کاغەزی سپی ئیمزا مەکەن؛ چیرۆکی حەلبوسی و بڕیاری دادگای فیدراڵی

14-11-2023 06:06
ساتی جێھێشتنی پەرلەمان لەلایەن حەلبووسی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

نووسینی: هاوڕێ  تۆفیق

لە کوردستان و لە عێراقیش بەشێکی زۆری حزبەکان، پێشوەخت کاغەزی دەستلەکارکێشانەوە بە کاندیدەکانیان ئیمزا دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا هێشتا کاندید، نەک دەنگی بون بە ئەندامی پەرلەمانی بە دەست نەهێناوە، بەڵکو هێشتا لەلایەن کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەوە بەشێوەیەکی یاسایی تەنانەت وەکو کاندیدیش پەسەند نەکراوە. حزبەکان ئەمە وەکو پارێزبەندییەک بۆ خۆیان سەیر دەکەن، هەتاوەکو لەداهاتوو کاندید سەنگەری حزبی نەگوازێتەوە بۆ لایەکی تر. حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، کوتومت ئەمەی کردوە، لەیس تەمیمی  کەسایەتیەکی سونی ناسراوبوو ،تازە لە زیندان ئازاد کرابوو، ئەستێرەی جەماوەری لە هەڵکشان بوو، خۆی لەسەر حزبی تەقەدوم کاندید کرد، پێشوەخت کاغەزی دەستلەکارکێشاوەیان پێ ئیمزا کرد، رۆژگار هات و رۆژگار رۆیشت، تەمیمی دەنگی بەدەستهێناو بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. پاش ماوەیەک کێشە لەنێوان حەلبوسی و تەمیمی دروستبوو، بێ یەک و دوو، حەلبوسی کاغەزی کۆنی داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی تەمیمی خستە دەنگدانی پەلەمانەوە دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەندکرد، ناوبراو، کردی بەهەڵاو، وتی؛ من داواکاری دەستلەکارکێشانەوەم نەکردوە، بۆ ئەو مەبەستە سکاڵای لە دادگای فیدراڵی لە دژی حەلبوسی تۆمارکرد. پاش چەندین دانیشتنی دادگا، بریاری کۆتایی دەرچوو.

دادگا دەڵێ ؛لە رووی قانونیەوە ئیمزاکردن لەسەر کاغەزێکی سپی و پاشان بەکارهێنانی لە کاتێکی تر وەکو کاغەزی فەرمی کەسێک، کە کەسایەتی قانونی پێ دروست بکات، ئەوە کارێکی ناقانونیە، لەهەمان کات سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەکات و لەژێر بەرپرسیاری سوێندی دەستوریدایەو دەبێت بە دەستورو قانونەوە پابەند بێت، بۆیە داگا ئەم کارەی بە ناپاکی سوێندی دەستوری داناو لە ئەندامێتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەرکرد. روونیشە بریاری دادگا رەهەندی سیاسی هەیە و هیچ دابراو نیە لە بێنەو بەرەی سیاسی! لەگەڵ هەموو ئەو خاڵانەدا ،دەرئەنجامێک هەیە. حزبەکان کاغەزی سپی پێشوەختە بە کاندیدەکانتان مەنوسن، چونکە هیچ نرخێکی قانونی نیە.