دەربارە

13-05-2021 12:09

پەرەگراف ماڵپەڕێكی كوردیی ئازاد‌و سەربەخۆیە، لە میانی كاركردنیدا ڕەچاوی بنەما ئەخلاقی‌و پیشەییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی دەكات (هاوسەنگی، وردبینی و بەویژدانی).

پەرەگراف ڕووماڵی پرسەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكات‌و گرنگیی بە ڕاپۆرتی بنكۆڵكاریی‌و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانیی دەدات وەك ژانرێكی گرنگی ڕاگەیاندن لە بوارە سیاسی، ئابوری، ژینگەیی‌و كۆمەڵایەتییەكان.

پەرەگراف وەك میدیایەكی سەربەخۆ لەژێر دروشمی "بنەمای پەرەگراف متمانەیە" ئێستا لە پێنجهەمین ساڵی كاركردنیدایە، بۆ دووەمجارە سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و بۆ ساڵی 2021-2022 لەلایەن (سندوقی نیشتمانی ئەمەریكی بۆ دیموكراسی NED) پاڵپشتی دارایی دەكرێت بە بڕی 45 هەزار دۆلار، ئەو سندوقە لەژێر دروشمی "پاڵپشتیی ئازادی لەسەرتاسەری جیهاندا" لە 100 وڵات كار دەكات.

سەربەخۆیی ماڵپەڕی پەرەگراف كە هۆكاری سەرەكیی متمانە پێكردنییەتی، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت بە پارەی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەرەكەی دامەزراوە كاتێك لە ساڵی 2017دا ئۆتۆمبێلێكی خۆی فرۆشتووە بۆ دامەزراندنی ماڵپەڕەكە، پاشان سەرچاوەی داهاتی پەرەگراف ڕیكلامی كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و پاڵپشتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بووەو بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت.

ئەوە دووەمجارە پەرەگراف سەركەوتوو دەبێت لە بەدەستهێنانی متمانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌، ساڵی 2018 تۆڕی نێودەوڵەتی ئۆپن سۆسایەتی(Open Society Foundations) كە بارەگای سەرەكی لە شاری نیویۆركی ئەمەریكایە، پاڵپشتی دارایی پەرەگرافی كرد بۆ ماوەی یەك ساڵ بە بڕی 24 هەزار دۆلار.

هاوكات لەگەڵ بەدواداچوون‌و كارە ڕۆژنامەوانییەكانیدا، پەرەگراف كاردەكات بۆ باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەوانیی‌و بەرزكردنەوەی ئاست‌و توانای ڕۆژنامەنووسان، لەو چوارچێوەیەشدا ساڵی 2020 خولێكی چڕی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی كردەوە بۆ 12 ڕۆژنامەنووس كە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوون، خولەكە ماوەی 3 مانگی خایاند بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.

بەشی كوردیی پەرەگراف لە مانگی 1ی 2017 دەستی بەكار كرد، لە مانگی 11ی 2018 بەشی ئینگلیزیی كردەوەو بابەتەكانی بە كوالێتییەكی بەرز دەخاتەبەردەم خوێنەرانی ئینگلیزیی زمان.