
پەرەگراف- رێنوار نەجم
ئەو دوو کۆمپانیا جیهانییەی وردبینی بۆ داهاتو خەرجیی نەوتو گازی هەرێم دەکەن، پێشتر چەندینجار بەهۆی فێڵکردنو ئەنجامدانی کاری نایاسایی لە وڵاتانی دەرەوە سزادراونو غەرامەکراون.
حکومەتی هەرێم وەک هەنگاوێک بۆ ڕەواندنەوەی رەخنەو گومانەکان لەسەر ناڕوونی فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم، ساڵی ڕابردوو چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانە هێنانی کۆمپانیای بیانیی بوو بۆ وردبینی لەداهاتی نەوت.
رۆژی 5ی تشرینی یەکەمی 2016 گرێبەستی پڕۆژەی وردبینیی سەربەخۆی داهاتو خەرجییەکانی نەوتو گاز لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانو کۆمپانیای وردبینیی جیهانیی دیلۆیت ئیمزا کرا.
حکومەتی هەرێم هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای ئێرنست ئاند یەنگ، گرێبەستێکی دیکەی هاوشێوەی بۆ تەواوکردنی وردبینیکردنی پڕۆسەکانی نەوتو گاز لە هەرێمی کوردستان ئیمزاکرد.
دیلۆیتو ئیرنست ئاند یەنگ، دوان لەو چوار کۆمپانیا زەبەلاحەی جیهانن (لەگەڵ پی دەبلیو سیو کەی پی ئیم جی) کە لەبواری ژمێریاریو وردبینی کاردەکەن، ئەم کۆمپانیایانە ڕوبەڕوی رەخنەی توند بونەتەوە بەهۆی فێڵکردنو ئاسانکاریی بۆ دەوڵەمەندانو دەسەڵاتداران بۆ خۆدزینەوە لە باج.
پرسی دەرهێنانو فرۆشو داهاتی نەوت لەگەرمترین پرسەکانی ئەم چەند ساڵەی هەرێمی کوردستانەو زۆرترین قسەی لەسەر کراوەو ڕەخنەی توندی لێگیراوە، دوای دروستبوونی قەیرانی داراییش لەبڕیارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ شەفافیەت لەوکەرتە هێنانی ئەو کۆمپانیایانەو ڕاگەیاندنی داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم بوو.
دوو ساڵ لەمەوپێش سەنتەری نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی لێکۆڵەر لەبەدواداچونێکدا ئاشکرایکرد کە ئەو چوار کۆمپانیایە ئەندازیاری سەرەکیی سیستمی ئۆفشۆر-نو یاریکەری سەرەکین لەبازرگانی نێوان سنوری وڵاتان کە لە ڕوی مۆڕاڵیو یاساییەوە جێگای گومانن.
ئۆفشۆر سیستمێکە بازرگانە گەورەکان بەکاریدەهێنن بەشێوەیەک کەسانی نەناسراو دەکەنە بەڕێوەبەری پڕۆژەکانیان بە مەبەستی پێدانی باجێکی کەمتر بەحکومەتەکانو پاراستنی سامانەکانیان لە ناجێگیرییە سیاسییو ئابورییەکان. لەوڵاتی بەریتانیا چەند دورگەیەکی تایبەت بەو سیستمە هەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمەڕاسیمی واژۆکردنی گرێبستەکەدا لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت رایگەیاند "ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستەو ئەرکداربوونی کۆمپانیایەکی ناوداری سەربەخۆی جیهانیی بواری وربینینی لە هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە چوار کۆمپانیا ناودارەکانی جیهانەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن پێگەو نێوبانگو پسپۆڕیی خۆیەتی، هەنگاوێکی زۆر جددیو گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی زیاتری ڕوونیو شەفافیەت لە پرسی نەوتو گازو داهاتو خەرجییەکانیداو نیشانەی جددییەتو پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە چاکسازیو شەفافیەتەوە."
نێچیرڤان بارزانیو نێڵ هارگرێڤسو ڕۆبهرت هانلۆن نوێنهرانى كۆمپانیاى دیلۆیت لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا
بەڵام مێژووی ئەو کۆمپانیایانە لەماوەی کارکردنیاندا لەبواری وردبینیدا تێڕوانینێکی جیاواز دێنێتە پێش لەو ئەرکە سەرەکییەی لەکوردستان هەیانە کە "وردبینیو شەفافیەتە".
کۆمپانیای دیلۆیت کە بارەگاکەی لەشاری نیویۆرکی ئەمەریکایە، لەلایەن دادوەری نیویۆرکەوە بە تاوانبار ناسرا، چونکە هاوکاری بانکێکی کردوە کە ئەو بانکە پێشیلی گەمارۆکانی ئێرانی کردوە. هەروەها لەساڵی 2012 لەئەمەریکا ئەو کۆمپانیایە بەبڕی دوو ملیۆن دۆلار غەرامە کراوە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانەوە.
"وا بڕیاربوو ئەم کۆمپانیایانە لەسەر شەرەفو دەستپاکی بنیات بنرێن، بەڵام ئێستا ئەوەندە گەورەبون تەنیا مەبەستیان پەیداکردنی پارەیە" ئەمە قسەی فرانسین مەککینا ژمێریاری پێشووی کۆمپانیای پی دەبلیو سیو کۆمپانیای کەی ئیم پی جی-یە.
هەروەها دەڵێت "ئەوان نیگەرانی ناوبانگیان نین، چونکە ئەم هەموو کارانەیان کاریگەری نەبوەو تادێت گەورەتر دەبن."
کۆمپانیای ئیرنست ئاند یەنگ ساڵی رابردوو لە ئەمەریکا بەبڕی 9.3 ملیۆن دۆلار غەرامەکرا بەهۆی بوونی پەیوەندی ناجۆرو نایاسایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە وردبینیان بۆ دەکردن.
یەکێک لەئۆفیسەکانی کۆمپانیای ئێرنست یان یۆنگ
ئەم کۆمپانیانە ڕەتیدەکەنەوە کە کاری نایاسییان کردبێت، وەک ڕێوشوێنێکیش بۆ پاراستنی خۆیان، کاتێک ئەم چوار کۆمپانیا زەبەلاحە توشی گرفت دەبن ژمارەیەک کارمەند تاوانبار دەکەنو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەنو دەڵێن هەڵە تێگەیشتنیک هەیە.
ئەو چوار کۆمپانیایە لەهەموو جیهاندا کار دەکەنو بەیەکەوە 700 هەزار کارمەندیان هەیەو داهاتیان دەگاتە زیاد لە 100 ملیار دۆلار، کاری کۆمپانیاکان بەشێوازێکی لامەرکەزییە، بەڵام بەرپرسە پلەباڵاکانیان لە ئەمریکان.
لەناوەڕاستی ئەمساڵدا یەکەیەکی کۆمپانیای دیلۆیت لەسعودیە بەهۆی سەرپێچییەکانییەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ کارەکانی هەڵپەسێردراو بڕی 300 هەزار ریاڵی سعودیش غەرامەکران.
ئەم چوار کۆمپانیایە مێژویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19و سەرەتای سەدەی 20 کاتێک کە کۆمپانیا ژمێریارییە بەریتانیو ئەمریکییەکان یەکیانگرت، دەسەڵاتی ئەم چوار کۆمپانیایە هەژموونی لەندەنو واشنتن دەگەیەنێت لەسیستمی دارایی جیهاندا.
"دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایانە لەحکومەتەکان زیاترە."
ڕەخنەیەکی سەرەکی کە لەحکومەتی وڵاتانی ئەوروپیو ئەمریکی دەگیرێت ئەوەیە کە لەکاتێکدا ئەو وڵاتانە باسی شەفافیەت دەکەنو دەڵێن دژی گەندەڵین، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە ئەوەندە بە گەورە دەزانن کە ناتوانن هەنگاوی جدی بۆ چارەسەرکردنی شەفافیەت لەبەرامبەریان بگرنەبەرو تەنها هەنگاوی لاوەکیی دژیان دەنێن.
دەسەڵاتی ئەم چوار کۆمپانیایە ئەوەندەیە کە کاریگەرییان هەیە بۆ یاسادانان بۆ سیستمی ئۆفشۆر کە زۆر نهێنییەو هاوکاری دەسەڵاتدارانو دەوڵەمەندان دەکەن کە پارەکانیان لەو شوێنانە بشارنەوە کە حکومەتەکانو بەرپرسانی باج دەستیان پێیان ناگات.
ئاستین میچیڵ ئەندام پەرلەمان لە بەریتانیا دەڵێت "دەسەڵاتی ئەم چوار کۆمپانیایە لە حکومەتەکان زۆرتر."
لەبەدواداچونێکدا کە ساڵی 2011 ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە کە ئەو چوار کۆمپانیایە بە یەکەوە 81 ئۆفیسیان هەیە لە دورگەکانی ئۆفشۆردا کە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان داهاتەکانیانی تێدا دەشارنەوە.
دیلۆیت بۆ نمونە 150 کارمەندی هەیە لە دوو ناوچەی گەورەی ئۆفشۆر (جێرزی و گێرنزی) کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەریتانیادان، لەدۆسیە بەناوبانگەکەی "پۆرتکۆلیس تراست نیت" کە کۆمپانیای ئۆفشۆری بە فێڵێکی زیرەکانە دادەنا دەرکەوت کە ئەو چوار کۆمپانیایە ڕۆڵیان هەبووە.
بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم، ئەو وردبینییەی کە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتەوە ئەنجام دەدرێت، سەرجەم پڕۆسەکانی نەوتو گاز لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەر لە بەرهەمهێنانو هەناردەکردنو فرۆشتنی نەوتەوە، چ لە ڕێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە بێت، یان لە بازاڕی ناوخۆ، یان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، تا پاڵاوگەکانو بەرهەمە نەوتییو گازییەکانو سەرجەم ئەو بڕە پارانەی لەکۆمپانیاکانی نەوت لەبەر ڕۆشنایی یاسای نەوتو گازی هەرێمو شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەرگیراون.
هەرچەندە ئەو دوو کۆمپانیایە چەند مانگێکە دەستیان بەکارکردن کردووە لەکەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی هەرێم زانیاری ئاشکرا نەکردووە لەبارەی قۆناغی کارو ئەنجامەکانیان.
پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری لەوبارەیەوە، پەیوەندیکرد بە نوری عوسمان بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون لەئەنجومەنی وەزیران، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو زانیاری نییە لەبارەی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانەو د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداری ئەو پرسەیە، هاوکات پەرەگراف چەندجارێک پەیوەندیکرد بە ئامانج ڕەحیم، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.