رەهەندە یاسایی و سیاسییەکانی (کشانەوە)ی دادوەرێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی

13-03-2024 05:56


نووسینی: د. یوسف محەمەد

دوێنێ (١٢ی ئازار) دادوەر عەبدولرەحمان زێباری ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی (کشانەوە)ی خۆی لە دادگاکە راگەیاند. لێرەدا بە کورتی تیشک ئەخەینە سەر لایەنە یاسایی و سیاسییەکانی ئەم پرسە.

پێش هەمو شتێک تا ئێستا نازانرێ کە بەڕێز عەبدولرەحمان زێباری بە تەواوی لە دادگاکە دەستی کێشاوەتەوە و دەست لە کار کێشانەوەی پێشکەش کردوە بە دادگاکە یان بە شێوەیەکی کاتی کشاوەتەوە؟ چونکە تەنانەت ئەو نامەیەی بڵاوی کردۆتەوە زیاتر لە بەیاننامە ئەچێت نەک دەستکێشانەوەی کۆتایی. ئەمە لە روی یاساییەوە جیاوازی دروست ئەکات، چونکە ئەگەر هەڵوێستەکە کاتی بێت، کارێکی ئاساییە و لە چەند دانیشتنێکی تری دادگاکە ئەوەمان تێبینی کردوە کە دادوەی ناوبراو ئامادە نەبوە و، لە بری ئەو دادوەرێکی یەدەگ (احتياط) ئامادە بوە، دواترینیشیان دانیشتنی رۆژی (٢١- ٢- ٢٠٢٤) بو کە تیایدا بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی موچە ڕاگەیەندران. بەپێی مادەی (١/ یەکەم/ ب) لە قانونی هەمواری یەکەمی (فەرمانی ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠٠٥) قانونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢٥)ی ساڵی ٢٠٢١، دادگاکە چوار ئەندامی یەدەگی خۆتەرخان نەکەر(غیر متفرغ)ی دەبێت، بڕیار بو لەم چوار دادوەرە یەدەگە یەکێکیان کورد بێت، بەڵام بە هۆی ململانێی پارتی و یەکێتییەوە تا ئێستا دانەنراوە بۆیە دادگاکە ئێستا سێ دادوەری یەدەگی خۆتەرخان نەکەری هەیە.

بەڵام ئەگەر دادوەی ناوبراو بە تەواوی لە دادگاکە دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەوا ئەو کات بە هەمان رێوشوێنەکانی دانانی دادوەرەکان کە لە مادەی (١/ دوەم)ی قانونی هەمواری یەکەمی قانونی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢٥)ی ساڵی ٢٠٢١ دا باس کراوە و بە ڕەچاو کردنی مادەی (٦)ی هەمان قانون، بە دامەزراندنی دادوەرێک شوێنی پڕ ئەکرێتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ کە لە دانانی دادوەرە کوردەکانی دادگاکە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم هیچ رۆڵێکی نییە و ئەندامانی دادگاکە لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق و سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی و سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتیی دادوەری دادەنرێن. پێشتر لە پڕۆژە قانونەکەدا ناوی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم هات بو، بەڵام لە کاتی دەنگدانی ناو پەرلەمان ئەوە لابرا. بەڵام لە هەر دو مادەی (١ و ٦) ئاماژە بە نوێنەرایەتیی هەرێمەکان لە پێکهاتەی دادگاکە و هاوسەنگیی دەستوریی نێوان پێکهاتەکانی عێراق کراوە. بۆیە لەم روەوە وا چاوەڕوان ئەکرێت کە بۆ ماوەیەک دادوەرێکی یەدەگ شوێنی دادوەر زێباری بگرێتەوە، بەڵام دواتر دادوەرێکی نوێی کورد وەک دادوەری رەسەن (أصيل) لە شوێنی دابنرێت.

ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان و هاوپەیمانیی هیوا لە خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانمان کرد بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە قانونە، چونکە پێمان وابو دەبێ دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە قانونەکە هەر بەپێی مادەی (٩٢/ دوەم)ی دەستور بە دوسێیەکی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت.

هەڵبەت لە روی سیاسییەوە، هاوکات بونی ئەم کشانەوەیە لەگەڵ هەر دو بڕیاری هەرە دوایی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (٨٣، ١٣١، ١٨٥/  فیدراڵی/ ٢٠٢٣) و پرسی موچە (٢٢٤، ٢٦٩/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣) و، هەروەها راگەیاندنی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن هەندێک لە هێز و کەسایەتییە کریستیان و تورکمانەکانی هەرێم و، دواتریش بەیاننامەکەی ئەمڕۆ (١٣ی ئازار)ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئاماژەی تر لەخۆ ئەگرێ.

رونە کە پارتی دوڕدونگە لە بڕیارەکانی دادگای ناوبراو، بەتایبەتیش دو بڕیاری سەبارەت بە نادەستوری بونی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و نادەستوری بونی چەند مادە و بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرباری بڕیارەکەی تری سەبارەت بە پرسی موچە و گرێدانەوەی سەرجەم موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە حکومەتی فیدڕاڵەوە. نەمانی کورسیی پێکهاتەکان کە پارتی سودمەندی یەکەم بو لە قورسایی ئەم کورسیانە بۆ نیسابی دانیشتن و دەنگدانی ناو پەرلەمانی کوردستان، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و، تەنانەت پیاچونەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لە لایەن دەستەی دادوەریی عێراق نەک هەرێم، پارتیی خستۆتە دۆخێکی نادڵنییاییەوە. بۆیەش دەستی کردوە بە زنجیرەیەک رێوشوێن و رەنگە تا ئاستی هەڕەشە کردن بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکان بڕوات. بژاردەکانی بەردەم پارتی کەم و سەختن، بەڵام ئەکرێ هەنگاوەکانی ئەم حیزبە لە سەرەتادا بۆ فشار بن بۆ گەرەنتی کردنی دۆخێکی باش بۆ خۆی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و، بەپێچەوانەشەوە  دور نییە هەنگاوی توندی تر بگرێتەبەر.

دۆخی هەرێمی کوردستان لەناو ئەم کێشمەکێشانەدا بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ئەڕوات، بەتایبەت ئەگەر دو فاکتەری تریش رەچاو بکەین، یەکەمیان پرسی بنەجێ کردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییە کە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لێداوە کە تا ئێستا هەڵوێستی پارتی و یەکێتی رون نییە لەبارەیەوە. بۆ نمونە داخۆ پارتی رێ بەو پرۆسەیە ئەدات؟ یەکێتی هەڵوێستی چی ئەبێت؟ چارەنوسی هەرێمی کوردستان چیی لێدێ ئەگەر فەرمانگەکانی سلێمانی رێوشوێنەکانی بنەجێ کردنی موچەیان گرتەبەر و پارتی دژی بو؟ لە هەمان کاتدا مەترسییەکی تر بەردەوام بونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەی تورکیایە بۆ هاتنەوە ناوەوەی هەرێم بە قوڵایی (٧٠) کیلۆمەتر، کە ئەمەش جارێکی تر هەرێم ئەکاتە مەیدانی ململانێی خوێناویی نێوان دەوڵەتانی ئیقلیمی و هێزە چەکدارە خۆماڵیییەکان.

پێشتریش وتومانە ئەم شێوازی حوکمڕانییەی ئێستای هەرێم بە تەواوی شکستی خواردوە و، بەردەوامیدان پێی تا دێت هەرێم لاوازتر ئەکات. هەر بۆیەش هەرێم پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە وەگەرنا قەوارەکەی بەرەو چارەنوسێکی نادیار مل ئەنێت.