پەرەگراف ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترین سەرمایەدارانی كوردستان بڵاودەكاتەوە

10-02-2017 05:06


پەرەگراف- سورکێو محەمەد

 

ژمارەی ملیاردێرو ملیۆنێرەكانی هەرێمی كوردستان كەمیكردووەو كێبڕكێی كۆمپانیاكانیش بۆ ڕیزبەندی یەكەمی دەوڵەمەندیی، لەنێوان گروپی كارە لە هەولێرو فاروقی مەلا مستەفا سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكانی فاروق لە سلێمانی كە سەرمایەكانیان نزیكە لەیەكەوە.

 

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف كە سبەینێ بڵاودەكرێتەوە، ڕیزبەندیی دەوڵەمەندترین سەرمایەدارانی كوردستان ئاشكرادەكات‌و نوێترین ئامارەكانی ژمارەی ملیاردێرو ملیۆنێرو ئەو كەسانەش دەخاتەڕوو كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێكار بوون، لەگەڵ باسكردن لە قۆرخكاریی‌و سەرمایەگوزاریی لەلایەن حزبەكانەوە.

 

بەوتەی مەلا یاسین، لەئێستادا 11 ملیاردێر و 5 هەزار ملیۆنێر لەهەرێم هەن كە سەروەتیان لەسەروی ملیۆنێك دۆلارەوەیە بە موڵك‌و ماڵەوە، "بەڵام بەداخەوە ئەم ژمارەیە كەمی كردووەو پێشتر لەوەزیاتر بوو، ملیاردێرەكان دوانمان كەمی كردووە."

 

لەبارەی دەوڵەمەندترین كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان، مەلا یاسین وتی"گەورەترین سەرمایەداری كوردستان ئێستا گروپی كۆمپانیای كارە لەهەولێر كە سەروەت‌و سامانی 3 ملیارو 600 ملیۆن دۆلارە، دوای ئەو فاروقی مەلا مستەفایە كە خۆم گومانم هەیە لەنێوان ئەو دوانە كامیان لەپێشن‌و نەگەیشتوومەتە ئەنجام، بەڵام بە بۆچونی ئێمە كاك فاروق 3 ملیارو 500 ملیۆن دۆلاری هەیە."

 

لەدوای ئەوانیشەوە هەریەكە لە گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان‌و ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كۆمپانیای ماس دێن، "بەپێوەرەكانی ئێمە دەبێت ئەحمەد ئیسماعیل لەپێشەوە بێت، بەڵام قەیوانیش ئێستا پڕۆژەی زۆرباشیان هەیەو زۆر دەوڵەمەندبوون، ئەمانەش یەك لەیەك خێرخوازترن." وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران وای وت.

 

لەبارەی چۆنێتی زانینی ڕیزبەندیی ملیاردێرەكان‌و سەرمایەكانیان، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران وتی"هەموویان مۆڵەتەكانیان لای منە، بۆنمونە كاك ئەحمەد ئیسماعیل بایی یەك ملیارو 600 ملیۆن دۆلار تەنها مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ كارگەی ئاسن‌و چیمەنتۆو وێستەگەی كارەبا."

 

مەلا یاسین كە هاوكات بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێزە، ئەوەشدەخاتەڕوو قەیرانی دارایی تەواوی جومگە ئەساسییەكان‌و سێكتەرەكانی گرتوەتەوەو كۆمپانیا حزبییەكانیش كاریگەرییان بەركەوتووە، چونكە داهاتیان كەمی كردووە، بەڵام لەسەر كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كاریگەری قەیرانەكە زۆر زیاتر بووە.

 

لەسەرەتای ساڵی 2014وە كاتێك حكومەت بەغدا بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ هەولێر لەسەر پرسی نەوت بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، قەیرانی دارایی ڕوبەڕوی هەرێم بوەوەو زۆربەی پڕۆژەكان ڕاگیران‌و حكومەت سەرباری پیادەكردنی سیستمی پاشەكەوتی موچە ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە دابەشبكات‌و موچەی چەند مانگێكی فەرمانبەرانیش قەرزارە.


كەرتی تایبەت بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانەوە ژمارەیەكی زۆر كارمەندی دورخستەوە، بەپێی ئامارەكانی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران"500 كۆمپانیاو كەسایەتی‌و دەوڵەمەند‌و خاوەن كار مایەپوچ بوون‌و 183 هەزار كەس لەكەرتی تایبەت بێكاربوون."