هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی بە ڕێژەی لەسەدا 13 زیادكرد

19-02-2017 10:09
كاركردن لە بۆری نەوتی سەربەخۆی هەرێم. فۆتۆ: پەرەگراف

 

پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نیوەی یەكەمی ئەم مانگەدا هەناردەی نەوتی بەڕێژەی لەسەدا 13 زیادكردووە.

 

فرۆشتنی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمەو حكومەت مانگانە بەپێی داهاتی نەوت موچەی فەرمانبەران دابین دەكات، هاوكات حكومەت لە ئامادەكاریدایە بۆ پێداچوونەوە بە ڕێژەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، زیادكردنی هەناردەی نەوتیش كاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی داهاتی هەرێم.

 

بەپێی ماڵپەڕی بلومبێرگ كە تایبەتمەندە بە بواری ئابوری، لەنیوەی یەكەمی ئەم مانگەدا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لەسەدا 3 بەرزبووەتەوەو ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەڕێژەی لەسەدا 13 بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست بلومبێرگ كەوتووە.

 

هەرێمی كوردستان لەڕێی بۆری نەوتی سەربەخۆی خۆیەوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكات‌و لەوێوە دەفرۆشرێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مانگانە ڕاپۆرتی هەناردەو داهاتی نەوت بڵاودەكاتەوە، بەڵام نزیكەی سێ مانگە بڵاوكردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕاگرتووە ئەوەش بەوهۆیەی دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی بۆ داتاكانی نەوت‌و داهاتەكەی دەكەن، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە تا ئەو كۆمپانیایانە وردبینییەكە نەكەن ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەو داهاتی نەوت بڵاونەكاتەوە.

 

حكومەتی هەرێم وەك هەنگاوێك بۆ ڕەواندنەوەی ڕەخنەو گومانەكان لەسەر ناڕوونی فرۆش‌و داهاتی نەوتی هەرێم، ساڵی ڕابردوو چەند بڕیارێكی دەركرد، یەكێك لەو بڕیارانە هێنانی كۆمپانیای بیانیی بوو بۆ وردبینی لەداهاتی نەوت.

 

دیلۆیت‌و ئێرنست ئاند یەنگ ئەو دوو كۆمپانیا جیهانییەن كە وردبینی بۆ داهات‌و خەرجیی نەوت‌و گازی هەرێم دەكەن، ئەوان هەرچەندە دوو كۆمپانیای بەناوبانگن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام پێشتر چەندینجار بەهۆی فێڵكردن‌و ئەنجامدانی كاری نایاسایی لە وڵاتانی دەرەوە سزادراون‌و غەرامەكراون.

 

زیادبوونی هەناردەی نەوتی عێراق

 

هەناردەی نەوتی عێراق لەنیوەی یەكەمی ئەم مانگەدا بەڕێژەی لەسەدا 3 بەرزبووەتەوە، ئەوەش سەرەڕای رازیبوونی بەغدا دێت بەكەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی ڕێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت ناسراو بە ئۆپیك لەكۆتاییەكانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا.

 

بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەست بلۆمبێرگ كەوتووە، لە 15 رۆژی یەكەمی ئەم مانگەدا، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ 3.93 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووەتەوە، ئەوەش 122 هەزار بەرمیلی زیاترە بە بەراود بەئاستی هەناردەی ڕۆژانەی تەواوی مانگی ڕابردوو.

 

ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، كەشتییە نەوتییەكانی بەندەری باشوری عێراق لە بەسڕە بەڕێژەی لەسەدا 10 زیادیان كردووە.

 

لە 30ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپیك، گەیشتنە ڕێكەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌، دواتریش وڵاتانی دەرەوەی ڕێكخراوەكە هاتنە ناو ڕێكەتنەكەو رێكەوتنەكەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

بەپێی ڕێكەوتنەكە 14 وڵاتەكەی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك 1.2 ملیۆن بەرمیل هەناردەی‌ نەوتی ڕۆژانە كەم دەكەنەوەو بەوەش كۆی ئاستی هەناردەی‌ ڕۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە كەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.

 

عێراق لەڕێكەوتنەكەدا بڕیاریدا 210 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كەمبكاتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو بڕەی لەمانگی تشرینی یەكەمدا بەرهەمی دەهێنا كە 3.91 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بوو.

 

بلۆمبێرگ، باسی لەوەشكردووە، هەرچەندە ئاستی هەناردەكردن لەنیوەی یەكەمی ئەم مانگەدا بەرزبووە، بەڵام مەرج نییە سەرتاسەری مانگەكە هەناردەكردن بەو شێوەیەبێت، بەتایبەتی بەهۆی كەشوهەوای سەختەوە ڕەنگە لەكۆتاییەكانی ئەم مانگەدا ئەو ڕێژەیە كەم بكات.

 

پێشتریش بەغدا ڕایگەیاندبوو كە پلانی هەیە لەمانگی شوباتدا 3.64 ملیۆن بەرمیل نەوت لەهەر ڕۆژێكدا هەناردە بكات.

 

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی پێشتر ڕایگەیاندبوو، عێراق لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا كە ڕێكەوتنەكەی ئۆپیكی تێدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە ئاستی هەناردەكردنی نەوتی 110 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەمیكردوە.