكە بەشێكی نەیاری توندی حەماسن، ئێستا لەجیاتی ئەو سزا دەدرێن، هەر 5 دەقە منداڵێكیان لێ دەكوژرێت، ئەوان پێشتر حەماس سزای سیاسی‌و برسیكردنی دابوون، ئێستا نەتەنیاهۆ.
لەكاتێكدا خەڵك لەبری حەماس سزا دەدرێن، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی  حەماس‌و خێزانەكانیان لە دەرەوەی فەڵەستین دەژین، بەتایبەت  لە شاری دۆحە، بەهەردوو كەسایەتی یەكەم‌و دووەمیان (خالد مەشعەل‌و ئیسماعیل هەنییە)و ماڵ‌و منداڵیان‌و 7 ئەندامی مەكتەبی سیاسییانەوە.
خالید مەشعەل لە ژیانیدا تەنها 3 رۆژ كەرتی غەزەی بینیوە، موسا ئەبو مەرزوق تەنها 5 رۆژ گەڕایەوە بۆ غەزە، كەچی بە وتارە ئاگراوییەكانیان هانی گەنجان دەدەن بۆ غەزاو جیهاد، ئەبو شادییە دۆستەكەی هەژاران كە رۆژانە شیرینی بەسەریان دابەشدەكرد دەبێتە قوربانی. (14)

سەرچاوەكان:

1-https://qudspress.com/74775/

2-https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1664946-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%B9-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D9%87%D8%AC%D9%88%D9%85-%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%83%D8%A9%D8%9F

3-
http://miftah.org/arabic/PrinterF.cfm?DocId=2967


4-
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/asttla-jdyd-llray-fy-aldft-alghrbyt-yuzhr-thwlaan-mn-alara-almttrft-lam-2020
5-
https://en.wikipedia.org/wiki/Governance_of_the_Gaza_Strip
6-https://carnegie-mec.org/2021/06/07/ar-pub-84696

7-https://pngoportal.org/post/25120/%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D9%83%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A-%D9%8A%D8%B5%D8%AF%D8%B1-%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86-%D9%85%D8%A4%D8%B4%D8%B1-%D8%B5%D8%B9%D9%88%D8%AF-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AA%D9%88%D9%82%D9%81

8-
https://news.un.org/ar/story/2022/09/1111231
https://www.alaraby.co.uk/economy/%D8%AA%D8%AD%D8%B0%D9%8A%D8%B1-%D8%A3%D9%85%D9%85%D9%8A-%D9%85%D9%86-%D9%85%D8%B9%D8%AF%D9%84%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B7%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D9%81%D9%8A-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86
9-https://www.aa.com.tr/ar/%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%A9/%D9%8A%D9%88%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-40-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%AF%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89/2885141

9-
https://www.independentarabia.com/node/255571/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%B1/%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%BA%D8%B2%D8%A9-%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%B1%D9%8A%D9%85%D8%A9

10-https://www.i24news.tv/ar/%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7%D8%B1/middle-east/1679595252-%D8%A5%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D9%84-%D8%B1%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AF%D9%86%D9%89-%D9%84%D9%84%D8%A3%D8%AC%D9%88%D8%B1-%D8%A8%D9%86%D8%B3%D8%A8%D8%A9-5-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%A6%D8%A9-%D8%A8%D8%AF%D8%A1%D8%A7-%D9%85%D9%86-%D8%A3%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B4%D9%8A%D9%83

11-
https://www.aljazeera.net/politics/2023/7/26/%D9%86%D9%82%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86-%D8%AA%D8%AD%D8%B0%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%A8-%D9%84%D8%A7-%D8%AA%D9%82%D8%AA%D8%B1%D8%A8%D9%88%D8%A7

12-
https://palestinianaffairs.state.gov/ar/%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%86%D8%B3%D8%A7%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B6%D9%81%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D9%82/

13-
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1664946-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%B7%D9%84%D8%A7%D8%B9-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D9%87%D8%AC%D9%88%D9%85-%D8%AD%D9%85%D8%A7%D8%B3-%D8%B1%D8%A7%D9%94%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%83%D8%A9%D8%9F

14-
https://www.skynewsarabia.com/varieties/1667687-%D8%BA%D8%B2%D8%A9-%D9%85%D9%82%D8%AA%D9%84-%D8%A7%D9%94%D8%A8%D9%88-%D8%B4%D8%A7%D8%AF%D9%8A-%D8%A8%D8%A7%D9%8A%D9%94%D8%B9-%D8%AD%D9%84%D9%88%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%A1