دوای 12 ساڵ لە تیرۆركردنی؛ دوایین زانیارییەكانی دۆسیەی كاوە گەرمیانی چین و بكوژ دانی بە چیدا ناوە؟

05-12-2025 10:40
شیرین ئەمین و ئامەدى کوڕى لە ئامێزى یەکدا دەگرین - دوازدەیەمین ساڵیادى تیرۆکرردنى کاوە گەرمیانی

پەرەگراف - "بەشێوەیەك ئەو بەرپرسەم خۆش دەویست، ئەگەر داوای كوشتنی هەر كەسێكی نزیكی خۆیشمی بكردایە، ڕەتم نەدەكردەوە. كاوەم نەدیبوو و نەمدەناسی. لە ئینتەرنێت بۆ وێنەی گەڕام تا بیناسمەوە"، ئەمە قسەی بكوژی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانییە لە زاری هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسەوە بۆ پەرەگراف.

دوای 12 ساڵ لە تیرۆكردنی كاوە گەرمیانی، شیرین ئەمین، هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە، بۆ پەرەگراف باس لە وردەكاریی دانپێدانانی بكوژەكە لەناو زیندان و ئاشكراكردنی ئەو بەرپرسەی لە پشت تاوانەكەوە بووە، دەكات. ئەو دەڵێت "ئەو چەكەی كاوەی پێ‌ كوژراوە، لەناو براوە و نەهێنراوەتە دادگا، بەڵام وێنەكەی لای ئێمە هەیە".

ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی، سەرنووسەری گۆڤاری ڕایەڵ، كاتژمێر 09:00ـی شەوی 05-12-2013 لەناو حەوشەی ماڵی دایكیدا لە شاری كەلار، بە دەستڕێژی گوللـە تیرۆر كرا. تەنیا بكوژ و تەقەكەری سەرەكی سزای لەسێدارەكانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر بكوژەكە لە زینداندا وردەكاریی تاوانەكەی بۆ كەسوكاری كاوە دركاندووە و باسی لە دوو كەسی دیكە لە دۆسیەكەدا كردووە.

"تاوانباری كوشتنی كاوە گەرمیانی لە زیندانەوە داوای بینینی ئێمەی كرد. ئێمەش سەردانمان كرد و دوو جار بۆ ماوەی دووسێ‌ كاتژمێر لە ژوورێكدا لە زیندان لەگەڵی دانیشتین و هەموو وردەكارییەكی تاوانەكەی بۆ ئاشكرا كردین"، شیرین ئەمین بۆ پەرەگراف وای وت.

بە قسەی شیرین ئەمین، بكوژ دانی بەوەدا ناوە كە "بە فەرمانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە. كە پێشتریش بە ئاشكرا هەڕەشەی لە كاوە گەرمیانی كردبوو و كاوە لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆمار كردبوو".

ئەو بەرپرسەی شیرین ئەمین باسی دەكات، دەكاتە مەحموود سەنگاوی، كە هەر لە سەرەتای دۆسیەی كوشتنی كاوە گەرمیانی، وەكوو یەكێك لە تۆمەتبارەكانی دۆسیەكە چووەتە بەردەم دادوەر و ماوەیەكیش ڕاگیرا. سەنگاوی هەر لە سەرتاوە پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕاكێشرا، بەتایبەت كە پێشتر لەسەر بابەتێكی ڕۆژنامەوانی بە تەلەفۆن هەڕەشەی لە ڕۆژنامەنووسەكە كردبوو، بەڵام بەردەوام ڕەتی دەكاتەوە لە پشت ئەم تاوانەوە بووبێت و دەستی تێیدا هەبێت.

تاوانبارەكە كە لە كاتی دادگاییكردندا ڕەتی كردبووەوە كەسی دیكەی لەگەڵدا بووبێت و تاوانەكەی بە فەرمانی بەرپرسێك ئەنجام دابێت، چۆت ئامادەبوو ڕاستییەكان ئاشكرا بكات؟ شیرین ئەمین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "سەرەتا بەڵینیان پێ‌ داوە كە نەهێڵن سزا بدرێت و بخرێتە زیندانەوە، دواتریش لەناو زینداندا بارودۆخی خرپ بووە و لێیان نەپرسیوەتەوە، بەتایبەتیش كە برایەكی كە لە كاتی تاوانەكەدا لەگەڵیدا بووە، دواتر بەشێوەیەكی گوماناوی كوژرا، هەموو ئەمانە هۆكار بوون بۆ داننانی بە ڕاستییەكاندا".

تاوانەكە چۆن ئەنجام درا؟

شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیانی، بە پەرەگرافی وت "دوو هەفتە بەر لەوە پیلانیان بۆ تیرۆركردنی دانابوو. تا ئەو ساتەی بكوژ لە دەرگای ماڵی كاوە گەرمیانی دەدات، پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەو بەرپرسەدا هەبووە كە ڕایسپاردووە تیرۆری بكات: 'ئەوە دەڕۆم، ئەوە لە بەردەرگام، ئەوە تەقەی لێ‌ دەكەم '. هەموو ئەمانە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هەن و ژمارەی سیمكارتەكە لای ئێمە هەیە".

تاوانبارەكە لە زینداندا بە كەسوكاری كاوە گەرمیانیی وتووە، كاوەی نەناسیوە و لە ئینتەرنێت وێنەی بینیوە، دواتر تەنانەت "هاتووە لە دراوسێیەكی ماڵی كاوە پرسیاری ماڵیانی كردووە".

"دوو هەفتە چاودێریی كاوەی كردبوو، بۆی هەڵنەكەوتبوو كە بەتەنیا بێت. ئەو ئێوارەیەش كارەباكەی ماڵی خۆمان خراپ بووبوو، بۆیە چووین بۆ ماڵی دایكی كاوە. شەو لەوێ‌ میوانی لێ‌ بوو، بكوژەكە چاوەڕێی كردبوو تا میوانەكان ڕۆیشتن، دواتر لە كاتژمێر 09:00 لە دەرگای دابوو وتبووی هاوڕێی كاوەم. هەر لەگەڵ كاوە هاتبووە ناو حەوشەكە، لەسەر دەرگاكەوە دەستڕێژی گوللـەی لێ‌ كرد"، شیرین ئەمین وای وت.

"پیاوێك لەسەر دەرگای حەوشەكەمانەوە سەری هێنایە ژوورەوە‌ و وتی: پورێ‌ من هاوڕێی كاوەم، بۆم بانگ بكە. بێ‌ ئەوەی دەرگاكە بكەمەوە، چوومە ژوورەوە و وتم: كاوە گیان هاوڕێیەكت هاتووە بانگت دەكات"، سنوور عەبدولكەریم، دایكی كاوە، پێشتر لە گێڕانەوەی ڕووداوەكەدا بۆ پەرەگراف وای وت.

"تاوانبارەكە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا بەتەنیا نەبووە، هاوكارێكی لەگەڵ بووە كە برای خۆی بووە و ئۆتۆمبێلەكەی بۆ لێخوڕیوە". تاوانبارەكە لەناو زینداندا ئەم زانیارییانەی دوای ئەوە ئاشكرا كردووە كە براكەی كوژراوە.

برای تاوانباری كوشتنی كاوە گەرمیانی بە ناوی (ج.خ)، لە شەوی 21-09-2021، لەسەر ڕێگای كەلار-كفری كوژرا. ئەوكات هێزە ئەمنییەكان داعشیان بە ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبار كرد. بەڵام وەكوو شیرین ئەمین دەڵێت "بكوژی كاوە لە زیندان، گومانی لە كوشتنی براكەی هەبوو".

لە دۆسیەی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی، "حەوت تفەنگ براوەتە دادگا، بەڵام تا ئێستا نەسەلمێندراوە بە هیچ كام لەو چەكانە تیرۆر كرابێت". هاوسەرەكەی دەڵێت "وێنە و ژمارە و زانیارییەكانی چەكی ڕاستەقینە و ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەكەش كە تاوانەكەی پێ‌ ئەنجام دراوە، لای ئێمەیە".

كاتێك كەسوكاری كاوە و پارێزەرەكەی لە زیندان قسەیان لەگەڵ تاوانبارەكە كردووە، "هێندە سوور بوو لەسەر ئاشكراكردنی ڕاستییەكان، وتی ئەگەر ڕێگەم بدەن، كۆنگرە ڕۆژنامەنووسی دەبەستم".

"دووەم جار كە ئێمە بینیمان، ڕۆژێکی پێنجشەممە بوو، بڕیار بوو ڕۆژی یەكشەممەى دواتر بێتە بەردەم دادوەر زانیارییەكان ئاشكرا بكات، بەڵام ئیتر ئەو كارەی نەكرد و ئێمەش دوای ئەوە نەمانتوانی بیبینینەوە"، شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بۆ پەرەگراف وای وت.

كاوە گەرمیانی، یەكەم كوڕی خێزانەكەی بوو، بەدوای ئەودا دوو كوڕ و سێ كچی تر هاتوون. لە شەش ساڵییەوە باوكی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەست داوە و لەوكاتەوە دایكی تەنیا پەروەردەكار و بەخێوكەریان بووە. شیرین ئەمینى هاوسەریشى وەکوو خۆى دەڵێت هەموو خێزانەکەى لە پرۆسەى ئەنفال و دواتریش مردوون و تەنیا خۆى ماوەتەوە کە لاى پوورى گەورە بووە.

شیرین ئەمین و کاوە گەرمیانى خاوەنى تاقە كوڕێكن کە ١٧ڕۆژ دوای تیرۆرکردنى باوكی هاتە دونیاوە، لەسەر ڕاسپاردەی باوکیشى ناونراوە (ئامەد). ئەو ئێستا تەمەنى ١٢ ساڵە.

هاوسەری كاوە دەڵێت "ئەگەرچی دۆسیەی كاوە بە دەستی حیزبی باڵادەست و كەسی پشت تاوانەكە لە دادگا داخراوە، بەڵام لای ئێمە و ڕێكخراوەكان و چالاكان و كوردانی تاراوگە دۆسیەكە كراوەیە و لە دۆسیەی گەرمیانەوە بووە بە دۆسیەیەكی جیهانی، بۆیە لە داهاتوو بەو بەڵگە ئاشكرانەكراوانەی كە هەمانە، ڕەنگە دۆسیەكە ببەینە قۆناغێكی نوێوە لە دەرەوە".