نووسینی: ڕێبوار کەریم وەلی
قۆناغی گوزەر لە بارزانیی باوک(مستەفا بارزانی)، خوێناوی بوو. باجەکەی لەناوچوونی خەون و هیوای میللەتێک بوو. ئاشبەتاڵ یان نسکۆی بەناو شۆڕش نەبوو. دیزاینی حوکمڕانیی ناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو، فاکتورەکەشی میللەت دایەوە. 1975 شۆڕش شکا، 1976 دەستی پێکردەوە!!
*
سەرکردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوین پێگەیەکی ئیلاهی و نەبەوییان بۆخۆیان داتاشیوە. شتێک نییە بەناوی دەستبەرداربوون!
*
دەبێ بمرن، بکوژرێن و یان بە کوتەک لە دەستەڵات دوور بخرێنەوە.
*
ئەگەرچی کاک مەسعود لە دوا کۆنگرەی پارتیدا، رایگەیاند کە دوورکەوتنەوەی لە سەرۆکایەتی بە مردن نابێ، بەڵام لە تەمەنی 78 ساڵیدایە و پێناچێ ئەوەی ئەو مەبەستییەتی هاتبێتە دی! بۆیە هەر بەردەوامە.
*
باوکی کاک مەسعود لە ماوەیەکی کەمدا، بە گرەنتی کردنی پشتیوانیی برا گەورەکەی واتا کاک ئیدریس، لەناوخۆی پارتیدا، هیچ لەمپەرێکی لەبەردەم جێگرتنەوی ئەودا نەهێشت و گەورەترین تەسفییەی حزبی و عائلیی کرد، بەڵام ئەوە دە ساڵی رەبەقە کاک مەسعود ئەوەی بۆ مەسروری کوڕی پيناکرێت.
*
لە پڕی دەکات، لێیدەڕژێ، لە بەتاڵی دەکات پڕی ناکات! بابی ئارینی زۆری ماوە…
*
ئەگەرچی لە بنەڕەتدا، دەبوایە دوای بڕیاری سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم کاک مەسعودیش رایگەیاندبایە کە کاری ئەو تەواو بووە و، پارتی و ئەزمونەکەی دابایە ئەو دەستەی کە قەوارەکەی رزگار کرد، بەڵام کاک مەسعود کەوتە دوای تۆڵەسەندنەوە و، فەڕزکردنی کوڕەکەی.
*
بۆ؟
*
کاک مەسعود سەرکردەیەکی سەردەمی خۆیەتی و لەو چوارچێوەیەدا، مێژوو حوکمی لەسەر دەدات، بەڵام ئەمڕۆکە پێگەکەی پتر لەوەی لە خزمەتی میللەت و تەنانەت حزبەکەشیدابێت، خراوەتە خزمەتی ئەوەی کە کوڕە گەورەکەی چۆن بتوانی لەو پێگەیەوە بچێتە جێگەی باوکی!
*
کاک مەسعود نەیتوانی دەوڵەت بۆ کورد دروست بکات، بەڵام مانەوەی لەو پێگەیەدا و پشتیوانیی رەهای لە کوڕەکەی، هەرێمی فیدراڵی پێش رووخانی سەددامی بردەوە چوارگۆشەی یەکەم کە حوکم زاتییەکەی 1970 یە.
*
کاتی ئەوە هاتووە کە کاک مەسعود بکشێتەوە. رەنگبێ دوای بسمارک و هیتلەر هیچ سەرکردەیەک بەقەدەر مێرکڵ شانوشکۆی ئەڵمانیای نەبردبێتە سەر، بەڵام کشایەوە و ئەڵمانیاش نەڕووخا! نەکشانەوەی کاک مەسعود رێگرە لەوەی کە هەقی مێژوویی بدرێ بە خاوەن هەق و، بە ئاشکرا کارکردنە بۆ بە دووپارچەکردنی هەرێمەکە.
*
مانەوەی کاک مەسعود لەو پێگەیەی ئێستای، نەک هیچ ئیزافەیەک نابێ بۆ رۆڵ و مێژووی ئەو، بگرە بەلاداخستنی رێڕەوی حوکمڕانیی ناو پارتی و کوردستانیش بەرەو ئاقارێکی خراپ و دژواردا دەبات. هاوکات کاک مەسعود بەو پشتیوانییە رەهایەی کە لە کوڕەکەی دەکات، ئۆباڵی بەشێکی زۆر لە شکست و خراپەکارییەکانی دەخرێتە ئەستۆوە.