ئامارى کۆچ لە عێراق و هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئەورووپا؛ کۆچبەر زیاد و قوربانى کەمى کردووە
پەرەگراف - بەپێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوێکى تایبەت بە پەنابەران، ژمارەى ئەو پەنابەرانەى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠٢٥ داواى مافى پەنابەرێتییان لە وڵاتانى ئەورووپا کردووە، بەراورد بە ساڵى ٢٠٢٤ بە ڕێژەى ٣١% زیادى کردووە، بەڵام ڕێژەى قوربانییانى ڕێگاى کۆچ ٦٧% کەمى کردووە.
ئەمڕۆ ١٨-١٢-٢٠٢٥ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژى جیهانیى کۆچبەران، دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران ڕاپۆتى ساڵى ٢٠٢٥ـى بڵاو کردەوە. بەپێى ئاکارەکانى ناو ڕاپۆتەکە، لەمساڵدا ٣١٤٥٥ هاووڵاتیى عێراق و هەرێمى کوردستان، لە وڵاتانى ئەورووپا داواى مافى پەنابەرێتییان کردووە.
لە ساڵى ٢٠٢٥دا ژمارەى قوربانییانى ڕێگاى کۆچ لەناو کۆچبەرانى عێراقدا ١٢ حاڵەت بووە، لەو ژمارەیە ١٠ کۆچبەریان گیانیان لەدەست داوە و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، دوو کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.
ئەو ئامارانەى دەزگاى لوتکە تۆمارى کردوون، تەنیا کۆچبەرانى سەروو ١٨ ساڵ دەگرێتەوە کە لەلایەن دەزگاى کۆچى نێودەوڵەتییەوە تۆمار کراون، لە کاتێکدا ژمارەیەکى زۆریش لە خوار ئەو تەمەنەوە کۆچ دەکەن، هەر بۆیە ئەمە بە ئامارى وردى ژمارەى کۆچبەرانى عێراقى ئەژمار ناکرێت.
بەپێى ئامارى ساڵى ٢٠٢٤ـى دەزگاى لوتکە، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى عێراق و هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتانى ئەورووپا داواى مافى پەنابەرێتییان پێشکەش کردووە، ٢٣٤٠٠ کەس بووە، واتەى ٨٠٥٥ کۆچبەر کەمتر لە ئامارى ئەمساڵ، بەمەش ڕێژەى کۆچبەرانى ئەمساڵ ٣١% لە ساڵى ڕابردوو زیاترە.
ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى ساڵى ٢٠٢٤ لە ڕێگاى کۆچدا بوونەتە قوربانى، ٣٦ کەس بووە، ٢٤ حاڵەتیان تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و ١٢یان هێشتا بێسەروشوێنن، بەمەش ژمارەى قوربانییان لە ساڵى ڕابردوو سێ هێندەى ئەمساڵ بووە و بە ڕێژەى ٦٧% زیاتر بووە.
دەزگاى لوتکە ئامارى ١١ ساڵى پەنابەرانى بڵاو کردووەتەوە، بەپێى ئامارەکە ٧٩٤٨٥٣ هاووڵاتیى عێراق و هەرێمى کوردستان لە وڵاتانى ئەورووپا داواى مافى پەنابەرێتییان کردووە، ژمارەى قوربانییانیش ٦٠٥ کەس بووە کە ٣٥٥ کەسیان تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و ٢٥٠ کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.
بەپێى ئەو ئامارانەى دەزگاکە بڵاویان دەکاتەوە، بەشێوەیەکى گشتى ساڵ بە ساڵ کۆچ لە عێراقەوە بۆ ئەورووپا ڕووى لە دابەزین کردووە، بە جۆرێک لە ساڵى ٢٠١٥ سەرەتاکانى هاتنى ڕێکخراوى داعش بوو، زۆرترین هاووڵاتی کۆچیان کردووە کە ١٨٦٤٢٢ کەسە، نزمترین ئامارى کۆچبەرانى عێراقیش لە ساڵى ٢٠٢٣ تۆمار کراوە، کە ١٩٥٠٠ کەس بووە.
ساڵى ٢٠١٦ خراپترین ساڵ بووە بۆ کۆچبەرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، کە تێیدا ١٣٢ کۆچبەر بوونەتە قوربانى، کە ٧٨ کۆپبەریان گیانیان لەدەست داوە و ٥٤ـى دیکە بێسەروشوێن بوون. ساڵى ٢٠٢٣ کەمترین کۆچبەر بوونەتە قوربانى کە ٩ کەس بووە، ٧ حاڵەتى گیانلەدەستدان و ٢ حاڵەتى بێسەروشوێنبوون.
زۆرترین قوربانیانى ڕێگاى کۆچ خنکان لەناو دەریاى ئیجەدایە، کاتێک کۆچبەران هەوڵ دەدەن بەشێوەیەکى نایاسایى لە تورکیاوە بۆ ئیتاڵیا بڕۆن. دەیان کۆچبەر بەهۆى نوقمبوونى بەلەمەوە خنکاون و بێسەروشوێن بوون.
دەزگاى لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران، "جەنگ، توندووتیژى، گۆڕانکاریى ئابوورى و گۆڕنکاریى ژینگەیى" بە هۆکارە دیارەکانى ناچاربوونى خەڵک بە کۆچ ناو دەبات.
