پەرەگراف- لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كورد زیاتر لە 550 هەزار دەنگ و 13 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا. پەرتەوازەیی لە بەشداریی هەڵبژاردندا و لەسەر كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، وای كرد كورد كورسی لەو ناوچانە لەدەست بدات، بەتایبەت لە كەركووك، سەلاحەدین و دیالە، سێ بۆ چوار كورسیی مسۆگەری لەدەست چوو.
لە چوار بازنەی كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین كە ناوچە كوردستانییەكان لەخۆ دەگرن، كورد لە هەندێكیان بە سێ و لە هەندێكیان بە پێنج لیستی جیاواز بەشداریی كرد، بە گشتی 556 هەزار و 463 دەنگ و 13 كورسییان بەدەست هێنا. لە كەركووك 5 كورسی، نەینەوا 7 كورسی، دیالە 1 كورسی، بەڵام لە سەلاحەدین هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
پارتی، یەكێتی، نەوەی نوێ، بەرەی گەل و پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لیستیان بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان هەبوو، لەگەڵ بوونی كاندیدێكی سەربەخۆی كورد لە كەركووك، بەڵام ڕەوتی هەڵوێست، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری لیستیان لەو ناوچانە نەبوو، سەرئەنجامیش جگە لە پارتی و یەكێتی، هیچ لایەنێكی دیكە نەیانتوانی كورسی بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە بەگشتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، یەكێتی 20 هەزار دەنگ زیاتری لە پارتی هێناوە، بەڵام بەهۆی شێوازی دابەشبوونی دەنگەكان، دوو كورسی كەمتر لە پارتیی هێناوە.
بازنەی كەركووك
لایەنە كوردستانییەكان لە كەركووك بە پێنج لیست بەشدارییان كرد و 253125 دەنگ و 5 كورسییان بەدەست هێناوە.
بەهۆی فرەلیستییەوە، كورد لە كەركووك یەك بۆ دوو كورسیی لەدەست دا و بۆ یەكەم جار كورد كەمتر لە كورسیی بردەوە كە 5 كورسییە، پێكاهاتەكانی عەرەب 5 كورسی و توركمان 2 كورسییان بەدەست هێنا.
بەربژێر (عیماد یوخەننا) كە پارتی پاڵپشتیی دەكرد، بە 17602 دەنگ كورسیی كۆتای مەسیحی لە كەركووك بردەوە، لە بەرانبەردا (دورەید جەمیل) كە یەكێتی پاڵپشتیی دەكرد، 12820ـی بەهەدەر چوو و دەرنەچوو.
ئەو دوو بەربژێرەی پێكهاتەی مەسیحی لە كەركووك كە پارتی و یەكێتی ململانێیان لەسەر كردن، 30422 دەنگیان بردووە، كە ڕێكخراو و چاودێرانی تایبەت بە هەڵبژاردن پێیان وایە نزیكەی 25 هەزاری ئەو دەنگانە هی پارتی و یەكێتییە و دەنگی ڕاستەقینەی بەربژێرەكان خۆیان پێنج بۆ شەش هەزار دەنگ دەبێت.
هەرچەندە ئەو دەنگانەی بە بەربژێری پێكهاتەكان دراوە هەمووی هی كەركووك نییە، بەوپێیەی دەنگدان بۆ ئەوان یەك بازنە بوو و لە هەموو هێراقەوە دەكرا دەنگیان پێ بدرێت، بەڵام ململانێی ئاشكرای پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو دوو بەربژێرەی كەركووك، دەری دەخات دەنگەكانیان لە پارێزگاكانی هەرێم و خودی پارێزگای كەركووكەوە لەلایەن ڕێكخستنەكانی ئەو دوو حیزبەوە پێ دراوە.
جگە لە پارتی و یەكێتی، نەوەی نوێ لە كەركووك 12320 دەنگ، بەرەی گەل 1702 دەنگ، پارتی سۆسیال دیموكرات 791 و بەربژێرێكی سەربەخۆی كورد 389 دەنگیان بەدەست هێناوە و كورسییان نەبردووەتەوە، بەوجۆرەش 15202 دەنگی كورد بەهەدەر چووە.
ململانێ لەسەر كورسیی پێكهاتەكان و دەنگی ئەو لایەنانەی كە كورسییان بەدەست نەهێناوە، دەوروبەری 40 هەزار دەنگی كوردی لە كەركووك بەهەدەر داوە، كە بەو دەنگانە، كورد یەك بۆ دوو كورسیی دیكەی مسۆگەر دەكرد، چونكە پارتی بۆ بەدەستهێنانی كورسیی دووەم كەمتر لە پێنج هەزار دەنگ و یەكێتیش بۆ كورسیی پێنجەم كەمتر لە 14 هەزار دەنگی پێویست بوو.
بازنەی سەلاحەدین
لە سەلاحەدین كورد هیچ لیستێكی سەربەخۆی نەبووە، تەنیا پارتی و یەكێتی دوو بەربژێریان لە دوو لیستی جیاوازدا هەبووە و 16942 دەنگیان بەدەست هێناوە.
لە پارێزگای سەلاحەدین كە پێشتر یەكێتی كورسییەكی پەرلەمانی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا كاندیدەكەی لەناو لیستی جەماهیر وەتەنییە خۆی بەربژێر كردبوو، دەنگی دووەمی لیستەكەی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی كورسیی كۆتای ژنانەوە نەیتوانی كورسی ببات.
كەریم شوكر، تاكە بەربژێری یەكێتی لە بازنەی سەلاحەدین، لەناو لیستی جەماهیر وەتەنییە خۆی بەربژێر كردبوو، 14843 دەنگی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كورسییەكی كۆتای ژنان بەر لیستەكە كەوت، كەریم شوكر كورسیی نەبردەوە.
پارتی لە بازنەی سەلاحەدین تەنیا یەك بەربژێری لەناو هاوپەیمانیی عەزمدا هەبوو بە ناوی (شەیما مەحموود عەلی)، كە تەنیا 2099 دەنگی بەدەست هێنا و دەرنەچوو.
ئەگەری ئەوە هەیە بەربژێری دەرچووی لیستی جەماهیر وەتەنییە كە بەدر مەحموودی پارێزگاری سەلاحەدینە، نەچێتە پەرلەمان، لەو حاڵەتەدا بەربژێرەكەی یەكێتی شوێنی دەگرێتەوە.
بازنەی دیالە
لە دیالە، كورد بە چوار لیستی جیاواز بەشداریی كرد و بە هەموویان 38950 دەنگیان بەدەست هێنا.
لە پارێزگای دیالە كە قەزای خانەقین لەخۆ دەگرێت، پارتی بۆ یەكەم جار لە هەڵبژاردنەكانی 20 ساڵی ڕابردوودا كورسییەكی كۆتای ژنانی بە كەمتر لە 8 هەزار دەنگ بەدەست هێنا، بەڵام یەكێتی كە زیاتر لە 29 هەزار دەنگیشی هەبوو، نەیتوانی كورسی بباتەوە. هەر لە دیالە، نەوەی نوێ 1552 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموكرات 433 دەنگیان بەدەست هێناوە.
كۆتا كورسیی بازنەی دیالە، لیستی سابیتوون بە 30412 دەنگ بردوویەتی، بە جیاوازیی 1368 دەنگ لەگەڵ یەكێتی كە 29044 دەنگی هێناوە، ئەگەر یەكێتی و نەوەی نوێ و پارتی سۆسیال دیموكرات یەك لیست بوونایە، كورسییەكی دیكەی كورد لە دیالە مسۆگەر دەبوو.
بازنەى نەینەوا
لە پارێزگای نەینەوا، كورد بە سێ لیست بەشداریی هەڵبژاردنی كرد و 247446 دەنگیان بەدەست هێنا.
لە پارێزگای نەینەوا، پارتی دیموكراتی كوردستان 189120 دەنگی بەدەست هێنا و پێنج كورسیی بردەوە، یەكێتی لە چوارچێوەی لیستی (اتحاد اهل نینوا) بەشداریی كرد كە لیستەكە 56346 دەنگی بەدەست هێنا و یەكێتی دوو كورسیی بردەوە، نەوەی نوێ 1980 دەنگی بەدەست هێناوە و هیچ كورسییەكی نەبردووە.
دوو كورسیی نوێ بۆ كورد
بۆ یەكەم جار لە 20 ساڵی ڕابردوودا، یەكێتی كورسییەكی لە بەغداد و پارتی كورسییەكی كۆتای لە پارێزگای واست بردەوە.
ئایات ئەدهەم، ژنە بەربژێری یەكێتی لەناو لیستەكەی محەمەد شیاع سوودانی لە بەغداد، توانیی سەربكەوێت بۆ پەرلەمان.
بەربژێرێكی كوردی فەیلی لە پارێزگای واست كە پارتی پاڵپشتیی كرد و خودی مەسعود بارزانی دەنگی پێ داوە، سەركەوتنی بەدەست هێنا.