ئەنجوومەنی ئاسایش: نێچیروان و جەوهەر هەركی پیلانی تێكدەرانەی میلیشیایان جێبەجێ كردووە؛ وەڵامی ئەوان: سیناریۆ و چەواشەكاریی پاراستنە
پەرەگراف - ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی لێپرسراوی كۆمیتەی خەباتی یەكێتیی لە دۆسیەی گوندی لاجان بڵاو كردەوە، كە ئەو و جەوهەر ئاغای هەركی تۆمەتبار دەكات بە جێبەجێكردنی "فەرمانی لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی و گرووپە میلیشیاكان، بۆ نانەوەی پشێوی و پیلانی تێكدەرانە". لە وەڵامدا مەڵبەندی هەولێری یەكێتی بە "سیناریۆی چەواشەكارانە" ناوی دەبات و جەوهەر ئاغاش دەڵێت "تۆمەت و چەواشەكارییەكانی دەزگای پاراستنی پارتی ڕەت دەكەینەوە و ئامادەین بێینە دادگایەكی نیودەوڵەتیی بێلایەن".
ئەمشەو پێنجشەممە 04-12-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی ڕووداوەكانی گوندی لاجان بڵاو كردەوە، تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكات كە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی "لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی" دەستیان تێیدا هەبووە.
ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕووداوەكەی لاجان و لێكەوتەكانی بە "درێژكراوەی زنجیرەیەك پیلانی تێكدەرانە" ناو دەبات كە "لە ماوەی ڕابردوودا نەخشەیان بۆ كێشراوە و ئامادەسازییان بۆ كراوە".
"لێدان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، هێرشكردنە سەر پاڵاوگەكانی نەوت و وێستگەكانی كارەبا، ئەنجامدانی تەقینەوە لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك"، ئەو زنجیرە پیلانەن كە ئەنجوومەنی ئاسایش باسی دەكات. هەروەها دەڵێت "بە سوودوەرگرتن لە میدیای لایەنێكی سیاسی، ئۆپۆزسیۆن و دەرەكی، ویستوویانە خەڵك دژی حكومەت هان بدەن و پشێوی بنێنەوە و تەقە بكەن، بەو ئاواتەی هێزە ئەمنییەكان وەڵام بدەنەوە و خەڵك بكوژرێت، پاشان دژی دەسەڵات پڕوپاگەندە بكەن، دواتر داوای دەستوەردان لە میلیشیاكان بكەن تاكو پەلاماری كوردستان بدەن".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەشڵێت "ژمارەیەك تێكدەر كە ڕاستەوخۆ لە پلانەكەدا بەشدار بوون، دەستگیر كراون". لەو چوارچێوەیەشدا دانپێدانانی نێچیروان هەركی، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە خەباتی بڵاو كردووەتەوە.
نێچیروان هەركی، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە خەبات، شەوی 01-12-2025، لە كاتی خۆپیشاندانەكانی قەزای خەبات دەستگیر كرا. لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەك بینای حكومی و بارەگای پارتی سووتێنران. خۆپیشاندانەكە لە كاردانەوەی ئەوەدا بوو كە هێزێكی ئەمنی چووە سەر گوندی لاجان و دانیشتووانەكەی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەكانیان كرد.
لەو دانپێدانانەدا كە ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوی كردووەتەوە، نێچیروان هەركی باس لەوە دەكات كە لە سەرەتای 2025، جەوهەر ئاغای هەركی داوای بینینی كردووە لە سلێمانی و كاتێك چووە پێی وتووە "تەنسیقمان لەگەڵ كەتائیبی سەید شوهەدای حەشدی شەعبی كردووە، دەبێ سەرپەرشتیی گرووپێك بكەیت لە سنووری هەولێر".
دواتر نێچیروان هەركی باس لەوە دەكات كە گرووپەكە دروست كراوە، بەئامانجی بەكارهێنانیان لە كاتی "خۆپیشاندان و ئاڵۆزی" لە هەولێر لە بەرژەوەندیی "كەتائیبی سەید شوهەدا".
دواتر نێچیروان هەركی باس لەوە دەكات كە گوایە لە كاتی سەرهەڵدانی ڕووداوكانی گوندی لاجان، جەوهەر ئاغا لەسەر داوای "كەتائیب و هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی" بانگی كردووەتە سلێمانی و پێی وتووە خەڵك هان بدات بۆ خۆپیشاندان و دواتر خۆیشی بەشداری بكات، ئەویش لە ئێوارەی 1ـی ئەم مانگە لە خەبات ئەو كارەی كردووە.
"جەوهەر ئاغا پێی وتم: فەرمانگەی حكومی، وێستگەی كارەبا، پاڵاوگەی نەوت هەرچیتان كەوتە بەردەست بیسوتێنن. تەقینەوەش بكەن و خەڵك بە كوشت بدەن، موهیم ئەوەیە كەتائیب سەید شوهەدا ڕازی بن. ئەوان بڕێك پارەمان پێ دەدەن، نابێ ڕێگا بدەین ئەو پارەیە ببڕێت"، نێچیروان هەركی لە دانپێدانانەكەدا وا دەڵێت.
وەڵامی یەكێتی
لە دوای بڵاوكردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراو و دانپێدانانە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، مەڵبەندی هەولێری یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی لەژێر ناونیشانی "سیناریۆكانی دانپێدانان" بڵاو كردەوە و تێیدا دەسەڵاتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "سیناریۆی چەواشەكارانە دادەتاشێت بۆ شاردنەوەی ئەو لەشكركێشییەی كردیە سەر گوندی لاجان".
مەڵبەندی یەكێتی داوا لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ و كونسوڵخانەكانی هەولێر دەكات كە "لیژنەیەكی بێلایەن" بۆ ئەو تۆمەتانە پێك بێت دراوەتە پاڵ نێچیروان هەركی و "لە كەشێكی تەواو ئارام و بێ هیچ فشارێك تەواوی ڕاستییەكان بۆ هەموو لایەك ساغ بكرێتەوە".
"ئەگەر نا، بەلای ئێمەوە ئەم كەیسە، كەیسێكی حزبییە، لە چوارچێوەی سیاسەتی حزبی دەستڕۆیشتووی هەولێر دەیبینین"، مەڵبەندی یەكێتی وا دەڵێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەی مەڵبەندی یەكێتی لە هەولێر ئەوەش هاتووە كە "لە سایەی زاڵبوونی دەسەڵاتی پۆلیسی و پاشەكشێی دەسەڵاتی یاسایی لە كوردستان، دەزگای حزبی بڕیار لەسەر تاوانباركردن دەدات، سیناریۆی دانپێدانان بۆ چەند چالاكوان و ڕۆژنامەنووس دروست كراوە".
وەڵامی جەوهەر ئاغای هەركی
جەوهەر محێدین هەركی (جەوهەر ئاغا)، لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەرجەم تۆمەتەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەت دەكاتەوە و بە "درۆ و چەواشەكاریی دەزگای پاراستنی پارتی" ناوی دەبات و دەڵێت "بە ئەشكەنجەدان و ئازاردانی تاكی كورد و هێنانیان بۆ سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و هەڵبەستنی درۆ و بوختان، ناتوانن بڕوا بە خەڵكی كوردستان بهێنن".
جەوهەر ئاغای هەركی داوا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان دەكات بۆ ڕاستی و دروستیی تۆمەتەكان داوای بەڵگەی پێویست بكەن، "نەك باوەڕ بە چەواشەكاریەكانیان بكەن".
"هەر دادگایەكی نێودەوڵەتیی بێلایەن هەبێت، ئامادەین بێینە دادگا، با هەموو خەڵكی كوردستان بزانێت كێ لەسەر حەقە، هەموو جیهانیش بزانێت كە هێنانە سەر شاشەی گەنجێكی هەركی و ئەوەی ناچار كراوە بیڵێت، هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە"، جەوهەر ئاغا وا دەڵێت.