ئەم کاتەت باش جەنابی سەرۆک...

31-05-2024 11:08

 

نووسینی: قوباد تاڵەبانی

پیرۆزبایی (٤٩)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لە تۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە قارەمانەکان و ئەندامان و سەرجەم لایەنگر و دۆستانی یەکێتی دەکەم. سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی بەرزی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان و  تێکۆشەران دادەنەوێنم. بەڵێن دەدەینەوە کە خوێندکاری بەوەفا و دڵسۆز و پێداگری ڕێبازەکەیان بین و تا بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان، لە خەباتدا بین و هیچ هەڵبەز و دابەزێکی ڕۆژگار نەتوانێت ساردمان بکاتەوە لە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێبازە.

ئەم بۆنەیە، وەکو دەرفەتێک دەبینم تا لە قووڵاییەکانی دڵمەوە، سوپاست بکەم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوون و کارانەی بۆ یەکێتییەکەمانت کرد. یەکێتیت خستە سەرڕێی سەرکەوتنەکان و شاڕێی ئارامی و گەشەسەندن و بەهێزی، یەکێتیت کردەوە بە چەقی بڕیاری سیاسیی کوردی و هێزی یەکلاکەرەوە. روئیاکانیت نەک تەنها لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو لە عێراقیشدا کردەوە بە نەخشەڕێگای سیاسی. ئەمانە وێستگەی پرشنگدارن و مێژوو تۆماری دەکات.

کە باسی مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت، دەبێت باس لەو بارودۆخە ئاڵۆز و ناهەموارە بکرێت کە بەهۆی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە دروست ببوو و ناخی هەموو کوردێکی ساغی پڕ کردبوو لە بێهیوایی. ڕژێـمی بەعسی دیکتاتۆریش لەوپەڕی هێزی خۆیدا بوو و هەرچی لە توانایدا بوو کردی بۆ سڕینەوەی گەلی کوردستان. لەو کاتە چارەنووسسازەدا، ڕابەر و سەرۆکی مێژووییمان، مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەر، یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دامەزراند و لەگەڵ سەرکردایەتیی ناوەوەی وڵاتدا، هاتنەوە کۆڕی خەبات. دۆڵ و چیا و دەشت و گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستانیان بە بڵێسەی شۆڕش ڕووناک کردەوە و یەکێک لە کاریگەرترین و پڕبەرهەمترین شۆڕشی ناوچەکە و جیهانیان هەڵگیرساند. شۆڕشێک جگە لەوەی بە سەدان کتێب لەبارەیەوە نووسراوە، تا ئێستایش کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە سەرسوڕمانەوە، چیرۆکی نەبەردییەکانی دەگێڕنەوە و هەتا کوردێکیش مابێت، ئەفسوونەکەی بەتاڵ نابێتەوە. گیانفیدایی و لەخۆبردوویی جەماوەری یەکێتی لەو قۆناغەدا، نموونەیەکی بێوێنەیە لە مێژوودا و ڕەنگە هیچ حیزبێک نەبێت لە دونیادا ‌هێندەی یەکێتی ئەندام و لایەنگری ئاوا دڵسۆزی هەبووبێت و هەبێت. یەکێتی بە ئازایەتی و چاونەترسیی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە خوێن و قوربانیدانێکی لەباسنەهاتوو، ئەم کوردستانە نازدارەی لەژێر دەستی ستەمی داگیرکەر و دیکتاتۆر ڕزگار کرد. لە چرکەساتەکانی سەرەتاوە، خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و نیشتیمانپەروەران بوون و هیچ کەس و لایەن و بارودۆخ و کارتێکەرێکیش، نەیتوانیوە یەکێتی و ئەو جەماوەرە لەیەکتر داببڕێت.

سەرۆکم، ئەزموونی سەرۆکایەتیی تۆ، گەڕانەوەیەکی تەواوە لە پشتبەستن بەو میراتە بەهادار و مانادارە. ئایدیاکانی مامی گەورەشمان، ڕاستەڕێی خەباتی ئێستا و داهاتوومانە. بە تەگبیری ورد و ئیرادە و حەماسەت و شەونخوونیت، جۆش و خرۆشی یەکێتییانەت لە تاک بەتاکی یەکێتییەکاندا دروست کردەوە و بە پەرۆش و ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، سەرکەوتنێكی لەیادنەکراو بۆ یەکێتییەکەیان تۆمار بکەن. بۆیە ئێمەومانانیش وەکو خوێندکار و شوێنکەوتوویەکی پابەند بەو ڕێبازە، هەموو کات لەپشتتین.

لەپشتتین، چونکە ئەمانەتێکی گرنگ و ئەرکێکی مێژوویی کەوتووەتە سەرشانت، سەرۆکایەتی و ڕێبەرایەتیی یەکێتییەک دەکەیت کە هەزاران شەهیدی بە ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان بەخشیوە و دەیان سەرکردەی نەزری کوردستان کردووە و هەڵگیرسێنەری شۆڕشی نوێ و مەشخەڵی تاریکترین چرکەساتی مێژووی ئێمەیە. هەر ئەو یەکێتییە، ئەندازیاری ڕاپەڕین و دروستکەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە و چیرۆکی نیو سەدە لە گیانبازیی پێشمەرگە و فەرماندەکانی لە بەگژداچوونەوەی زاڵمترین ڕژێمی دیکتاتۆری، لە ئەفسانە دەچێت. ئێمە دەزانین خۆشەویستیی تۆ بۆ یەکێتی و ڕێبازی مام، چەند قووڵ ڕۆچووەتە دڵ و گیانتەوە و چەند وردیش لەو عەقڵە سیاسییە گەورەیە تێگەیشتوویت کە ئەم حیزبەی دامەزراندووە. ئێستایش سەدان هەزار کەس بەدڵگەرمییەوە بەرگریی لەو ئایدیا و ڕێبازە دەکەن و بۆ بەدیهێنانی خەونی ئەو سەرکردە مەزنە، تێدەکۆشن.

لەپشتتین، چونکە لە ڕێگەی دیدار و کۆنگرەکەی یەکێتییەوە، بە پشتیوانیی ئەندامان و سەرکردەکانی، بە شێوازێکی ڕیشەیی پێداچوونەوەتان بە کاروبارەکانی ئۆرگان و پرۆگرامی یەکێتیدا کرد.

لەپشتتین، چونکە توانیت هێزەکان یەکدەست و پتەو بکەیت و هەموویانت خستەوە ژێر یەک چەتر کە ئامانجەکەی پاراستنی ئارامیی هەرێمەکەمانە.

لەپشتتین، چونکە تۆ بە سنگفراوانی هەوڵی یەکڕیزی و هاوسەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانت داوە و کردیشت. لە دیدی تۆدا، هەر جۆرە ناکۆکییەکی نێوان حیزبەکان، دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا و لە چوارچێوەیەکی گونجاوی ململانێدا بێت و نابێت سەربكێشێت بۆ ڕیسککردن بە کیانی هەرێمی کوردستانەوە کە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و تێکۆشانی زیاتر لە سەدەیەک لە ئینسانی کوردە.

لە هەمان کاتیشدا، جوامێرانە نەتهێشت مامەڵەکردنی نابەرپرسیارانەی هەندێک هێز و لایەن بەردەوام بێت، چونکە دەتزانی ئەگەر ستراتیژی سیاسیی کوردی بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دۆزی کوردی دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورە و سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی لە عێراقی فیدراڵدا بەدەستمان هێناون، لەدەستمان دەردەچن. بەشکۆوە، دژی ئەو سیاسەتە وەستایتەوە. بەوەش، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانت سەربەرزتر و کۆمەڵانی خەڵکی کورستانیشت بە یەکێتی، هیوادارتر کرد.

خاڵێکی هەمیشە گەشی دیکەی یەکێتیی، بڕواداربوونیەتی بە ئازادییە سیاسییەکان. دەبێت هەمووان بزانن ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە کەشوهەوای فرەیی سیاسیی دروست کردووە و لێ گەڕاوە حیزبی نوێ و گروپی نوێ دابمەزرێت و دژیشی کاربکەن. ئاخر تەنها یەکێتییە لە بیروڕای جیاواز ناترسێت و پێیوایە سیاسەت مەیدانی ململانێیە. ئامانجی تۆ، پاراستنی فرەڕەنگی و فرەدەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە.

گەشبینم بە سەرۆکایەتیت، چونکە دووربینی و پێداگری و وردبینیی تۆ و پتەویی ئەو ڕێبازەی سەرۆک مام جەلال بناغەکەی دیزاین کردووە، وادەکەن یەکێتییەکەمان هەرگیز نەکەوێت و کاروانی خەباتی درێژە بکێشێت و بەهێزتریش ببێت.

لە کۆتاییشدا، دەڵێم: پشتگیریکردنی گەنجان و خوێندکاران، لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم هاتنەپێشەوەی ژنان، ڕێگریکردن لە سەرانەوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنەوەی ئۆرگانەکانی حیزب و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان، بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی، هاوسەنگکردنەوەی هێز لە ناوخۆ و باڵانسکردنی ململانێ ناوچەیی و هەرێمییەکان، نەهێشتنی سیخوڕی و چاودێریکردنی ژیانی تایبەتی، سەرکەوتن بەسەر کۆسپ و کۆست و پیلانەکاندا، دروستکردنی کۆدەنگی لە بڕیاردا و سەرپێخستنی دونیابینیی سەردەمییانە بۆ یەکێتی، بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە دەستوورییەکان، شەڕی بەگژداچوونەوەی عەقڵییەتی شۆڤێنی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، گەڕان و سەردانی یەکلەدواییەکی پایتەخت و ناوەندەکانی بڕیار لە دونیادا بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی بۆ مافە ڕەوا و دیموکراسییەکانی گەلەکەمان، هەموو ئەمانە پێکەوە بە هیچ حیزب و سەرکردەیەک ناکرێت، جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکێک کە ناوی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە.

برات،

قوباد تاڵەبانی