لەنێوان قەرەبوو و زیاندا؛ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ژیان دەستپێدەکەنەوە

22-12-2025 01:51
زیانلێکەوتوانی لافاوەکە لە کاتی وەرگرتنی قەرەبوو لە چەمچەماڵ، ٢٢-١٢-٢٠٢٥

پەرەگراف – چەمچەماڵ

کاتێک لە ٩ی کانوونی یەکەمدا لافاو چەمچەماڵی گرتەوە، تەنها شەقام و ماڵی پڕ لە قوڕ و دوکان و بازاڕی شێواوی لە دوای خۆی بەجێنەهێشت؛ بەڵکو ژیانی زۆر کەسی وێرانکردو سەرچاوەی بژێویانی سڕییەوە، ئێستا، لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی قەرەبوو بۆ خێزانەکان، هاوکارییەکان وەک یەک نییە؛ هیوای بۆ هەندێک خێزان هێناوە و بێئومێدیشی بۆ هەندێکی دیکە دروستکردووە کە هێشتا خەریکی ژماردنی زیانەکانیانن.

لە گەڕەکی مامۆستایانی چەمچەماڵ، ماڵی ئیبراهیم عومەر هێشتا نیشانەکانی لافاوەکەی پێوە دیارە. کەلوپەلی ناوماڵ تێکچوون، ئامێرەکان لەناوچوون و ژیانی ڕۆژانە پەکیکەوتووە.

ئیبراهیم بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار قەرەبوو کراینەوە، بڕە پارەیەکی باشە و دەتوانین بەکاریبهێنین بۆ کڕینەوەی هەندێک لە کەلوپەلەکانمان"، بۆ ئیبراهیم، ئەم پارەیە هەنگاوی یەکەمە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی، تەنانەت ئەگەر زیانەکان بە شەو و ڕۆژێکیش چاک نەبنەوە.

بەڵام تەنها چەند گەڕەکێک ئەولاتر، کەشەکە زۆر کەمتر گەشبینانەیە. لە گەڕەکی ڕزگاری، نزیک مزگەوتی ئاشتی، بێستون سەباح سەیری پاشماوەی کەلوپەلەکانی ناوماڵی دەکات؛ فەرشی زیانلێکەوتوو، سەلاجەیەکی شکاو و ماتۆڕێکی ئاوی لەناوچوو.

بێستوون وتی "ئامێرە کارەباییەکان و فەرشەکانمان بەتەواوەتی تێکچوون، تەنها یەک ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینارمان بۆ نووسراوە بۆ قەرەبوو کە زۆر کەمە"، بێستوون جەخت دەکاتەوە کە ئەو بڕە پارەیە تەنانەت تێچووی گۆڕینی فەرشەکانیشیان ناکات. ئەو داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پێداچوونەوە بە پڕۆسەی خەمڵاندنی زیانەکاندا بکەن و دەڵێت، دەبێت قەرەبووەکە هاوتای ئەو زیانە ڕاستەقینانە بێت کە بەر خێزانەکان کەوتووە.

لافاوەکە بەزەیی بە بازاڕی شارەکەشدا نەهاتەوە، ئاو چووە ناو دوکانەکان و ئۆتۆمبێلەکانی نوقم کرد. ئەحمەد محەمەد کە ئۆتۆمبێلەکەی لە بازاڕی چەمچەماڵدا کەوتبووە بەر لافاو، دەڵێت تەنها چەند ڕۆژێک بووە ئۆتۆمبێلەکەی کڕیوە.

ئەحمەد بە پەرەگرافی وت "تەنها سێ ڕۆژ بوو ئۆتۆمبێلەکەم کڕیبوو پێش ئەوەی لافاوەکە لێی بدات. بەتەواوەتی ژێر ئاو کەوت، ئێستا ١٢ ڕۆژە لە چاککردنەوەیە و هێشتا چاک نەبووەتەوە"، ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (کیا سپۆرتاج)ە و زیانەکانی بە زیاتر لە ٥ هەزار دۆلار دەخەمڵێنێت. ئەگەرچی پێی وتراوە قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام دڵەڕاوکێیەکی زۆری هەیە و دەڵێت: "هێشتا نازانم چەندم پێ دەدرێت، بەڵام هەرچەند بێت باشە بۆ ئەوەی کرێی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پێ بدەم."

بۆ خاوەن دوکانەکان، بارودۆخەکە خراپترە. زانا سەباح، کە دوکانی جلوبەرگی پیاوانی لە بازاڕی چەمچەماڵ هەیە، باس لە زیانێک دەکات کە زۆر لەوە زیاترە تەنها بە چاککردنەوە قەرەبوو بکرێتەوە. زانا وتی "زیانەکانم لە ٧٠ ملیۆن دینار تێپەڕ دەکات، هەموو کەلوپەلەکانم تێکچوون. ئەم دوکانە تەنها سەرچاوەی بژێویم بوو."

زانا هێشتا چاوەڕێی هاوکارییە و دەترسێت ئەگەر قەرەبوویەکی باش نەکرێتەوە، ناچار بێت بەتەواوەتی کارەکەی واز لێ بهێنێت. ئەو داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات پەلە بکەن لە دابەشکردنی هاوکارییەکان و گرنگتر لەوەش، چارەسەری ڕەگ و ڕیشەیی کێشەکە بکەن. دەڵێت "دەبێت سیستەمی ئاوەڕۆی بازاڕ چاک بکرێت، ئەگەرنا ئەم کارەساتە دووبارە دەبێتەوە."

قەزای چەمچەماڵ لەگەڵ ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە، لەو ناوچانە بوون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوت بەهۆی بارانی خوڕ و لافاوەوە. لافاوەکە لەو ناوچەیە ٢ گیان لەدەستدان و ١٢ برینداری لێکەوتەوە، هەروەها زیانی زۆری بە دەیان ماڵ، دوکان، ئۆتۆمبێل و بینای حکومی گەیاند.

عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئەو پارەی ئێستا لەبەردەستە بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووان نزیکەی ١٣ ملیار دینارە. بەوتەی ئەو، قەرەبووەکەی ئەمڕۆ کە تەنها خێزانەکانی چەمچەماڵ دەگرێتەوە لە ٤٠٠ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو زۆرترین بڕ کە ٤ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دینارە، بەگوێرەی ڕادەی زیانەکان.

عەتا محەمەد ڕوونیکردەوە: "بڕەکە بەپێی ئەو زیانەیە کە بەر خێزانەکە کەوتووە. هەندێک کەس هەن زیان بەر ماڵ، ئۆتۆمبێل و شوێنی کارەکەیان کەوتووە؛ ئەو کەسانە هەر سێ جۆرە قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە."

پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە دابەشکراوە بۆ چەند قۆناغێک. قۆناغی یەکەم تیشک دەخاتە سەر کەلوپەلی سەرەکی ناوماڵ و چاککردنەوەی خانوو. لە ٢٢ی کانوونی یەکەم، ٦٣٩ خێزان لەناو شاری چەمچەماڵ بڕی ٨٦١ ملیۆن و ٣٤٥ هەزار دینار وەردەگرن. لە ڕۆژی دووەمدا، ٤٤٥ خێزان لە ناحیەی شۆڕش ٧٧٢ ملیۆن و ٣٧٧ هەزار دینار، ٢١٠ خێزان لە ناحیەی تەکیە ٢٤٨ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار دینار و ٨ خێزان لە ناحیەی ئاخجەلەر ٦ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دینار وەردەگرن.

قۆناغی دووەمی قەرەبووکردنەوەکە کە بڕیارە پێش سەری ساڵ ئەنجام بدرێت، تایبەت دەبێت بە ئۆتۆمبێل، دوکان و شوێنە بازرگانییەکان.

جگە لە زیانە مرۆییەکان، لافاوەکە بووە هۆی گۆڕانکاریی ئیداریی، کارەساتەکە کەموکوڕی لە ئامادەسازیی و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری دەرخست، ئەوەش وایکرد چوار بەرپرسی باڵا بە فەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوە بکەن، کە پێکهاتبوون لە قایمقامی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری پەروەردەی شۆڕش. ئەگەرچی بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ڕەتیکردەوە دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام دواتر لە کارەکەی لادرا و بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو بە وەکالەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شۆڕش دەستنیشانکرا.

لە ٢١ی کانوونی یەکەم، ئاسۆ بەکر بە فەرمی وەک قایمقامی نوێی چەمچەماڵ بە وەکالەت دەستبەکاربوو لە شوێنی ڕەمک ڕەمەزان کە دوای لافاوەکە دەستی لەکارکێشابووەوە. هاوکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێنانی ئەنجومەنێکی چاودێری و دابەشکردنی هاوکارییان ڕاگەیاند بۆ بەڕێوەبردنی قەرەبووکردنەوەکان. ئەنجومەنەکە کەسایەتییەکانی ناوچەکەو چالاکوانان و بەرپرسان لەخۆدەگرێت. لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا لە ٢٠ی کانوونی یەکەم، دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان، وەک سەرۆکی ئەنجومەنەکە دیاریکرا.

بۆ خەڵکانی وەک ئیبراهیم، بێستوون، ئەحمەد و زانا، ئەم گۆڕانکارییە ئیداری و میکانیزمە چاودێرییانەو قەرەبووەکان هیوایەک دەبەخشن. بەڵام لەگەڵ چوونە ناو وەرزی زستان و ساردوسەرما، زۆرینە جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاکبوونەوەی ڕاستەقینە تەنها بە قەرەبوو نابێت، بەڵکو بە چاکسازیی بنەڕەتی دەبێت-چاکسازییەک کە ڕێگری بکات لەوەی لافاوەکانی داهاتوو جارێکی تر ژیان و بژێوی خەڵک وێران بکەن.