پەرەگراف
حكومەتی هەرێم زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلاری بۆ چەند كۆمپانیایەكی نەوت خەرجكرد كە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، پارەكە وەك شایستەی داراییو قەرزی كۆنی ئەو كۆمپانیایانە لەسەر هەرێم خەرجكراوە.
كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیو دی ئێن ئۆی نەرویجی كە بە هاوبەشی لە كەرتی نەوتی هەرێم كاردەكەن، بڕی 34 ملیۆنو 450 هەزار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم وەرگرت لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەی تاوكێ بۆ مانگی 10ی ساڵی رابردوو.
گەنەڵ ئینێرجی ئەمڕۆ وەرگرتنی ئەو بڕەپارەیەی لە حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند، پارەكە لەنێوان گەنەڵ ئینێرجیو دی ئێن ئۆ-ی هاوبەشی دابەشدەكرێت كە 29 ملیۆنو 73 هەزار دۆلاری لەبری كاری مانگانە وەرگیراوەو 5 ملیۆنو 82 هەزار دۆلاریلەبری قەرزی پێشتر.
لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، لەمانگی 10ی 2016، لەكێڵگەی تاوكێ ڕۆژانە 115 هەزارو 363 بەرمیل نەوت هەناردەكراوە، لەو بڕەش 115 هەزارو 81 بەرمیل لەڕێی توركیاوە هەناردەكراوە.
حكومەتی هەرێم مانگانە لەپارەی داهاتی نەوت شایستەی داراییو قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان دەداتەوە.
هەركۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لەكێڵگەی تەق تەق، بڕی 16 ملیۆنو 55 هەزار دۆلاریان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە لەبەرامبەر كاركردنیان لەو كێڵگەیەدا بۆ مانگی 11ی ساڵی رابردوو.
ئەو بڕە پارەیە 13 ملیۆنو 83 هەزار دۆلاری لەبەرامبەر كاركردنیان بووە لەو مانگەداو 2 ملیۆنو 72 هەزار دۆلاریشی قەرزی كۆن بووە، گەنەڵ ئینێرجی ئاماژەی بەوەشكردوە كە پشكی ئەو لەو بڕە پارەیە 9 ملیۆنو 10 هەزار دۆلار بووە.
هەناردەی نەوتی تەق تەق لەو مانگەدا بەتێكڕا 45 هەزارو 170 بەرمیل بووە لە ڕۆژێكدا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەكاتی بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی مانگانەیدا لەبارەی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێمەوە، ئەوبڕە پارەیە ئاشكرا دەكات كە لەو مانگەدا دراوەتە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم.
ماوەی 2 مانگە سامانە سروشتییەكان ڕاپۆرتی مانگانەی بڵاونەكردووەتەوە، ئەوەش بەوهۆیەی دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی بۆ داتاكانی نەوتو داهاتەكەی دەكەن، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە تا ئەو كۆمپانیایانە وردبینییەكە نەكەن ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەو داهاتی نەوت بڵاونەكاتەوە.
حكومەتی هەرێم وەك هەنگاوێك بۆ ڕەواندنەوەی رەخنەو گومانەكان لەسەر ناڕوونی فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم، ساڵی ڕابردوو چەند بڕیارێكی دەركرد، یەكێك لەو بڕیارانە هێنانی كۆمپانیای بیانیی بوو بۆ وردبینی لەداهاتی نەوت.
دیلۆیتو ئێرنست ئاند یەنگ ئەو دوو كۆمپانیا جیهانییەن كە وردبینی بۆ داهاتو خەرجیی نەوتو گازی هەرێم دەكەن، ئەوان هەرچەندە دوو كۆمپانیای بەناوبانگن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام پێشتر چەندینجار بەهۆی فێڵكردنو ئەنجامدانی كاری نایاسایی لە وڵاتانی دەرەوە سزادراونو غەرامەكراون.