ساڵێک لاساری لە جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگا

05-12-2023 08:28
خانەنشینان لەبەردەم بانکی تانجەرۆ لە سلێمانی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا/ مانگی ٥ی ٢٠٢٢. وێنە: هەردی عوسمان- پەرەگراف

نووسینی: یوسف محەمەد سادق

دادگای باڵای فیدڕاڵی ساڵێک بەر لە ئێستا، دروست لە ٦- ١٢- ٢٠٢٢، بڕیاڕی ژمارە (٢١٢/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢)ی بڵاوکردەوە کە لەسەر داوایەکی ئێمە سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم دەریکرد. ئەو داوایە کە پاش شەش مانگ لە لێکۆڵینەوەی سەرجەم لایەنە دەستوری و یاسایی و ئابورییەکانی ئامادەمان کرد بو و ئاڕاستەی دادگاکەمان کرد، یەکەم داوا و تا ئێستاش دوا داوایە کە سەبارەت بە موچەخۆرانی هەرێم لەو دادگایە سەرکەوتو بوبێت.

بەڵام وا پاش ساڵێک لە دەرچونی بڕیاڕەکەی دادگا، دەسەڵاتدارانی هەرێم ھێشتا ئامادە نین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و مافی خانەنشینانی شایستەی هەرێم بدەن. زۆر کات پرسیاری ئەوەمان لێئەکرێ کە رێگای دروست چییە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیاڕە، هەر لە دوای دەرچونی بڕیاڕەکەوە ئەوەمان بۆ خانەنشینانی ئازیز رونکردەوە کە دو رێگایان لەبەردەمە بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکەیان، کە یەکەمیان فشار کردنی مەدەنییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و دوەمیش تۆمار کردنی سکاڵایە لە دادگا ئاساییەکان بەپێی مادەی (٣٢٩- ٢) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ دژی ئەوانەی بڕیاڕەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی جێبەجێ ناکەن. ئیتر هەر رێگایەکی تر کات کوشتنە و هیچی لێبەرهەم نایەت.

هەڵبەت جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی (کە باڵاترین دادگایە لە عێراق و چاودێریی دەستوری بونی یاسا و رێساکان ئەکات) لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و، بەردەوام بونیان لەسەر جێبەجێ کردنی یاسای نادەستوری، دواجار ئەم دەسەڵاتە ئەکاتە دەسەڵاتێکی نادەستوریی لەیاسا دەرچو و، ئەمەش سەرەنجامەکەی باش نابێ.