نووسینی: سورکێو محەمەد
پارە، پەیام و میدیا، سێ وشەن کە بە زمانی ئینگلیزی سەرەتای هەریەکەیان بە پیتی -ئێم- دەست پێدەکات (Money, Message, Media)، ئەو وشانە مانا دەبەخشن بە سێ گرنگترین توخم بۆ هەر پڕۆژەیەکی سیاسیی.
دەستخستنی پارە بۆ سیاسییەکانی کوردستان ئاسان و بێ ماندووبوونە، بەڕێگای جیاوازو لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە، لەپڕدا سیاسیی بوون یەکسان دەبێت بە ملیۆنێربوون، بەڵام لە مێژە گوتراوە پارە هەمووشت نییەو ئەمە بە ڕوونی لە کوردستان سەلماوە، دەبینین مانگانە ملیۆنان دۆلار لە پڕۆژەی بەناو میدیایی بێکەڵکدا دەسووتێنرێت بێئەوەی سوودێکی ئەوتۆیان هەبێت تەنانەت بۆ خاوەنەکانیشیان! نزیکترین نموونەش میدیاکانی بارزانی و تاڵەبانییەکان و حیزبەکانیانە.
گرنگتر لە پارە، پەیامی سیاسی و پڕۆژەی میدیاییە کە بە تەواوەتی پەیوەستن بە ئەقڵ و توانای مرۆییەوەو پارە ناتوانێت بە تەنها ڕۆڵی کاریگەریان تێدا ببینێت.
کلیلی سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی سیاسی؛ پەیامێکی ڕوون و جیاوازە کە بناغەیەکی پتەوی هەبێ و بە شێوازێکی مۆدێرن بەڵام سادە داڕێژرابێت، هاوشانی میدیایەکی کاریگەر.
لە کوردستان میدیاو پڕۆژەی سیاسیی زۆر، بەڵام بۆر هەن، لە هەردوو کایەکەدا بۆشاییەک هەیە بە پڕنەکراوەیی ماوەتەوە، بایکۆتی لەسەدا ٧٠ی دەنگدەر لە هەڵبژاردندا سەلمێنەری هەبوونی ئەو بۆشاییەیە، هەربۆیە دەرگایەکی فراوان کراوەیە بۆ تاودانی ئەسپەکەو ڕکابەرییەکی بەهێز لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی سەردەمانێکە لە گۆڕەپانەکەدان و خەڵکیان بەلای خۆیاندا ڕانەکێشاوە.
پڕۆژە نوێیەکان چین و چییان دەوێت؟ لە کوێدا جیاوازن لەوانی دیکە؟ پەیامەکە دەبێت ڕوون وەڵام بداتەوە، جیاوازبوون لەسەر بنەمای لەوانی دیکە باشتربوون لە میدیاو پەیامی سیاسی دا، ڕاکێشەری خەڵکە، دەنگدەرانی بێبڕیار دەجوڵێنێت کە ئەوان زۆرینەن و لەتای تەرازوویەکدا قورسترن لە هەموو حیزبەکان لە تاکەی دیکەیدا.
پڕۆژە نوێیەکان کە وردەوردە دەبنە جێی قسەوباسی خەڵک لەوانەش بەرەی گەل-ی لاهور شێخ جەنگی، ئەزموونی چەندین پڕۆژەی دیکەی ئەم ساڵانەی دوایی-بەئێستاشەوە- لەبەردەمیاندایە، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن کە "سێ ئێم"ەکە بڕیاردەرە لەسەر پێگەی داهاتوویان لەسەر نەخشەی سیاسیی.