گرنگترین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی؛ موچەو هەڵبژاردن چییان بەسەر دێت؟

21-02-2024 08:44

نووسینی: هاوڕێ تۆفیق

بەکوردی و کورتی، گرنگترین خاڵە سەرەکیەکانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دیاری دەکەین و لەگەڵیدا روونکردنەوەی پێویستی  بۆ ئەکەین.

سەبارەت بە داوای موچەی فەرمانبەران پێشەکی ئەم ئەم داوایە، لەلایەن سێ هاوڵاتی سادەوساکاری کوردستانەوە کرابوون، ئەوان هیچ ناونیشانێکی حکومیی و پەرلەمانیان نەبوو، ئەمە لە کاتێکدا ئەبوو نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان،  ئەوان لە دادگای فیدراڵی سکاڵاکار بوونایە و بەدەم ئەم داوایەوە بچونایە! ئەمەش سەرکەوتنێکە بۆ ژیانی مەدەنی و چالاکی تاکەکەسی لەدەرەوەی داودەزگای فەرمی و بەرجەستەکردنی تێکۆشانی دیموکراسی تاکەکەسیە، لەلایەکی تر، کە قانونی بودجە دەرچوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەدادگای فیدراڵی داوای تانەلێدانی تۆمار کرد و پاش ماوەیەکی کورت، دادگا داواکەی رەتکردوە.

گرنگترین برگەکانی بریاری دادگا سەبارەت بە موچە ئەمانەن.

١: لە ناوەڕۆکی دەقی دارشتنی بریارەکەدا باسی سیستەمی فیدراڵی کراوەو ئاماژە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێک لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا هاتوە، شکۆی دەستوریی هەرێم رێزلێگیراوە، بەشێوەیەکی بەرز باسی شان و شەکەتی گەلی کوردستان کراوەو بە باڵای گەلی کوردا هەڵدراوە، هەروەها روونکراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پارێزگاکان و هەرێمەکان پارەدار بکات و بودجە بۆ هەرێم دابین بکات. بەو شێوەی کە بتوانرێ هەرێم پێداویستیەکانی سەرشانی خۆی هەڵبسوڕێنێت، لەهەمان کات رەچاوی بنەمای ژمارەی دانیشتوان بکرێت.

٢: نابێت بەهۆی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم،  فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی موچە بێ بەش بکرێن. دادگا دەستەواژەی نابێ (مەحروم)بکرێنی بەکارهێناوە، زیاتر لەوەش دەڵێ؛ ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندیی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ نەکرد، نابێت ئەمە بکرێتە هۆیەک بۆ بێ بەشکردنی موچەخۆران لە موچەکانیان.

٣: دادگا پشتی شیتەڵی ئاینی بەستوە و ئاماژەی بە چەندین دەقی قورئانی پیرۆز کردوە، کە پەیوەستن بە مافی بونیادەم و شکۆی مرۆڤ. ئەم شیکردنەوەیە لەقازانجی دەرچونی بریارەکە نوسراوە، بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی ئاینیی بە بریارەکەوە بلکێنرێت.

٤: دادگا حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکرد بە خەرجکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، هاوتای عێراق (اسوة بأقرانهم) واتە کوتومت وەکو باقی فەرمانبەرانی تری عێراق، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی موچە، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن تەوتینی راتب. ئەمەش مانای خەرجکردنی کۆی موچەیە بەبێ لێبرین کە پێی دەڵێن پاشەکەوتکردن، دەبێت موچە مانگانە بدرێت و لەهەمان کات موچەش زیاد دەکرێت هاوتای موچەی حکومەتی فیدراڵیی  دەبێت، هەنگاوی یەکەم پێویستە  هەرێم سیاسەتی تەوتینی موچە لەرێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پەیرەو بکات. ئەگەر هەرێم پابەندنەبوو، ئەوکات، سەرجەم فەرمانگەکان دەتوانن راستەوخۆ لیستی موچە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێرن، بەبێ گەرانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەرێگای یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵەوە پارەدارکردن دابین دەکات و موچە سەرف دەکات.

٥: هەرێم پێویستە داهاتی نەوتی و نا نەوتی تەسلیمی حکومەتی فیدراڵ بکات.

٦: وردبینی لەلایەن چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمەوە دەکرێت.

سەبارەت بە قانونی هەڵبژاردن ئەم بریارانەی دەرکرد

١: ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان تەنها١٠٠ کورسیەو ١١ کورسیەکەی کۆتا، پێچەوانەی دەستورە. پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و ئاشوریی و ئەرمەن لەو ١٠٠ کورسیە بەپێی ژمارەی دەنگی خۆیان کورسی دەبەن.

٢: کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە کرا بە چوار بازنەی هەڵبژاردن ئەوانیش بازنەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک).

٣: کارتی بایۆمتری درێژخایەنی دەنگدان دەکرێتە مەرج بۆ دەنگدان.

٤: تەنها قەوارەی حزبی مافی دروستکردنی لیستی نیە، بەڵکو ئەو مافە فەراهەمە بۆ هاوڵاتیان، ئەتوانن بەبێ بونی حیزب بەشێوەی کەسی یان چەند کەسێک پێکەوە، لیست دروستبکەن و بەشداری دەنگدان بکەن.