چیرۆكی دۆزینەوەی 'سکە دێرینەکان'ـى بێستانسوور؛ چى دۆزراوەتەوە و مێژووەکەى بۆ کەى دەگەڕێتەوە؟

26-12-2025 08:09

پەرەگراف - دەستگیركردنی ژمارەیەك مێرمنداڵ و كەسوكاریان لە گوندی بێستانسوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پەردەی لەسەر دۆزینەوەیەكی شوێنەواری هەڵدایەوە كە ئێستا مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە. پەرەگراف بەدواداچوون بۆ چیرۆكی دۆزینەوەی ژمارەیەكی زۆر دراوی كۆن و مێژووەكەیان دەكات.

سەرەتای چیرۆكەكە لە ڕۆیشتنی پێنج مێرمنداڵی گوندی بێستانسوور بۆ قارچك دەست پێ‌ دەكات، بەڵام لەبری قارچك، بەسەر كۆمەڵێك دراوی كۆندا دەكەون كە لەناو چاڵێكدا بووە و بەهۆی بارانبارینەوە دەركەوتووە، ئەوانیش كۆی دەكەنەوە و بەدەم گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە بەینی خۆیاندا بەشی دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی لە گرنگی و بەهای ئەم دۆزینەوەیە تێبگەن.

پەڕەگراف بەشێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ چیرۆكەكە كرد و كەسوكار و خەڵكی گوندی بێستانسوور دوواند، هەرچەندە ئەو ڕێكارە ئەمنییەی بۆ بەدواداچوونی بابەتەكە گیراوەتە بەر، هەموانی ترساندووە و خۆیان دەپارێزن لەوەی قسەی وردی لەبارەوە بكەن.

برای یەكێك لەو مێرمنداڵانە بە پەرەگرافى وت "براكەم لەگەڵ چوار هاوڕێی كە تەمەنیان لە دەوروبەری 10 ساڵدایە،، بەمەبەستی كۆكردنەوەی قارچك چوونەتە پێدەشتەكانی دەوروبەری گوندەكە، بەڵام لەوێ‌ ئەو سكە زیوییانەیان دۆزیوەتەوە".

وەكوو ئەو دەڵێت، سەرەتا مێرمنداڵەكان نەیانزانیوە ئەوەی دۆزیویانەتەوە چییە و "یاریی شێروخەتیان پێ‌ كردووە"، بەڵام كە دواتر بردوویانەتە ماڵەوە، زانراوە كە ئەو دراوانە كۆنن و پارچەی شوێنەوراین.

ڕووداوەكە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بووە و دوای چەند ڕۆژێكیش دەزگا ئەمنییەكان لە بابەتەكە ئاگادار كراون، بۆیە نیوەشەوێك ئاسایشی ناحیەی عەربەت باوكی ئەو پێنج مێرمنداڵە بانگ دەكات و ماوەی هەفتەیەك بۆ لێكۆڵینەوە دەستبەسەریان دەكات، هەروەها چەند جارێك لێكۆڵینەوە لەگەڵ مێرمنداڵەكانیش دەكرێت و چەند ڕۆژێكیش ئەنجوومەنی گوندەكە دەستبەسەر دەكرێت، دواتر هەموویان بە كەفالەت ئازاد دەكرێن.

هەرچەندە سەرەتا هەواڵەكە وا بڵاو كرایەوە كە "600 دراوی ئاڵتوونی دۆزراوەتەوە و بەهایەكی زۆری ماددی و مێژوویی هەیە"، بەڵام كەسوكاری مێرمنداڵەكان و خەڵكی گوندەكە ئەوە ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "دراوەكان زیوی بوون و زۆر لەو ژمارەیەش كەمتر بووە".

بەپێی یاسا، گەڕان بۆ شوێنەوار و مامەڵەكردن پێیەوە قەدەغەیە، لە كاتی دۆزینەوەی پارچەیەكی شوێنەواریشدا پێوستە لایەنی پەیوەندیدار و دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكرێنەوە.

ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن ژمارەی دراوە زیوییە دۆزراوەكان زیاتر بووە و كەمتەرخەمیكردن لە ئاگاداركردنەوەی لایەن پەیوەندیدار لە بابەتەكە، كەسوكاری مێرمنداڵەكانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە كردووەتەوە، دۆسیەكە بۆ ساغكردنەوە و یەكلاكردنەوەی دراوەتە دادگا.

چی دۆزراوەتەوە و مێژووەكەی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

ئەوەی تا ئێستا زانراوە و پەرەگراف لە دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستی كەوتووە، ئەوەیە كە "194 پارچە دراوی زیوی" دەستی بەسەردا گیراوە كە لە ماڵی ئەو مێرمنداڵانەدا بووە. ئێستا لای ئاسایشی سلێمانییە تا یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە.

پەرەگراف هەوڵی زۆری دا وێنە و ڤیدیۆی دراوەكان دەست بخات، بەڵام زۆرێك لە كەسوكاری ئەو مێرمنداڵانە هیچ لێدوانێك نادەن و ئەوانی دیكەش ئامادە نین بچنە ناو وردەكاریی بابەتەكەوە و وێنە و ڤیدیۆ نیشان بدەن.

ئەوەی توانراوە بزانرێت، تەنیا ئەم چەند وشەیە "دراوەكان نووسینی عەرەبییان لەسەر بووە". ئەمە لەلایەن چەند كەسێكەوە پشتڕاست كراوەتەوە. سەرچاوەیەكیش بە پەرەگرافی وت "نووسینەكان ئایەتی قورئان یان شتێكی لەو شێوەیە بوون".

پەرەگراف بۆ دەستكەوتنی زانیاریی زیاتر، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانییەوە كرد. سەرچاوەیەك لە شوێنەوار وتی "هێشتا پەڕاوی لێكۆڵینەوەی ئەو ڕووداوە تەواو نەبووە و هیچ كەرەستەیەك ڕەوانەی لای ئێمە نەكراوە، بۆیە زانیاریمان لەسەر نییە".

گوندی بێستانسوور ناوچەیەكی شوێنەواریی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان، دۆزینەوە شوێنەوارییەكان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەو گوندەی كردە یەكێك لە دێرینترین ناوچە كە مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ‌ بووە. توێژینەوە و كنە و پشكنینە هاوبەشەكان بە هاوكاریی توێژەرانی ئەڵمانی، نیشانی دەدەن كە 11 هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ لەم گوندەدا نیشتەجێ‌ بووە و مێژووەكەی لە گوندی چەرموو كۆنترە.

شوێنەوارناسێك بۆ پەرەگراف دەڵێت "گوندی بێستانسوور جگە لەوەی كە یەكێك لە دێرنترین ناوچەكانە مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ‌ بووە، دواتریش بەدرێژایی مێژوو لە سەردەمی هەموو دەسەڵاتدارێتییەكاندا ناوچەیەكی گرنگ بووە و چەندین شوێنەواری گرنگی تێدایە".

سەبارەت بە جۆر و مێژووی ئەو دراوەكە، پەرەگراف بەدواداچوونی وردی كرد و لەبەر ئەوەی هیچ وێنەیەكی دراوەكە لەبەردەستدا نییە و تەنیا ئەوە زانراوە كە زیوییە و نووسینی عەرەبیی لەسەر، چەند ئەگەرێك لەئارادایە.

بەهێزترین ئەگەرەكان بۆ جۆر و مێژووی دراوەكان بەم شێوەیەن: ڕەنگە دراوی ئەمەوی بێت كە (661 - 750 زایینی) فەرمانڕەواییان كردووە، یان درهەمی عەباسی كە (750 - 1258 زایینی) فەرمانڕەواییان كردووە، یاخود دراوی دەوڵەتی عوسمانی كە (1299 - 1923 زایینی) ئیمپراتۆریەتییەكی گەورەیان لە ناوچەكەدا هەبووە. واتە بە ئەگەری زۆرەوە دراوە دۆزراوەكان مێژووەكەیان لەنێوان (200 بۆ 1300) ساڵدایە.

سەرچاوەكەی شوێنەواری سلێمانی بە پەرەگرافی وت "بۆ دیاریكردنی تەمەن و گرنگیی ئەو سكانە، لێكۆڵینەوەی ورد پێویستە، دوای ئەوەی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار دەكرێن".

ڕووداوێكی هاوشێوە

پێنج ساڵ لەمەوبەر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور ڕایگەیاند كە "ڕۆژی 17-12-2020، هێزەكانی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی هەڵەبجەی تازە، لە ماڵیكدا لە زەڕایەن، دستیان بەسەر 666 سكەی زیویی دێریندا گرتووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایش، "ئەو بڕە سكە زیوینە لەنێو گۆزەیەكی گڵیندا لە نزیك زەڕایەن دۆزراوەتەوە و ئەو كەسانە ویستوویانە مامەڵە بە سكەكانەوە بكەن و بیانفرۆشرن". بەڵام ئاسایش باسى لە جۆرى دراوە زیوییەکان نەکردووە.

ناحیەى وارماوا (زەڕایەن) کە ئەوکاتە دراوەکانى لێ دۆزراوەتەوە، لەگەڵ گوندى بێستانسوور کە ئێستا دراوەکانى تێدا دۆزراوەتەوە، تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە یەکەوە دوورن.