كۆمپانیایەكی ڕوسی نەوتی هەرێم بۆ ماوەی 3 ساڵ دەكڕێت‌و پێشوەخت پارە دەدات

21-02-2017 03:34

 

پەرەگراف

 

كۆمپانیایەكی ڕوسی بۆماوەی 3 ساڵ نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕێت‌و پێشوەخت پارەكەی دەداتە حكومەتی هەرێم، ئەو كۆمپانیایە پێشتریش هەوڵیداوە بێتە هەرێمی كوردستان‌و نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كڕیوە.

 

كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسیی، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكردووە بۆ كڕینی نەوتی هەرێم لە ساڵانی 2017، 2018و 2019‌و گواستنەوەی بۆ پاڵاوگەكانی جیهان، لەبەرامبەردا پارەی نەوتەكە پێشەكی دەدەنە حكومەتی هەرێم.

 

ئیگۆر سەچین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ڕوسنەفت لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندوە "خۆشحاڵین بەئەنجامدانی کاری نوێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمداو گەشەپێدانی بازاڕی نوێ لەسەرانسەری جیهاندا بۆ نەوتی خاوی هەرێم."

 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە کە ئەو هەنگاوە سیستمی پاڵەوگەی جیهانیی کۆمپانیاکە فراوان دەکات‌و کاریگەرییەکانی زیاتر دەکات.

 

كۆمپانیاكە لە بەیاننامەكەیدا وردەكاریی‌و زانیاری زیاتری ئاشكرا نەكردووەو بڕی ئەو نەوتەشی دیاری نەكردووە كە دەیكڕێت، سەرباری ئاشكرا نەكردنی بڕی پارەی نەوتەكەو چۆنێتی پێدانی بە حكومەتی هەرێم، هاوكات تائێستا حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە هیچ ڕاگەیەندراوێكی نییە.

 

گرێبەستەكەی نێوان حكومەتی هەرێم‌و ڕوسنەفت لەشاری لەندەن لە پەراوێزی كۆنفڕانسی هەفتەی نەوتی لەندەن واژۆكراوە كە ئەمڕۆ دەستیپێكردووەو تا 23ی ئەم مانگە دەخایەنێت.

 

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، گرێبەستەكەیان لەگەڵ ڕوسنەفت دەبێتە هۆكاری پەرەپێدانی هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیاكە لە هەموو بوارێكدا لە كەرتی نەوت.

 

بەپێی ماڵپەڕی بلومبێرگ، ڕوسنەفت پێشتریش هەوڵیداوە لەكەرتی نەوتی هەرێمدا كاربكات‌و لە ساڵی 2014دا كۆمپانیا ڕوسییەكە بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیای نەوتیی ئەمەریكی ئێكسۆن مۆبیل كە لەنەوتی كوردستاندا وەبەرهێنان دەكات، هەوڵیداوە بێتەناو بازرگانیی نەوتی هەرێمەوە لەڕێی وەرگرتنی پشك لەكۆمپانیا ئەمەریكییەكە.

 

لەناوەڕاستی 2014شدا ڕوسنەفت كەشتییەك نەوتی هەرێمی كڕیوەو گواستویەتییەوە بۆ پاڵاوگەكانی خۆی لە ئەڵمانیا، كڕینی ئەو نەوتەی هەرێم لەلایەن كۆمپانیا ڕوسییەكەوە لە كاتێكدابوو ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمەوە لەو پەڕی توندیدابوو.

 

حكومەتی هەرێم سێ ساڵە لەڕێی بۆری نەوتی سەربەخۆی خۆیەوە نەوتەكەی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكات‌و لەوێوە دەنێردرێتە بازاڕەكانی جیهان.

 

كۆمپانیای ڕوسنەفت، زۆرینەی پشكەكانی لەلایەن حكومەتی ڕوسیاوە خاوەندارێتی دەكرێت‌و بنكەی سەرەكی لەشاری مۆسكۆیە لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی كرملین، ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2013 بوو بە گەورەترین كۆمپانیای بازرگانیی نەوت لەڕوسیا.

 

ڕوسنەفت ساڵی 1993 دامەزراوەو 106 هەزار كارمەندی هەیە، لەساڵی 2014دا داهاتی كۆمپانیاكە زیاتر لە 91 ملیار دۆلاربووە.

 

قەیرانی دارایی كە لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە، حكومەتی ناچار كردووە نەوت بە پارەی پێشوەخت بفرۆشێتە چەند كۆمپانیایەك‌و قەرزیش لەچەند كۆمپانیایەك بكات‌و نەوت بداتەوە لەبری پارەی قەرزكراو، لەناو ئەو كۆمپانیایانەشدا ڤیتۆڵ، پێتراكۆ، گلێنكۆر‌و ترافیگورا هەن.