نووسینی: هاوڕێ تۆفیق- شارەزای یاسایی
بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە ٢٢٤ و یەکخراوەکانی ٢٦٨/ فیدراڵی ٢٠٢٣ کە لە ٢٠٢٤/٢/٢سەبارەت بە موچە دەرچوو، بریارێکی ئێجگار فراوان و گشتگیر و دورودرێژبوو. دادگا جگە لە بریار، هاوکات چەند بنەمایەکی دادوەری لە ناوی دەقی بریارەکەیدا چەسپاند بوو،لەوانە پرۆسەی تەوتین بە هاوکاری وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێمی کوردستان ئەبێت. لە کاتی خۆیدا کاردانەوە سەبارەت بە بریارەکە جیاواز بوو ، چونکە بریارێکی دورودرێژو هەمەلایەنەبوو ، لێکدانەوەی جیاوازی هەڵئەگرت. ئاشکرایە لە کلتوری دادگاکاندا پاش دەرکردنی بریار کاری دادگا تەواو ئەبێت . بەڵام لەبەر ئەوەی بریارەکە هەمەلایەنە بوو هاوکات تەمومژی زۆری بۆ هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم تیابوو، بۆیە دادگا لە پێشهاتێکی تازەدا کاتی خۆی بەیانێکی دەرکرد، تیایدا جەختیکردوە کە پرۆسەی تەوتینی موچە چونکە پێویستی بە کاتە بۆیە هەتاوەکو پرۆسەکە تەواو ئەکرێ، ئەبێ موچە بەشێوەی کاش بدرێت. بەمەش گرێ کوێرەیەکی بۆ هەردوو حکومەت کردەوە، پاشان دەرگای کێشەیەکی تری هونەری بۆ تەوتین کرایەوە. بە گوێرەی بریارەکە پێویستە تەوتین لە بانکی حکومی دەرەوەی هەرێم بێت، بەمەش هەرێم پێداگیری کرد لە پرۆسەی تەوتینی خۆی کە ناوی (ئەژماری منە) بەگوێرەی نوسراوی روونکردنەوەی دادگای فیدراڵی ژمارە ١١٢/ت ق/٢٠٢٤/١٤٠٠٥ لە بەرواری ٢٠٢٤/٧/٣. ئەم گرێ کوێرەیەی دووەمیشی کردەوە. بۆ جاری دووەم لە پێشهاتێکی تازەدا دادگای فیدراڵی چارەسەرێکی ناوەخنی کردوە(حل الضمني) نوسراوەکەی دادگا دەڵێت پێویستە تەوتینی موچە لە بانکی حکومی بن ،کە ئەمەیان دووبارەکردنەوەی بریاری پێشوی دادگایە ،بەڵام ئەوەی تازەیە دەڵێت ؛تەوتین ئەو بانکانە ئەگرێتەوە کە بەگوێرەی نوسراوی ژمارە٦٩٤٤/٤/٩ لە بەرواری ٢٠٢٤/٦/٦لکە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقیەوە مۆڵەتپێدراون و لە کوردستان لقیان هەیە و ناویان هاتوە بەگوێرەی نوسراوەکەی بانکی ناوەندی. فەرمامبەرانیش ئازادن لە هەڵبژاردنی بانکەکان هاوشێوەی فەرمامبەرانی عێراق. لە راستیدا ئەمەیان گۆرانکارییەکی جەوهەرییە لە بریاری دادگا و پەسەندکردنی ئەژماری منە. چونکە بانکەکانی ئەژماری من لەگەڵ ئەوەی بانکی ئەهلین بەڵام مۆڵەتدراون لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە. ئەمەش دانپانانە بە ئەژماری من. لە کۆتایدا ئەوەی گرنگە موچەخۆر هەموو مانگێک مافی خۆی وەربگرێت. ئەتوانین بڵێین لە ئێستادا مافی موچەخۆری مەدەنی زامنکراوە.