ئەگەر وەک ئەم چوار ساڵەی کابینەی نۆ کار بکرایە!

09-01-2024 02:14

نووسینی: رێبوار کەریم وەلی

مەجموعەیەک ڤیدیۆچیی پڕۆفێشناڵ، بەو ناونیشانەی سەرەوە لە سۆشیال میدیا زنجیرە ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردۆتەوە. هەندێک ئامار و داتای کەرتە جیاجیاکانی ژیانی کوردستانیان داناوە کە پێدەچێ هی کابینەی نۆیەمی حکومەتی سەنگافور یان هی کۆریای باشور بن نەک هی هەرێمی کوردستان!

*

یەکێک لە ڤیدیۆکانی باسی دروستکردنی رێگاوبان لە کوردستان دەکات کە گوایە لە سەردەمی کابینەی 9، بەدیاریکراوی، 48000 کیلۆمەتر رێگا دروست کراوە و قیرتاو کراوە! ئەمە نەک هەر درۆیە، بگرە شاخداریشە! روبەری تێکڕای هەرێمی کوردستان، نزیکەی 78736 کیلۆمەتری دوجایە! ئەو 48000 کیلۆمەترە لە کوێوە بۆ کوێ دروست کراوە؟ خۆشتر لەوەش ئەو پرۆژانەی پێی هەڵادادەدەن، هەمووی بێ ئیستیسنا لەسەردەمی کابینەکانی پێشوو، یان بەردی بناغەیان داندراوە، یانیش ئیفتیتاحەکانیان کەوتۆتە سەردەمی کابینەی نۆ.

*

بەراوردێکی دیکەش دەکەین. ئەردۆغان و حزبەکەی هەمیشە شانازی بە دروستکردنی رێگاوبان دەکەن لە سەردەمی خۆیاندا. ئەردۆغان دەڵێ لە ماوەی 20 ساڵی حوکمی ئەودا، 28550 کیلۆمەتر رێگاوبانیان دروست کردووە! کەواتا ئەوەی کابینەی نۆ بێ ئەوەی باسی سککەی قیتارەکەش بکەن، شاکارە!

*

ئینجا لە بەشەکانی دیکەدا، هەر بەگۆترە وەک ئەو نمونەیەی پێشوو پێیانداداوە و حەیای کابینەی نۆیان بردووە، تەنانەت پێوەری زیرەکی کارەبا کە لە 2010 لە کوردستان کاری پێدەکرێ کراوەتە دەستکەوتی کابینەی نۆ! ئینجا ئاستی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە ئاستی سویسرا و مەکدۆناڵدیش لە سرەدایە بۆ کڕینی پەتاتەی کوردی!

*

بەڵام ئەو ڤیدیۆ چییانە  لە بیر یان چووە ئەو پرسیارانە بکەن:

ئەگەر ئەو سی ساڵە ئەم کابینە پۆلیسییە حوکمی هەموو کوردستانی کردبایە ئێستا چ دەبوو؟

1-دەبوایە شەو و رۆژ دانیشین سەیری ڤیدیۆکانی ئەو ڤیدیۆچییانە بکەین و ئەشهەدوبیللایان بۆ بکەین.

2- مەعلوم نەبوو تا نووسینی ئەم وتارە زیندوو دەبووین یان بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدراین.

3-شتێک بەناوی میدیا نەدەبوو، دەزگایەکی پروپاگەندەی گۆبلز ئاسا شەو و رۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسە دەبوو.

4-شتێک بەناوی ئینتەرنێتی ئازاد نەدەبوو، مەجراکانی سۆشیال میدیا هەموی فیلتەر دەکران و دەبوایە خەڵک بە ڤی پی ئێن داخیلیان بێ.

5-برا بەسەر براوە دەبووە جاسوس و هاووڵاتیان شەو و رۆژ خەریکی تەقیرنووسین بوون لەبارەی یەکترییەوە.

6-بچووکترین ناڕەزایەتیی بە توندترین شێوە سزا دەدرا. دادگاکانی شۆڕش بەرپا دەکرا و نیوەی وڵات بۆ تۆمەتی خیانەت لە زینداندا دەبوون.

7- گەورەترین دەستکەوتەکانی حکومەت بریتی بوو لە دروستکردنی سەدان زیندانی مۆدێرن!

8- ئازوقە و خواردن بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرا و  هەموو کەرتەکانی ژیان دەخرایە ژێر دەستی حکومەت.

9-لە وڵات یەک حزب دەبوو، بۆنە رەسمییەکان و جەژنە نیشتمانییەکان بریتی دەبوون لە یادی لەدایکبوونی سەرۆکە هەتاهەتاییەکان و تەنها لەو رۆژانەدا هاووڵاتیان دەیانتوانی بۆ چەپڵە لێدان گردبوونەوە ئەنجام بدەن.