بەهای پشكەكانی ئاسیاسێڵ لەسەدا 75 دابەزیوەو زیانێكی گەورەیە بۆ خاوەن پشكەكان

24-04-2017 10:16
لۆگۆی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەهای پشكەكانی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەدا 75 دابەزیوە، ئەوەش خاوەن پشكەكانی نیگەران كردووەو وەك خۆیان دەڵێن"زەرەرێكی زۆر گەورەیە."

 

هاوكات بڕی قازانجی هەر پشكێك بە هەمانشێوە بە ڕێژەیەكی زۆر دابەزیوەو تائێستا قازانجی ساڵی 2015 بەسەر خاوەن پشكەكاندا دابەش نەكراوەو ڕاپۆرتی قازانجی پشكەكان بۆ ساڵی 2016 ئامادەنەكراوە.

 

كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەمانگی 2ی 2013 لەسەدا 25ی پشكەكانی فرۆشت كە كردییە 67 ملیارو 503 ملیۆن پشك لەكۆی 270 ملیارو 12 ملیۆن پشك.

 

نرخی هەرپشكێكی ئاسیاسێڵ لە 2013دا بە 22 دینار فرۆشرا، بەڵام بەپێی وتەی حسام ئەلئەشیقر بەڕێوەبەری بەشی دارایی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەرەگراف لەئێستادا نرخی "هەرپشكێك بە نزیكەی 5 دینارو نیوە."

 

بەو پێیەش نرخی هەر پشكێكی ئاسیاسێڵ لەساڵی 2013 بەراورد بە ئێستا لەسەدا 75 دابەزیوە، واتە ئەگەر كەسێك بە بڕی یەك ملیۆن دۆلار پشكی ئاسیاسێڵی كڕیبێت ئێستا بەهای پشكەكانی تەنها 250 هەزار دۆلارەو 750 هەزار دۆلار زەرەر دەكات.

 

كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ساڵی 1999 دامەزراوە، فاروق مەلا مستەفا سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە، لەبارەی ئاسیاسێڵەوە دەڵێت"لە سەرەتادا، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەوە ناسرابو كە یەكەمین كۆمپانیای پەیوەندییەكانە لە عێراقدا. بەڵام لەمڕۆماندا، هەر یەكەمین نییەو بەس، بەڵكو گەورەترین‌و سەركەوتووترینیشیانە. لێرەشەوە، شانازی بەوەوە دەكەین كە دەتوانین بڵێین ئاسیاسێڵ تاكە كۆمپانیای عێراقییە توانیبێتی تۆڕەكانی سەرتاسەری خاكی كوردستان‌و عێراق بگرێتەوەو خزمەتگوزارییەكانی پێشكەشی سەروو 12.2 ملیۆن بەشداربوو بكات."

 

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی كۆمپانیاكە كە وێنەیەكی دراوە بە پەرەگراف، داهاتی ئاسیاسێڵ لەساڵی 2015دا بەڕێژەی لەسەدا 21 دابەزیوە بەراورد بە 2014.

 

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا خراوەتەڕوو، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنیی‌‌و هەڵپەساردنی خزمەتگوزارییەكان لەبەشێكی بەرفراوان لەچەند پارێزگایەك بووە لەگەڵ بوونی كێبڕكێ لەنێوان كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن‌و سەپاندنی باجی فرۆشتن بەسەر فرۆشیار بەڕێژەی لەسەدا 20و بەپێی باری ئابوری.

 

بەڕێوەبەری بەشی دارایی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەرەگراف دابەزینی نرخی پشكەكانی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوەو پێیوابوو پەیوەندی بە كۆمپانیاكەیانەوە نییەو پەیوەندی بەدۆخی عێراقەوە هەبووە.

 

حسام ئەلئەشیقر، وتی"دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت‌و هاتنی داعشی تیرۆریست بۆ عێراق‌و بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان‌و داڕمانی باری ئابوری، ئەمانە بوونەهۆی دابەزینی قازانجی كومپانیاو هەروەها دابەزینی نرخی پشكەكانی ئاسیاسێڵ‌و گشت كۆمپانیاكانی پشكدار لە بازاڕی بۆرسەی عێراق."

 

پەرەگراف پرسیاری خەمڵاندنی ئەوزیانانەی كرد كە بەهۆی دابەزینی بەهای پشكەكانەوە بەركۆمپانیاكەو خاوەن پشكەكان كەوتووە، بەڵام حسام ئەلئەشیقر وتی"ناكرێت كۆمپانیا خەمڵاندن بۆ زیانەكان بكات كە بەهۆی دابەزین یان بەرزبوونەوەی نرخی پشكەكانەوەیە كە ئەمەش هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمپانیاوە نییە."

 

دابەشكردنی قازانجی ساڵانەی پشكەكانی ئاسیاسێڵ بەم جۆرەبووە: ساڵی 2013 قازانجەكان 2 دینار بووە بۆهەر پشكێك. ساڵی 2014 دینارو نیوێك بووە بۆهەرپشكێك. ساڵی 2015 لەگەڵ ئەوەی لەسەدا 14.81 سەرمایەی كۆمپانیاكە زیادیكردووە. لەكۆبوونەوەی دەستەی گشتی كومپانیادا كە لە ڕۆژی 19-1-2017دا بەستراوە بڕیاردرا بە دابەشكردنی قازانج بە ڕێژەی 0.250 دینار بۆ هەرپشكێك، بەڵام هێشتا دابەش نەكراوە.

 

هەروەها هێشتا قازانجی ساڵی 2016 دیارینەكراوەو نازانرێت قازانجی هەرپشكێك بۆئەو ساڵە چەند دەبێت.

 

دابەزینی بەهای پشك‌و قازانجەكان، خاوەن پشكەكانی زۆر نیگەران كردووە، بەتایبەت كە تێیاندایە بەبڕی چەندین ملیۆن دۆلار پشكی كڕیوەو ئێستا زەرەرێكی زۆر دەكات.

 

هەرچەندە خاوەن پشكەكانی ئاسیاسێڵ نیگەرانن، بەڵام نیگەرانییەكانیان دەرنەبڕیوەو ناشیانەوێت ناویان بهێنرێت كاتێك قسەر بۆ ڕاگەیاندن دەكەن، لەگەڵ ئەوەی داوادەكەن قسەر لەسەر ئەو پرسە بكرێت.

 

خاوەن پشكێكی ئاسیاسێڵ بە پەرەگرافی وت"پشكەكان هیچ لە ئاست پێشبینیدا نەبوو، بەتایبەت ئاسیا گەورەترین‌و بەهێزترین كۆمپانیایە لەعێراقدا، خەڵك هەیە بە ملیۆن دۆلار پشكی كڕیووە، بەڵام ئێستا زۆر دابەزیوە."

 

ئەو خاوەن پشكە كە خۆی بە بڕی 50 هەزار دۆلار پشكی كڕیوەو داوایكرد ناوی نەهێنرێت، تەئكیدی لەوەكردەوە خاوەن پشكەكان زۆر نیگەرانن لەو دۆخەی بەسەر پشكەكاندا هاتووە، وتی"پشكدارەكان ڕەنگە دۆستی كاك فاروق‌و برادەرانی ئاسیا بن بۆیە نیگەرانییەكان دەرنابڕن، بەڵام پێویستە باس بكرێ‌و ڕاگەیاندن كاری لەسەر بكات."

 

خاوەن پشكێكی دیكەی ئاسیاسێڵ كە بەبڕی چەند ملیۆن دۆلارێك پشكی كڕیوە(نەیویست بەدیاریكراوی بڕەكەی بگوترێت)، بۆ پەرەگراف نیگەرانیی زۆری خۆی دەربڕی لە بەهاو قازانجی پشكەكانیان، وتی"لە زەرەرێكی زۆر گەورەداین، ئەو دەنگۆیانەی سەرەتای پشك فرۆشتنەكە دەیانكردو ئێمەیان هاندا كە بیكڕین هیچی وادەرنەچوو. ویستمان ئەم پرسە بجوڵێنین‌و شكات بكەین، بەڵام كەس كۆنابێتەوەو دەوڵەمەندەكان ئەوەناكەن."

 

ئەو خاوەن پشكە وتیشی"ساڵێك پشكیان داینێ لەبری پارەی قازانج كراو، پشكەكانیان بەنرخی ئەو ڕۆژە خەمڵاند، لەسەر ئەمەش ناڕەزایی هەبوو، بەڵام چونكە كەم بووین زۆرینە لەگەڵ خۆیان بوون‌و ئەوە تێپەڕێندراو كەس گوێی لە نیگەرانییەكان نەگرت."

 

ئەو خاوەن پشكە نیگەران بوو لەوەش كە تائێستا قازانجی پشكەكانیان بۆ ساڵی 2015 وەرنەگرتووە، وتی"لەكۆبوونەوەكەی مانگی یەكی ئەمساڵ وتیان مانگێكی پێناچێت‌و ڕێوشوێنە یاساییەكان تەواودەبن‌و دابەشی دەكەین واتە مانگی 2، بەڵام ئەوە مانگی 5 هات‌و دابەش نەكرا."

 

دابەزینی بەهای پشكەكانی ئاسیاسێڵ بە ئینفۆگرافیك