دانەگاز و هاوبەشەكانی داوای 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكەن

28-05-2017 12:23

 

پەرەگراف

 

كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم(دانەگاز و هاوبەشەكانی)، دوای ئەوەی لەڕێی داوایەكی یاساییەوە نزیكەی دوو ملیار دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردەوە، ئێستا سەرقاڵی داوایەكی یاسایی نوێیە كە داوای قەربووكردنەوەی ئەو زیانانەی دەكات كە حكومەتی هەرێم لە كۆمپانیاكەی داوەو بە 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار مەزەندەی دەكات.

 

ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی داوا یاساییەكانی كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم-ی بڵاوكردوەتەوە كە پێكەوە هاوشانی كۆمپانیاكانی دانەگاز و كرێسنت پیترۆڵییەمی ئیماراتی، لە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵدا لە دادگایەكی ئەمەریكا سكاڵایەكی هاوبەشیان لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە.

 

كێشەكانی نێوان دانەگاز و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009 كاتێك دانەگاز و كۆمپانیای كریسێنت دوو كۆمپانیای دیكەیان هێنا بۆ پڕۆژەی گازی چەمچەماڵ ئەوانیش كۆمپانیاكانی ئۆ ئێم ڤی(OMV)ی نەمسایی‌و ئێم ئۆ ئێڵ (MOL)ی هەنگاریی بوون‌و دواتر پێكەوە یەكەیەكی وەبەرهێنانیان پێكهێنا بەناوی پێرڵ پیترۆڵیەم كە لەسەدا 70ی لەلایەن دانەگاز و كرێسێنتەوە خاوەندارێتی دەكرا، هەروەها هەریەك لە ئۆ ئێم ڤی و ئێم ئۆ ئێڵ  هەروەها كۆمپانیای ئاڕ دەبلیو ئی (RWE) ئەڵمانی هەریەكەیان لەسەدا 10ی پشكەكانیان هەبوو.

 

لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە پێكهاتەی ڕێكەوتنەكە ڕازی نەبوو و حكومەتی هەرێم هیچ پاداشتێكی لەو ڕێككەوتنەدا دەست نەكەوت، لەكاتێكدا كاتێك كۆمپانیای IOC مافی موڵكدارییەكانی فرۆشت بە وەبەرهێنەرێكی دیكە حكومەتی هەرێم بڕێك قازانجی دەستكەوت بوو.

 

لە وەڵامی ئەو گرێبەستەی دانەگازو هاوبەشەكانیدا، ئاشتی هەورامی فەرمانیدا هەموو كارەكانی هەڵكەندن هەڵپەسێردرێت‌و هێزی چەكدار بۆ كێڵگەكان جوڵەیان پێكرا بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكەی هەورامی.

 

بەوهۆیەوە بیرێكی نوێی گازی سروشتی كە پێشبینی بەرهەمی زۆری لێدەكرا لە چەمچەماڵ داخرا. بەرهەمی كێڵگەی كۆرمۆر(نزیك چەمچەماڵ) لە ساڵی 2011وە لە دەوروبەری 330 ملیۆن پێ سێ جادا بۆ هەر ڕۆژێك وەستاوە.

 

بەو هۆكارانەوە گەشەپێدانی گازی چەمچەماڵ وەستاوەو ئەوەش بووەتە هۆی كاریگەریی خراپ بەسەر ئابووری كوردستانەوە، چونكە ئەو كێڵگانە سەرچاوەیەكی گرنگ بوون بۆ دارایی هەرێم و دابینكردنی وزەی كارەبا، بەڵام ئێستا هەرێم ناچارە گاز هاوردە بكات بۆ دەستەبەركردنی كارەبا.

 

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2013 پێرڵ پیترۆڵیەم بەفەرمی دۆسییەكەی بردە دادگاو داوای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركرد.

 

لە مانگی تەموزی 2013 دادگای LCIA لە لەندەن لەبارەی ئەو دۆسییەیەوە ڕایگەیاند كە كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم "مافی پارێزراوی هەیە بۆ ماوەی 25 ساڵ لە كێڵگەكانی كۆرمۆر و چەمچەماڵ كاربكات." بڕیاریشیدا كە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی 1.96 ملیار دۆلار بداتە ئەو كۆمپانیایە. هەروەها بڕی 121 ملیۆن دۆلار پارەی نەدراوی ئەو كۆمپانیایەش پێویستە لەلایەن هەرێمەوە دابینبكرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕێك لەو پارانەی نەداوە.

 

جگە لەوەش، دادگایەكی دیكەی بەریتانیش حكومەتی هەرێمی ناچاركردووە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بداتە پێرڵ پیترۆڵیەم وەك قەرزی پێشووی ئەو كۆمپانیایە لای حكومەتی هەرێم، تا ئێستاش كۆمپانیاكە 68 ملیۆن دۆلاری لەو پارەیە وەرگرتووە.

 

لە قۆناغی كۆتایی داوا یاساییەكەی پێرڵ پیترۆڵیەم دژی حكومەتی هەرێم، چاوەڕێ دەكرێت دادگایەكی ئەمەریكیی ئەو بڕە پارەیە دیاریی بكات كە ئەو كۆمپانیایە زیانی پێ گەیشتووە لە ساڵی 2009وە كە ڕێگریی لێ كراوە لە كاركردن لە كێڵگەكانی كۆرمۆر و چەمچەماڵ.

 

دادگاكە لە رۆژی 13-2-2017 ئەوەی پشتڕاست كردوەتەوە كە حكومەتی هەرێم یاسای شكاندووە لە ئەنجامدانی ئەو كارانە و ڕێگریی كردن لەو كۆمپانیایە بۆ كاركردن لەو كێڵگانەدا.

 

لەو داوایەی پێرڵ پیترۆڵیەم لە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە(12-5-2017) بۆ دادگا ئەمەریكییەكە بەرزی كردەوە، كۆمپانیاكە دەڵێت كە قەبارەی ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە بەریان كەوتووە دەیخەمڵێنن بە لانیكەم 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار.

 

كێشەی نێوان كۆمپانیای دانەگازو حكومەتی هەرێم ئاڵۆزەو هەردووكیان سكاڵای یاساییان لەسەر یەكتر تۆماركردووە لە دادگای لەندەن، حكومەتی هەرێم ئامادەنییە زانیاریی تەواو بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرابكات لەبارەی ئەو سكاڵایانەو هۆكاری دروست بوونی ئەو كێشانە لەگەڵ دانەگازو هاوبەشەكانی كە كاریگەری خراپیان لەسەر دۆخی ئابووری هەرێم دروست كردووە.