پەرەگراف - ئارش محەمەد
زۆربوونی نەخۆشیی كشتوكاڵی، دەرمانی خراپ، گرانیی پێداویستییە كشتوكاڵییەكان، ساغنەبوونەوەی بەرهەم بە نرخی گونجاو و سستیی پاڵپشتیی حكومەت، كێشە سەرەكییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستانن. نەخۆشیی كشتوكاڵی ئەمساڵ زیانی گەورەی بە جووتیاران گەیاند و "جووتیار هەیە 300 ملیۆن دینار زیانی بەركەوتووە". بەهۆی دابیننەكردنی بودجەیشەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ ناتوانێت هاوكاری و پاڵپشتیی پێویست پێشكەش بە جووتیاران بكات.
وەرزی كۆكردنەوەی بەروبوومە هاوینەكان كۆتایی هاتووە و جووتیاران چاوەڕوانی دابارینی بارانن بۆ ئەوەی دەست بە كێڵان و وەشاندنی تۆوی دانەوێڵەكانیان بكەن، بەڵام نیگەرانن كە خەرجیی كشتوكاڵی بارگرانییەكی زۆریی هێناوەتە سەریان. جووتیاران پێیان وایە كە ئەوەی لە كۆتاییدا دەیچننەوە، لە ئاست ماندووبوونـی ئەواندا نییە.
محەمەد حەسەن، یەكێك لە جووتیارە دێرینەكانی قەزای شارەزوورە، بۆ پەرەگراف دەڵێت "حكومەت نەك بەپێی پێویست هاوكاریی جووتیاران ناكات، بەڵكو بە كاری ڕۆتینات و وەرنەگرتنی بەرهەمەكانمان و درەنگخستنی پارەكانمان، لە كشتوكاڵكردن ساردمان دەكاتەوە".
ئەو جووتیارە ئاماژە بەوە دەكات، هاوكاریی حكومەت ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی زیاتر ڕوو لە كشتوكاڵ بكەن و دەڵێت "ساڵانی زوو، حكومەتی لەناوچووی عێراق، بنەتۆ، كووت، دەرمانی بژار و مێرووی بەسەر جووتیاراندا دابەش دەكرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێك كات حكومەت بۆ قەڵاچۆكردنی مێرووی زیانبەخش، بە فڕۆكە دەرمانی دەڕشت. هاوكات تراكتۆر و ئامێری كشتوكاڵی بە قیستی درێژخایەن بە جووتیاران دەدرا".
خاكی كوردستان یەكێك لە باشترین خاكەكانی جیهانە بۆ كشتوكاڵ. دەشتی شارەزوور لە ڕیزی دەشتە بەناوبانگ و بەپیتەكانی دنیادایە، بەڵام تا ئێستا كشتوكاڵكردن بە شێوازی نوێ و پێشكەوتوو لە ناوچەكەدا پەرەی نەسەندووە. ئەمە جگە لە دەیان كێشە و گرفتی دیكە كە ڕێگرە لە پێشكەوتنی كشتوكاڵ.
فەرەیدوون حەسەن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی شارەزوور، بە پەرەگرافی وت "بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی بەردەوامی دارایی، هاوكارییەكانمان بۆ جووتیاران لە ئاست ویستی ئێمە و جووتیارانیش نییە".
هاوكات بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی شارەزوور ڕەتی دەكاتەوە كە تەواوی هاوكارییەكان بۆ جووتیاران ڕاگیرابێت. پەرەگراف پرسیی: ئەی چ هاوكارییەكی جووتیاران دەكەن؟ لە وەڵامدا وتی "نرخی تەنێك بنەتۆوی دانەوێڵەمان لە ملیۆنێك دینارەوە بۆ 450 هەزار دابەزاندووە، لەسەدا 30ـی دەرمانە كشتوكاڵییەكان لەلایەن حكومەتەوە بۆ جووتیاران دابین دەكرێت".
هاوكارییەكانی حكومەت بۆ جووتیاران، بەتایبەت لە ساڵی 2014ـەوە ڕاگیراون، یاخود بە تەواوی سنووردار كراون. ئەمەش بە پاساوەكانی هاتنی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و نەهاتنی بودجە لە عێراقەوە. بەڵام دوای 11 ساڵ و ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەكە، هێشتا لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی بەردەوامن.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "پێش 2014، لە ڕێگەی بانكی كشتوكاڵییەوە قەرز بە جووتیاران دراوە بۆ كڕینی تراكتۆر و ئامێری كێڵان و دەڕاسە، لێدانی بیر و دروستكردنی حەوزی ئاو، بەڵام ئەو بابەتانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە سنووردار كراون".
ساغنەبوونەوەی بەرهەم بەو جۆرەی كە لە ئاست خواستی خۆیاندا بێت، گرفتێكی دیكەی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە. هەرچەندە وەزارەتی كشتوكاڵ لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا، قەدەغەی هاوردەكردن دەخاتە سەر بەرهەمی دەرەكی، بەڵام جووتیارانی پێیان وایە كە وەزارەتەكە لەو كاتانەشدا ناتوانێت كۆنترۆڵی هاوردەی بەرهەمی دەرەكی بكات و بە قاچاخ هەر داخڵ دەكرێت.
پەرەگراف لەگەڵ چەند جووتیارێك قسەی كرد، ئەوان دەڵێن "تا ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ و هیچ لایەنێكی دیكەی پەیوەندیدار، نەیانتوانیوە لە هیچ كاتێكدا كۆنترۆڵی بەقاچاخ هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی بكەن، هەر بۆیە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ جووتیاران كەمترین پارە دەكات، هێشتا بەقاڵ و فرۆشیارەكان زۆر زیاتر قازانجی لێ دەكەن".
زۆربوونی نەخۆشی و دەرمانی خرپ
یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان، زۆربوونی نەخۆشییە كشتوكاڵییەكانە، لەویش خراپتر، خراپیی دەرمانی كشتوكاڵییە. گرانیی دەرمان، دەرمانی كوالێتی نزم، دەرمانی خراپ و خراپ هەڵگرتنی دەرمان، ئەمانە گرفتەكانی پەیوەست بە دەرمانی كشتوكاڵین.
عومەر كەریم، جووتیارێكی دیكەی دەشتی شارەزوورە، بە پەرەگرافی وت "نەخۆشییە كشتوكاڵییەكان بەردەوام لە زۆربوون و گۆڕاندان، هەندێك نەخۆشیی كشتوكاڵیش دەمێك ساڵە هەن و تا ئێستا نەتوانراوە لە كوردستاندا كۆنترۆڵ و چارەسەر بكرێن".
ئەو جووتیارە وتیشی "ساڵی ڕابردوو بەهۆی كەمبارانییەوە، جووتیاران زیاتر ڕوویان لە بەرهەمی تەڕەكاڵ كرد، بەڵام نەخۆشیی بەرهەمەكان، ڕەنجی بەشێك لە جووتیارانمانی بە با دا. بەشێوەیەك جووتیارمان هەبووە بە بەهای 300 ملیۆن دینار زیانی كردووە، ئەویش كاتێك بێستانێكی گەورەی شووتیی بەهۆی نەخۆشیی (ڕەقە)وە بە تەواوی لەناو چوو. دەیان جووتیاری دیكەش زیانی پێنج تا 50 ملیۆن دیناریان كردووە".
عەبدوڵڵا محەمەد، شارەزای بواری پەیین و دەرمانی كشتوكاڵی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "حكومەتی عێراق ساڵانە دەرمان لە جۆری بایەر بۆ بژاركردنی بەرهەمی دانەوێڵە بەسەر جووتیاران دابەش دەكات، بە نرخی پاڵپشتیكراو كە 50 هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێژەكەی، جووتیارانی ناوەڕاستی عێراق بەرهەمەكە بە گرانتر بە بازرگانەكانی هەرێم دەفرۆشنەوە، بازرگانە كوردەكانیش كە بە 90 هەزار بەرهەمەكەیان دەستكەوتووە، بە 150 بۆ 200 هەزار دینار بە جووتیارە كوردەكانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشنەوە".
عەبدوڵڵا محەمەد كە كاری وەشاندنی دەرمانی كشتوكاڵی لە سنووری دەشتی شارەزوور ئەنجام دەدات، هۆكاری پەنابردنی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ كڕینەوەی دەرمانی جووتیارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "بەرهەمە كیمیاییەكانی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لەسەدا 70ـیان كوالێتییان نزمە".
بەشێكی زۆری دەرمانە كشتوكاڵییەكان بەشێوەی قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان. وەكوو شارەزاكەی پەیین و دەرمانی كشتوكاڵی دەڵێت، گرفتێكی دیكەی دەرمانەكان ئەوەیە كە "لە شوێنی باش دانانرێن، چونكە زۆرێك لەو كەسانەی نووسنگەكانی كشتوكاڵی بەڕێوە دەبەن، شارەزایی ئەكادیمییان نییە".
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، نەیشاردەوە كە بە قاچاخ هێنانی دەرمانی كشتوكاڵی بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و كۆنتڕۆڵ نەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، یەكێكە لە "گرفتە سەرەكییەكان"ـی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ، بەڵام جەختی كردەوە كە ڕێكاری بەردەوام لە دژیان دەگرنە بەر.
"بۆ كۆنترۆڵكردنی دەرمانە كیمیایی كشتوكاڵییە قاچاخ و خراپەكان، لەگەڵ قایمقامییەتی مەڵبەندی سلێمانیدا تیمی بەردەوامی چاودێریكردنمان هەیە، ساڵانە بە سەدان تۆن دەرمانی خراپ دەستی بەسەردا دەگیرێت"، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.