
پەرەگراف- رێنوار نەجم
ماڵپەڕی گڵۆباڵ پۆست ڕاپۆرتێكی وردی لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم بڵاوكردەوەو گەندەڵیی لەو كەرتەدا بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەكات، هاوكات تێوەگلانی بەرپرسانی ئەمەریكی لەوكەرتەدا دەخاتەڕوو، باسلەوەشدەكات خێزانی بارزانیو تاڵەبانی بەتەواوی ئەو كەرتەیان قۆرخ كردووە.
"نەفرەتی نەوت لە كوردستانی عێراق" ناونیشانی ڕاپۆرتەكەی گڵۆباڵ پۆستە كە ماڵپەڕێكی جیهانییەو لەمانگی 1ی ساڵی 2008 دامەزراوە، زیاتر گرنگیی دەدات بە بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی تایبەتی خۆی لەبارەی كاروباری نێودەوڵەتییەوە. رۆژی 17ی ئەم مانگە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە.
لەڕاپۆرتەكەیدا ئەو ماڵپەڕە ئەوەدەخاتەڕوو، سەرباری ئەوەی ملیاران دۆلاری بیانیی لەساڵی 2003ەوە هاتوەتە هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام هەرێمەكە ئەمڕۆ لەپاشەكشەی ئابووریدایەو تیشك دەخاتەسەر ئەو قەیرانو دۆخە سەختەی زیاتر لە 2 ساڵە بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە بۆ ئەو دۆخە زۆر شت هەیە كە لۆمە دەكرێن، یەكێك لەوانە هێرشەكانی داعشە، بەڵام هیچ شتێك هێندەی گەندەڵیی كاریگەریی نییە. گەندەڵی لەسەر ئاستی ناوخۆییو نێودەوڵەتی هەرێمەكەی زۆر دواخستووە، ئەو هەرێمەی مەسعود بارزانی دەیوت دەبێتە "قەڵای دیموكراسیو فرەیی."
هەربەپێی ڕاپۆرتەكە گەندەڵی لەهەرێمی كوردستانیش وەك هەر شوێنێكی دیكە، لە لوتكەوە دەستپێدەكات، هەروەها لە عێراق، هەمیشە ئەمەریكییەكان لە لوتكەدابوون "بەرپرسە ئەمەریكییەكان ئاسانكارییو یارمەتییان بۆ گەندەڵیداوە لەناو بەرزترین دەسەڵاتی حكومەتە كوردییەكەدا. بەهەمان شێوە سوودیشیان لێ وەرگرتووە."
ئەو ڕاپۆرتە لەكاتێكدایە مەلەفی نەوت لەهەرێمی كوردستان زۆرترین قسەی لەبارەوەدەكرێتو ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی خەڵكو حزبەكان بووەتەوەو بەردەوام داوای شەفافیەتو چاودێریكردنی ئەو كەرتە دەكرێت.
دڵشاد شەعبان، پەرلەمانتاری پارتیو جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لەڕاپۆرتەكەدا دەڵێت"بیرمە جارێكیان سەرۆك وەزیران، نێچیرڤان بارزانی هات بۆ یەكێك لەكۆبونەوەكانمانو پێی وتین ڕەنگە لێرە لە ڕابردوودا لەپیشەسازی نەوتدا گەندەڵی هەبووبێت، بەڵام ئەگەر سەیربكەیت كەچی ڕوویدا، ئێمە دەبوو ئەوە بكەین، پێویستبوو كوردستان بپارێزین".
"خەڵك پێیانوایە كە گەندەڵی پێویستە" دڵشاد شەعبان وادەڵێت.
ڕاپۆرتەكە باسلەوەشدەكات هەرچەندە خەمڵاندنەكان جیاوازن، "بەڵام قەبارەی زیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی گەندەڵی لەكەرتی نەوتدا بەملیاران دۆلار مەزەندە دەكرێت. ئەو دۆلارانە دەبوایە بۆ هەموو جۆرە ژێرخانەكان خەرجبكرانایە، تێیدا قوتابخانەو نەخۆشخانە."
هەروەها شێركۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەكگرتوی ئیسلامیو سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لەپەرلەمانی كوردستان یەكێكی دیكەیە لەوكەسانەی لەڕاپۆرتەكەدا قسەی كردووەو لەبارەی ئەو گەندەڵییانەوە دەڵێت"ئەوە نهێنی نییەو هەموو كەس دەیزانێت."
جەودەت دەشڵێت"ئەو وەزارەتە لەلایەن هیچ دامەزراوەیەكی سەربەخۆوە ناپشكنرێت. تۆ ناتوانیت بڕیارێكی دروست بدەیت ئەگەر زانیارییەكان دڵنیانەكرێنەوەو بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵانە نەپشكنرێن."
ئیرین بانكۆ، كە هاتووەتە هەرێمی كوردستانو ڕاپۆرتەكەی ئامادەكردووە، ڕۆژنامەنووسێكی سەربەخۆیە لەبابەتی كاروباری نێودەوڵەتیدا كاردەكاتو خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەو بوارەدا، لەڕاپۆرتە بەدواداچوونەكانیدا زیاتر تیشكی لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەم دواییەو لەئاڵۆزییەكانی سوریادا ماوەیەكی زۆر لەحەلەبو شارەكانی دیكەدا ماوەتە بۆ ڕوماڵی ڕووداوەكان، كارەكانی لەكەناڵو رۆژنامە بەناوبانگە جیهانییەكانی وەك نیویۆرك تایمز، فۆرین پۆلیسی، سی ئێن ئێن، ئەتڵەنتیكو چەندین كەناڵی دیكە بڵاودەكاتەوە.
ئەو ڕۆژنامەنوسە ویستویەتی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا بكات لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام سەركەوتوونەبووەو یەكێك لەهەوڵی چاوپێكەوتنەكانیش لەساتەكانی كۆتاییدا ڕەتكراوەتەوە.
لوئەی خەتاب، شارەزا لەبواری پیشەسازی نەوتی عێراقیو راوێژكاری پێشووی حكومەتی عێراق بۆ سیاسەتی وزە كە لە لێدوانەكانیدا بەردەوام ڕەخنە لە حكومەتو سیاسەتی نەوتی هەرێم دەگرێت، لەڕاپۆرتەكەدا باسلەوەدەكات بەپێی خەمڵاندنەكانی خۆی "لەساڵی 2008ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا خراپ ئیدارەی 40 بۆ 45 ملیار دۆلاری كردووە لەداهاتەكانی نەوتو گاز."
"پرسیارەكە ئەوەیە، چیان كردوە بەو داهاتانە؟" خەتاب وادەڵێت.
ڕاپۆرتەكە ئەوەشدەخاتەڕوو، لە هەرێمی كوردستاندا خێزان هەموو شتێكەو دوو خێزان هەن كە هەیمەنەیان هەیە بەسەر سیاسەتدا، "بازرانییەكانو تاڵەبانییەكان. هەموو بڕیارێكی حكومەتو مامەڵەی بازرگانی بەشێوەیەك لەشێوەكان لەڕێی ئەمانەوە ئەنجام دەدرێن."
"گفتوگۆكانی نەوت، كاری خێزانە." لوئەی خەتاب وادەڵێت.
هەردوو خێزانەكە(بارزانیو تاڵەبانی) خاوەنی ژمارەیەك كۆمپانیای ناوخۆیینو پەیوەندیی نزیكیان هەیە لەگەڵ بازرگانو سیاسەتمەدارە بەهێزەكانی بەریتانیاو ئەمەریكا، "هەموو تاڵەبانییەكان خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین. بارزانییەكانیش خاوەنی موڵكن لەبەریتانیاو ئەمەریكا."
"ئەو دوو خێزانەو پارتەكانیان كێبەڕكێی یەكتر دەكەن بۆ گرێبەستە بازرگانییەكان لە نێویاندا پێشەسازی وزە. ئەوە شتێكی ئاشكرایە كە هەموو گرێبەستێكی نەوت لەهەرێمی كوردستان دەبێت سودی بۆ یەكێك لەو دوو خێزانە تێدابێت."
لەدرێژەی بەدواداچوونەكەیدا ئەو ڕۆژنامەنوسە ئەوەدەخاتەڕوو، گەندەڵی تەنها لەسەر ئاستی باڵا نەماوەتەوە، بەڵكو دابەزیوەتە خوارەوە بۆ فەرمانبەرە ئاساییەكان لەكەرتی حكومیو ئەهلیشدا.
ڕاپۆرتەكە سوودمەندبوونی چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی باسدەكات لەكەرتی نەوتی هەرێم، بەپێی ڕاپۆرتەكە، دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئەمەریكا جۆرج بۆشو دوو ساڵ پێش ئەوەی دیمەنە شۆكو ترسێنەرەكان لە تەلەفزیۆنەكانەوە دەركەون، ئەمەریكییەكان چاویان لەسەر باكوری عێراق بووە وەك ناوچەیەكی كەشفنەكراوی گەورەی دەوڵەمەند بە نەوتو گاز، كوردەكانیش بەهەمان شێوە، نائومێدبوون لەوەبەرهێنانی ئەمەریكییەكان"ئەوان وەك رێگایەكی ئاسان ئەوەیان دەبینی بۆ دەربازبوون لەژێر دەستی بەغدا".
لەساڵی 2002 كۆمەڵێك بەڵگەنامە لەلایەن رێكخراوی جودیسیال واچ بڵاوكرایەوە كە رێكخراوێكی قازانج نەویستەو لەبواری شەفافیەتی حكومییدا كار دەكات، لەو دیكۆمێنتانەدا نەخشەی كێڵگە نەوتییەكانی عێڕاقو پڕۆژەكان هەبوون. ئەو بەڵگانە دەریدەخست كە چۆن بلۆكە نەوتیو گازییەكان لەنێوان بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا دابەشكراون، تێیاندا وڵاتانی وەك جەزائیر، ئیتاڵیاو چین.
"لە لوتكەی ئەو نەخشانەشدا ناوی گروپێك دەبینرا كە لەرێكەوتنەكانی نەوتی كوردستاندا كاریدەكرد، بەڵام كەم ناسراوبوو، ئەویش Bush-Cheney Energy Task Force، كە لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی بۆشەوە دامەزرابوو، ئەو گروپەش سەرەتاكانی كەرتی نەوتی هەرێمیان بەڕێوەبردووە."
لەساڵی 2006 دوای ئەوەی ئاشتی هەورامی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی وەرگرت، بەسەردانێكی چەند هەفتەیی چووەتە ئەمەریكاو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆبووەتەوە بۆ باسكردنی مەلەفی نەوت.
بەپێی ڕاپۆرتەكە "بەشێكی بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا سودمەندبوون لەگرێبەستەكانی بواری وزە. تا ئێستاش هیچ كام لەو بەرپرسانە بەو تۆمەتە نەچونەتە بەردەم دادگا. ناوەندی ئەو گرێبەستو گفتوگۆیانەش، ئاشتی هەورامی بووە."
ڕاپۆرتەكە ناوی چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی دەهێنێت كە سوودمەند بوون لەكەرتی نەوتی هەرێم، لەوانە جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق كە بەقووڵی لەناو گفتوگۆكاندا بووە لەگەڵ بەرپرسانی كورد لەبارەی گەشەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا وەك راوێژكاری گەورەترین كۆمپانیای ئەو بوارە كاردەكات كە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلە(ئەم كۆمپانیایە لەهەرێم كاری كردووە). بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەو كۆمپانیایە رێكس تیللێرسۆن وەك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەكابینەكەی دۆناڵد ترەمپدا دیاریی كراوە.
هەروەها زاڵمای خەلیل زاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لەنەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لەبەغدا، دواتر بووەتە یەكێك لەئەندامانی بۆردی كۆمپانیای نەوتی RAK كە خاوەن پشكی سەرەكیی كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجییە كە بەهەمانشێوە لەهەرێمی كوردستان كاردەكات.