نووسینی: هۆشیار عەبدوڵا
سەبارەت بە تیرۆرکردنی هاوڵاتیەکی خێر لە خۆ نەدیوی سلێمانی، شەهید ئاری چایچی لە گەڕەکی ڕاپەرینی سلێمانی.
خەریکە کوشتن و تیرۆر لە سنوری سلێمانیدا بە تەواوی دەبێتە دیاردە، ئەوەی وایکردوە کە هێندە بێ باکانە مامەڵە لەگەڵ ژیان و رۆحی مرۆڤی ئەم هەرێمە و ئەم شارەوە بکرێ تەنها دیوێکی ستەمکاری و بەدکاری و زوڵم و زۆری دەسەڵاتە، کە بێ هیچ چەند و چونێک حزبی دەسەڵاتداری ئەم شارە تەحەمولی دەکات کە یەکێتییە، دیوەکەی تری نەبونی میدیایەکی کاریگەرە کە بەهای مرۆڤ لەسەروی هەموو بەهایەکی ترەوە بزانێ، میدیایەک کە رایگشتی دروست بکات، رایگشتییەک کە دەسەڵات سڵی لێ بکاتەوە، هەروەها نەبونی هێزگەلی جدی ئۆپۆزسیۆنیشە کە لە کوشت و بڕی هاوڵاتیان بێدەنگ نەبێت، بێدەنگ نەبوون بەمانای بونیی هەڵوێستی سیاسی جدی نەک تەنها کاری میدیایی؟!
دیقەت بدەن؛ ئەمشەو بە نا مرۆڤانەترین شێوە کاسبکارێک کوژراوە، کە چاو بە میدیاکاندا دەخشێنی وەک هەواڵێکی راگوزەر سەیری دەکەن، تا نوسینی ئەم دێرانەش یەک بەیاننامەی ئۆپۆزسیۆن یان حزب و لایەنە سیاسیەکانم نەبینیوە کە ئیدانەی بکەن و بچنە پاڵ ئەو مافە و دژی ئەم ستەمە بوەستنەوە، بە عەکسەوە خەریکی وەبەرهێنانی سیاسین لەو روداوانە؟! ئەم بێدەنگییە بۆ؟!
جیاوازی نێوان کوشتن و تیرۆرکردنی کاسبکارێک و رۆژنامەوانێک چییە؟! جیاوازی ژیان لێ سەندنەوەی نێوان چایچیەک و بازرگانێک چییە؟! ئەم هەموو بێ هەڵوێستییە بۆ؟!
لەم دوبارە بونەوەی تیرۆر و کوشتانانە کوا رۆڵی یاسا؟! داواکاریی گشتی لە کوێییە؟!
بەراست کێ حاکمی یەکەمی ئەم شارەیە؟! پارێزگارە ماوەبەسەرچوەکەی گۆڕان لە کوێیە؟! دەسەڵات هێزە ئەمنیەکانن یان حکومەت؟! لەم شارەدا چەک حوکم دەکات یان یاسا؟!
مەگەر خوا نافەرموێ کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوان وەک کوشتنی هەموو خەڵک وایە؟! کوا قسەی زانایانی ئاینی؟! کوا قسەی ئەو حزبە ئیسلامیانەی هەریەکەیان خۆیان وەک نوێنەری تاک و تەنهای ئیسلام دەخەنە ڕوو؟!
بۆ ئەوەی قوڵ هەست بەو برین و ئازە بکەین هەر دەبێ لە خۆمان لە خێزان و خانەوادە و نزیکەکانی خۆمان روبدات ئەوسا بێینە جواب؟! ئەمڕۆ چایچیەکە کە ناوی ئارییە و کوڕی کاک ڕزگارە بۆتە قوربانی، سبەی کوڕەکەی من و کوڕەی تۆ و کوڕەکەی ئێوەیە! ئەم بێدەنگییە لە هەموو جێگایەک بوەشێتەوە لە سلێمانی و مێژوی سلێمانی ناوەشێتەوە.