شیکاریی بۆ دەنگ و کورسیی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان؛ حیزب بە حیزب

13-11-2025 01:25

پەرەگراف- بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان پارتی وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوەو بەدوایدا یەکێتی وەک حیزبی دووەمی حوکمڕان، گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕوویداوەو نەوەی نوێ گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو یەکگرتووی ئیسلامی دوای ١٥ ساڵ گەڕاوەتەوە پلەی سێیەم گەورەترین حیزب، ڕەوتی هەڵوێست بازێکی گەورەیداوەو پێش نەوەی نوێ کەوتووە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە کۆی ٤٦ کورسی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە دوو کورسیان تایبەتن بە کۆتاکان (پێکهاتەکان)، ٤٤ کورسییەکەی دیکە بەم شێوەیە بەسەر پارتەکاندا دابەش دەبن:

هەولێر (١٥ کورسی): پارتی ٩، یەکێتی ٣، هەڵوێست ٢، نەوەی نوێ ١.

سلێمانی (١٨ کورسی): یەکێتی ٨، هەڵوێست ٣، نەوەی نوێ ٢، پارتی ٢، یەکگرتوو ٢، کۆمەڵ ١.

دهۆک (١١ کورسی): پارتی ٩، یەکگرتوو ٢

بە گشتی، دابەشبوونی کورسییەکان لە هەرێم بەم شێوەیە دەبێت: پارتی ٢٠، یەکێتی ١٠، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.

لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان ٥٨ کورسییەکان بەدەستهێناوە(بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم) لە کۆی ٣٢٩ کورسی، بەم شێوەیە: پارتی ٢٧، یەکێتی ١٨، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.

پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ساڵی ٢٠٢٥ لە هەرێمی کوردستان، پارتی کۆی گشتی ٨٥١,٤١٢ دەنگی بەدەستهێناوە کە ئەمە بەرزبوونەوەیە بە ڕێژەی ٤.٨% بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٤دا کە ٨١٢,٧٩٤ دەنگی بەدەستهێنابوو.

دهۆک: ٤١٣,٦٩٨ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٤٠٢,١٥٢ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤)

پارتی بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر دهۆکدا، وەک هێزی حوکمڕانی بێ ڕکابەر ماوەتەوە. دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزە.

هەولێر: ٣٦٩,١١٨ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٣٤٧,٧٨٦ی ساڵی ٢٠٢٤)
هەولێر وەک قەڵای دووەمی پارتی دەمێنێتەوە.

سلێمانی و هەڵەبجە: ٦٨,٥٩٦ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٦٢,٨٥٦ی ساڵی ٢٠٢٤)
سەرەڕای لاوازیی ئامادەیی بە شێوەیەکی نەریتی لە سنووری یەکێتی، بەڵام پارتی گەشەیەکی کەمی کردووە لە سلێمانی و هەڵەبجە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان

کۆی دەنگەکانی یەکێتی بۆ ٣٤٠,٦٢٣ دەنگ دابەزیوە لە ٤٠٩,٥٤٨ی ساڵی ٢٠٢٤وە، کە ئەمەش دابەزین بە ڕێژەی ١٦.٨% پیشان دەدات، هۆکارێکی ئەم دابەزینە دەنگدانی یەکێتییە لە دهۆک بە کاندیدی بزووتنەوەی بابلیونی ڕەیان کلدان، لە کاتێکدا کاندیدەکەی ڕەیان کلدانی دەرنەچوو، هەروەها یەکێتیش خۆی کورسی نەبردەوە لەو پارێزگایە.

لە دهۆک: یەکێتی ٢,٤٢٣ دەنگی هێناوە (دابەزین لە ٢٨,٥٥٧ی ساڵی ٢٠٢٤)
هەولێر: ٩٧,٣٠١ دەنگ (دابەزین لە ١١١,١٠٢ی ساڵی ٢٠٢٤)
یەکێتی دەنگەکانی لە هەولێر کەمی کردووە، بەڵام ئامادەیی خۆی لەو پارێزگایە پاراستووە.

سلێمانی و هەڵەبجە: ٢٤٠,٨٩٩ دەنگ (دابەزین لە ٢٦٩,٨٨٩ی ساڵی ٢٠٢٤)
یەکێتی کۆنتڕۆڵی قەڵا مێژووییەکانی پاراستووە، بەڵام لەدەستدانی دەنگەکان ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ناڕەزایی خەڵک و ڕکابەری لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

یەکگرتوو براوەیەکی هەڵبژاردنە بەپێی ڕێژەی دەنگەکانی، بەڵام کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق زیادی نەکردووەو وەکخۆی دەمێنێتەوە کە ٤ کورسییە.,

دەنگەکانی یەکگرتوو لە ١١٧,٤٤٤ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٦٦,٩٠٤ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش زیادبوونێک بە ڕێژەی ٤٢.١% پیشان دەدات.

دهۆک: ٧٢,٩٥٩ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٤٢,٧٣٢ی ٢٠٢٤)

هەولێر: ٢٨,٦٥٠ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٢٤,١٧٨ی ٢٠٢٤)

سلێمانی و هەڵەبجە: ٦٥,٨٩٥ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٥٠,٥٣٤ی ٢٠٢٤)

یەکگرتووی ئیسلامی بە نزیکەیی دوو هێندە دەنگی خۆی لە دهۆک زیاد کردووە و گەشەیەکی جێگیری لە شوێنەکانی دیکەش تۆمار کردووە، خۆی وەک هێزی سێیەمی هەرێمی کوردستان ناساندووە.

ڕەوتی هەڵوێست

هەڵوێست گەورەترین براوەی هەڵبژاردنەکەیە، لە ٥٤,٧٢٥ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٥٦,٩٣٢ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥ بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش زیادبوون بەڕێژەی ١٨٦.٧% پیشان دەدات.

دهۆک: ١٨,٣١٤ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٨,٤٣٨ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤)

هەولێر: ٦٣,٢٨٨ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ١٦,٨٧١ی ٢٠٢٤)

سلێمانی و هەڵەبجە: ٧٥,٣٣٠ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٣٠,٦٩٩ی ٢٠٢٤)
هەڵوێست لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەنگەکانی زیادی کردووە، دیارترین لایەنی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکەیەو گرووپێکی بچووکی ئۆپۆزسیۆنەوە گۆڕاوە بۆ هێزێکی گرنگ.

نەوەی نوێ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دابەزینێکی زۆری بەخۆوە بینیوە، لە ٢٩٢,٠٣٢ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٢٣,٣٣٤ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە، کە ئەمەش دابەزین بە ڕێژەی ٥٧.٨% پیشان دەدات.

دهۆک: ١٤,٦٧١ دەنگ (دابەزین لە ٤٦,٦٣١ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤)

هەولێر: ٣٨,٩١١ دەنگ (دابەزین لە ١٠٤,٢٢٢ی ٢٠٢٤)

سلێمانی و هەڵەبجە: ٦٩,٧٥٢ دەنگ (دابەزین لە ١٤١,١٤٩ی ٢٠٢٤)

نەوەی نوێ کە سەرۆکەکەی لە زیندانە، پێشتر پێشەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم بوو، بەڵام ئەو پلەیەی لەدەستدا.

کۆمەڵی دادگەری کوردستان

دەنگەکانی کۆمەڵ دابەزینی بەخۆوە بینیوە لە ٦٤,٨٦٤ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٤٩,٧٤٨ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥، کە ئەمەش کەمبوونەوە بە ڕێژەی ٢٣.٣% پیشان دەدات.

دهۆک: ١,٤١٩ دەنگ (دابەزین لە ٣,٦٧٧ی ساڵی ٢٠٢٤).

هەولێر: ١٣,٧٧٢ دەنگ (دابەزین لە ٢٠,٢٦٥ی ساڵی ٢٠٢٤).

سلێمانی و هەڵەبجە: ٣٤,٥٥٧ دەنگ (دابەزین لە ٤٠,٩٢٢ی ساڵی ٢٠٢٤).

بەرەی گەل

بەرەی گەل کە هاوشێوەی نەوەی نوێ سەرۆکەکەی لە زیندانە، دەنگەکانی لە ٣٣,٤٦١ دەنگی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٩,٢٩٣ دەنگ لە ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە، کە ئەمەش کەمبوونەوە بە ڕێژەی ٤٢.٤% پیشان دەدات.

دهۆک: ٢,٧٨٨ دەنگ (بەرزبوونەوە لە ٢,٦٠٥ی ساڵی ٢٠٢٤).

هەولێر: ٥,٥٨٤ دەنگ (دابەزین لە ٩,٧٧٦ی ساڵی ٢٠٢٤).

سلێمانی و هەڵەبجە: ١٠,٩٢١ دەنگ (دابەزین لە ٢١,٠٨٠ی ساڵی ٢٠٢٤).