دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن متمانەی زۆرینەیان نییە؛ بەرەی بایکۆت لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیەو ٤٤%ی تێپەڕاند

15-11-2025 06:27

پەرەگراف

بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان گەیشتە سەروی ٤٤%، شیکاریی داتاو ئامارە فەرمییەکان ئەوە پیشان دەدەن، هەرچەندە خەڵکی کوردستان ناڕازین لە پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی حکومڕان کە بە دەنگی کەمینەی کۆمەڵگە حکومڕانیی دەکەن، هاوکات خەڵک لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک بەدیلی دەسەڵات نابینن و متمانەی زۆریان پێیان نییە.

ئەم ڕاپۆرتەی پەرەگراف شیکردنەوەیە بۆ ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ١١ی ئەم مانگە ئەنجام درا.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ٣,٨٨٣,٥٠١ کەس مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام پێش هەڵبژاردنەکە ٨١٥,١١٧ کەس تۆماری دەنگدەرانیان نوێ نەکردبووەوەو بایکۆتی پێشوەختەیان ڕاگەیاند کە دەکاتە ڕێژەی ٢١% ئەوانەی مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەبوو.

هەروەها ٣,٠٦٨,٣٨٤ کەس تۆماریان نوێ کردبووەوەو مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، لەو ژمارەیە  ٢,١٤٩,٢٣٨ کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردو دەنگیاندا کە دەکاتە ٧٠% هەروەها ٩١٩,١٤٦ کەس کە دەکاتە ٣٠%ی ئەوانەی تۆماری دەنگدەرانیان نوێ کردبووەوە، نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و لە ڕۆژی هەڵبژاردن بایکۆتی پڕۆسەکەیان کرد.

بە کۆی گشتی لە  ٣,٨٨٣,٥٠١ کەس کە لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو، ١,٧٣٤,٢٦٣ کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکردو دەنگیان نەدا کە دەکاتە ڕێژەی ٤٤.٦٧% بەوانەی تۆماری دەنگدانیان نوێ نەکردبووەوەو ئەوانەیشی ڕۆژی هەڵبژاردن نەچوون بۆ دەنگدان.

بە حەوت حیزبی دیاری هەرێمی کوردستان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ١,٦٥٢,٩٥٣ دەنگیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکە کە ناکاتە کۆی دەنگی ئەوانەی بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەیان کردو نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەوانەی چوونەسەر سندوقەکان دەنگەکانیان سووتاند و دەنگیان بە هیچ لایەنێک نەدا.

کۆی دەنگەکانی پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی حوکمڕانن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، پارتی ٨٥١,٤١٢ دەنگی بەدەستهێناوەو یەکێتی ٣٤٠,٦٢٣ کە بە هەردووکیان دەکاتە ١,١٩٢,٠٣٥ دەنگ، ڕێژەی ٣٠.٦٩%ی ئەو٣,٨٨٣,٥٠١ کەسە دەکات کە مافی بەشدارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبوو.

هەروەها دەنگەکانی پارتی و یەکێتی پێکەوە ڕێژەی ٣٨.٨٣%ی ئەو٣,٠٦٨,٣٨٤ کەسە دەکات کە تۆماری دەنگدانیان نوێ کردبووەوەو بۆیان هەبوو دەنگ بدەن، بەڵام بەشێکیان نەچوون بۆ دەنگدان.

هاوکات پارتی و یەکێتی پێکەوە ٥٥.٤٨%ی دەنگی ئەو ٢,١٤٩,٢٣٨ کەسەیان بەدەستهێنا کە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردو دەنگیاندا، پارتی بە تەنها ٣٩.٦٢% و یەکێتی ١٥.٨٥%ی کۆی دەنگی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا.

پێنج لایەنی دیاری ئۆپۆزسیۆن (یەکگرتوو، هەڵوێست، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و بەرەی گەل) پێکەوە ٥١٦,١٥٧ دەنگیان بەدەستهێنا کە دەکاتە ڕێژەی ٢٤%ی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردو دەنگیاندا، هەروەها دەکاتە ١٣.٢٩%ی ئەوانەی مافی دەنگدان و بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەبوو.

کۆی دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن (ئەوانەی تۆماری دەنگدەرانیان نوێ نەکردەوەو ئەوانەیشی ڕۆژی هەڵبژاردن بایکۆتیان کرد) دەکاتە ٢,٢٥٠,٤٢٠ دەنگ کە ڕێژەی ٥٧.٩٥%ی ئەو ٣,٨٨٣,٥٠١ کەسەی کە مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردن هەبوو.

بایکۆت لەسەر ئاستی پارێزگاکان

سلێمانی و هەڵەبجە

بایکۆت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە پێکەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن بوون، بەرزترین ڕێژەی هەبوو، لەو ٣,٠٦٨,٣٨٤ کەی لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەبوو، ١,٢٠١,٦٥٨ کەسیان لە بازنەی سلێمانی بوون لەو ژمارەیە ٧٤٢,٨٣٦ کەسیان بەشدارییان کردو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت چوونەسەر سندوقەکان و دەنگیاندا، ٤٥٨,٨٢٢ کەس کە دەکاتە ڕێژەی ٣٨.١٩% نەچوون بۆ دەنگدان.

هەروەها ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردو دەنگەکانیان بە پووچەڵ هەژمارکرا ڕێژەیەکی زۆریان لە سلێمانی و هەڵەبجە بوون، بەشێکیان بە مەبەست دەنگەکانیان سووتاندو بەشێکی دیکەیان بە هەڵە دەنگیاندا، بەڵام ئاماری فەرمیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەبارەی دەنگە پووچەڵەکان لەبەردەستدا نییە، هەربۆیە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێنەکراوە، زۆرینەی دەنگە پووچەڵەکانیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەرەی ناڕازی و بایکۆتی هەڵبژاردن هەژمار دەکرێن.

هەولێر

لە هەولێر ١,٠٨٧,٨٨٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت لە هەڵبژاردنەکە، لەو ژمارەیە ٨٠١,١٠٦ کەس دەنگیانداو ٢٨٦,٧٧٤ کەس کە دەکاتە ڕێژەی ٢٦.٣٦% نەچوون بۆ دەنگدان.

دهۆک

لە دهۆک ٧٧٨,٨٤٦ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە دەنگدانی گشتی و تایبەت، لەو ژمارەیە ٦٠٥,٢٩٦ کەس چوونەسەر سندوقەکان و دەنگیانداو ١٧٣,٥٥٠ کەس دەکاتە ڕێژەی ٢٢.٢٩% نەچوون بۆ دەنگدان.

دەسەڵات بەبێ پشتیوانی جەماوەریی

ڕێژەی بایکۆتی 44.67% ساردبوونەوەی دەنگدەران بێهیوایی پیشان دەدات، ئەمە ئاماژەیە بۆ قەیرانی شەرعیەتی دیموکراسی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا. کاتێک زۆرێک هاوڵاتیانی خاوەن مافی دەنگدان بەشداری ناکەن، متمانەی دیموکراسی نوێنەرانی هەڵبژێردراو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە کۆنتڕۆڵی حکومڕانییان کردووە، دەنگی تەنها 30.69%ی دەنگدەرانی خاوەن مافیان هەیەو پاڵپشتییان دەکەن، ئەمەش دابڕانێکی قووڵی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و پشتیوانی جەماوەریی پیشان دەدات.

سەرەڕای ناڕەزایی گشتی، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنها 24%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوەو نەیانتوانیوە بایکۆت و ناڕەزایی بگۆڕن بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردن بەسەر پارتە دەسەڵاتدارەکاندا، ئەمەش کەمیی متمانەپێکردنیان پیشان دەدات کە بەرەی ناڕازیی و دەنگدەران، ئۆپۆزسیۆن وەک بەدیلێکی گونجاو نابینن.