پەرلەمانتارێكی كورد نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار لە كەناڵێكی ئێرانی دەباتەوە

04-05-2017 05:04
نەدیم زەهاوی پەرلەمانتاری بە ڕەچەڵەك كورد لە پەرلەمانی بەریتانیا

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی بەریتانیا كەیسێكی ناو زڕاندنی لە كەناڵێكی ئێرانی بردەوەو بەوهۆیەوە 338 هەزار پاوەند(نزیكەی نیو ملیۆن دۆلار)ی وەك قەرەبوو لەلایەن ئەو كەناڵە ئێرانییەوە پێدرا.

 

كەناڵی پرێس تیڤی(PRESS TV ) كە كەناڵێكی ئێرانییەو بەزمانی ئینگلیزیی پەخش دەكات، بە هەڵە نەدیم زەهاوی پەرلەمانتاری بە ڕەچەڵەك كورد لە پەرلەمانی بەریتانیای تۆمەتبار كردبوو بەوەی ئاسانكاریی كردووە بۆ بازرگانیی نەوت لە نێوان داعش و ئیسرائیلدا.

 

بەپێی بڕیاری دادگا، كەناڵەكە ناچاركراوە 200 هەزار پاوەند ببەخشێتە زەهاوی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانگەیاندن بەو كەسایەتییەو 138 هەزار پاوەندی دیكەش بەهۆی ئەوەی دادوەر تۆمەتەكانی ئەو كەناڵەی وەسف كردبوو بە "زۆر مەترسیدار."

 

نەدیم زەهاوی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوەو دەڵێت"ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی گوایە من، وەك ئەندام پەرلەمانێك، یەكەم خیانەتم كردووە لەهەموو بنەما ڕەوشتییە قووڵەكانم و دووەم لام داوە لە خزمەتگوزاری ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و یاسا بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ داعش، بە دڵنیاییەوە بە تەواوەتی ناڕاستە."

 

زەهاوی دەشڵێت"لە كارەكەمدا وەك ئەندامێكی لیژنەی كاروباری دەرەوە، هەمیشە قسەم كردووە لەبارەی كاریگەریی زیانبەخشی ئێران كە هەیبووە لە كاروباری نێودەوڵەتیدا. تەشهیرەكەی ئەوان لەو ڕۆژەدا بڵاوكرایەوە كە من بە شێوەیەكی ئاشكرا لە پەرلەماندا ڕەخنەم لە ئێران گرت."

 

ئەو پەرلەمانتارە كوردە، هیواخوازە ئەو بڕیارەی دادگا بتوانێت ڕێگریی بكات لە كەناڵەكانی وەك پرێس تیڤی‌و دەوڵەتانی وەك ئێران لە هەوڵدانی لەو شێوەیە بۆ دووبارە هێرشكردنەسەر خەڵك.

 

نەدیم زەهاوی ساڵی 1967 لە دایك‌و باوكێكی كورد لە شاری بەغدا لەدایك بووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی عێراقیان بەرەو بەریتانیا جێهێشتووەو لەوێ نیشتەجێبوون.

 

زەهاوی لەساڵی 2010وە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیایە لەپارتی كۆنزەرڤاتیڤەكان‌و بە سیاسەتمەدارێكی ساماندار و ملیۆنێر ناسراوە.