بەربژێری سەرۆكایەتییەكان؛ ئەمڕۆ بۆ سوننە دوادەرفەتە، كورد 30 ڕۆژ و شیعە 45 ڕۆژی لەبەردەمدایە
پەرەگراف - محەمەد شیاع سوودانی گەیشتن بە بنبەستی گفتوگۆكانی دیاریكردنی بەربژێری سەرۆكوەزیران لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕادەگەیەنێت، ئەوەش دوای دەیان ڕۆژ گفتوگۆ و كۆبوونەوەی سەركردە شیعەكان بۆ تاوتوێی ئەو پرسە، بەڵام هێشتا دەرفەت لەبەردەمیاندا ماوە. بە پێچەوانەوەی شیعەكانەوە، ئەمڕۆ دوادەرفەتی بەردەم سوننەكانە بۆ یەكلاكردنەوەی بەربژێری سەرۆكی پەرلەمان و کوردیش بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆککۆمار 30 ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە.
سوودانی كە لیستەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە و بەربژێرێكی سەرەكیی پۆستی سەرۆكوەزیرانە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی مەیادین دەڵێت "دوای تێپەڕینی زیاتر لە 40 ڕۆژ بەسەر ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا، گفتوگۆكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیاریكردنی بەربژێری سەرۆكوەزیران بەرەوپێش نەچووە و لە شوێنی خۆیدایە". دەشڵێت "پێم وایە گەیشتووینەتە بنبەست".
سەبارەت بەو كەسانەی تا ئێستا بەربژێرن، سوودانی ڕایگەیاند كە خۆی و نووری مالیكی بەربژێری سەرەكین، دەشڵێت "لە كۆبوونەوەكاندا ناوی حەیدەر عەبادی پێشنیاز كراوە، هەندێك ناوی تریش لەلایەن هەندێك كەسایەتیی عێراقییەوە خراونەتە ڕوو".
چوارچێوەی هەماهەنگی كە لایەنە شیعەكانی عێراق لەخۆ دەگرێت، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی پێكهێناوە و پۆستی سەرۆكوەزیران بۆ ئەوان دەبێت، بەڵام ململانێی توندی نێوانیان تا ئێستا ڕێگرە لەوەی یەك بەربژێر بۆ ئەو پۆستە یەكلا بكەنەوە و چەند كۆبوونەوەیەكی چواچێوەكە لەوبارەیەوە بێ ئەنجام بووە، بەڵام هێشتا 45 ڕۆژ ماوەی دەستوورییان لەبەردەمدا ماوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە.
ململانێی توند لەنێوان محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكیدایە، كە لیستەكانیان بەپێی ژمارەی كورسی براوەی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنن، هەرچەندە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی سوودانی زۆر لە پێشەوەیە بە 46 كورسی، لە كاتێكدا دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی 29 كورسیی بردووەتەوە.
هەرچی لایەنە سوونەكانییشە كە لەژێر چەتری (ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی) كۆبوونەتەوە، تا ئێستا نەیانتوانیوە بەربژێری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق یەكلا بكەنەوە، لە كاتێكدا سبەینێ وادەی بەڕێوەچوونی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانە و دەبێت لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.
ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەكان ئەمڕۆ لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ یەكلاكردنەوەی بەربژێری پەرلەمان، ئەگەر لەناو خۆیاندا نەگەنە ڕێككەوتن، ئەوا بە زیاتر لە بەربژێرێكەوە دەچنە دانیشتنەكەوە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە ڕكابەری یەكلا دەكرێتەوە.
هەروەها لایەنە كوردستانییەكان لەسەر پۆستی سەرۆككۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێككەوتنێك، تەنانەت هیچ گفتوگۆیەكی جیددی لەنێوانیاندا نییە. ئەمەش ئەگەری ئەوەی بەهێز كردووە كە پارتی و یەكێتی بە جیا بچنە ڕكابەریی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا 30 ڕۆژ دەرفەتیان لەبەردەستدایە بۆ ڕێككەوتن.
بەپێی ماوە دەستوورییەكان، دەبێت سبەینێ لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا، سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن، پاشان لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت، لە ماوەی 10 ڕۆژ لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریشەوە دەبێت بەربژێری سەرۆكوەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕابسپێردرێت.
ماوە دەستوورییەكان بۆهەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان و پێكهێنانی حكومەتی عێراق
بەپێی دەستووری عێراق، لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ڕێكارەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكان دەست پێ دەكات و دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا كابینەی حكومەتیش پەسەند بكرێت.
دوای ئەوەی ڕۆژی یەكشەممە 14-12-2025، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش ئەوپەڕی ماوە دەستوورییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتییەكە و پێكهێنانی حكومەتی ڕاگەیاند.
بەپێی ماددەی 54ـی دەستوور، لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەست پێ دەكات، پێویستە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەكانی هەڵبژێردرێن.
پاشان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ماوەی دەستووریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار خستووەتە ڕوو و دەڵێت "لە ماوەی 30 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانیەوە دەست پێ دەكات، پێویستە سەرۆككۆماریش هەڵبژێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 72/دووەم/ب) لە دەستوور".
هەنگاوی دواتر ڕاسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانە بۆ پێكهێنانی حكومەت. پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا كە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە دەست پێ دەكات، كاندیدی سەرۆكوەزیران بۆ ئەركەكەی ڕابسپێردرێت، ئەمەش بەپێی (ماددەی 76/یەكەم) لە دەستوور.
هەنگاوی چوارەم پەسەندكردنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە. كە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژ ماوەی لەبەردەستدایە بۆ ئامادەكردنی كابینە وزارییەكەی و پەسەندكردنیشی لەلایەن پەرلەمانەوە.
بەپێی ئەوەی ماددەكانی دەستوور دیاریی كردوون، دەبێت لە ماوەی ئەوپەڕی 90 ڕۆژدا، سەرجەم ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و حكومەتی نوێ دەستبەكار بێت، دەشكرێت بە كەمتر لەو ماوەیە بكرێت.