حكومەتی هەرێم: دواین داواكاریی دانەگاز لەلایەن دادگاوە گوێی لێ نەگیراوە

31-05-2017 05:36

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی لەسەر دۆسیەی دانەگاز بڵاوكردەوەو دەڵێت دواین داواكاریی دانەگاز بۆ زیانەكانی دواكەوتنی پەرەپێدانی كێڵگەكان "لەلایەن دادگاوە گوێی لێ نەگیراوە."

 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێی بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوەو بە زمانی ئینگلیزی ڕاگەیەندراوێكی لەسەر دۆسیەی كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی‌و هاوبەشەكانی بڵاوكردەوە.

 

ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت، كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم(دانەگاز و هاوبەشەكانی)، دوای ئەوەی لەڕێی داوایەكی یاساییەوە نزیكەی دوو ملیار دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردەوە، ئێستا سەرقاڵی داوایەكی یاسایی نوێیە كە داوای قەربووكردنەوەی ئەو زیانانەی دەكات كە حكومەتی هەرێم لە كۆمپانیاكەی داوەو بە 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار مەزەندەی دەكات.

 

لە قۆناغی كۆتایی داوا یاساییەكەی پێرڵ پیترۆڵیەم دژی حكومەتی هەرێم، چاوەڕێ دەكرێت دادگایەكی ئەمەریكیی ئەو بڕە پارەیە دیاریی بكات كە ئەو كۆمپانیایە زیانی پێ گەیشتووە لە ساڵی 2009وە كە ڕێگریی لێ كراوە لە كاركردن لە كێڵگەكانی كۆرمۆر و چەمچەماڵ.

 

دادگاكە لە رۆژی 13-2-2017 ئەوەی پشتڕاست كردوەتەوە كە حكومەتی هەرێم یاسای شكاندووە لە ئەنجامدانی ئەو كارانە و ڕێگریی كردن لەو كۆمپانیایە بۆ كاركردن لەو كێڵگانەدا.

 

لەو داوایەی پێرڵ پیترۆڵیەم لە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە(12-5-2017) بۆ دادگا ئەمەریكییەكە بەرزی كردەوە، كۆمپانیاكە دەڵێت كە قەبارەی ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە بەریان كەوتووە دەیخەمڵێنن بە لانیكەم 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار.

 

لایخۆیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆیدا باسلەوەدەكات كە بەشێك لە زانیارییەكانی نێو دادگاییەكە نهێنین‌و بەپێی یاساكانی دادگا ناكرێت ئاشكرا بكرێن، دەڵێت"بەبێ لادان لە ئەركی پاراستنی ئەو نهێنیانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچارە زانیارییە نادروست و نا تەواوەكان بۆ ڕای گشتی ڕاستبكاتەوە."

 

حكومەتی هەرێم دەشڵێت"دواین داواكاریی دانەگاز بۆ زیانەكانی دواكەوتنی پەرەپێدانەكان تەنانەت لەلایەن دادگاوە گوێی لێ نەگیراوە، بەڵام هەندێك میدیا لە كوردستان زانیاریی لەبارەی ئەو بانگەشەیەوە بڵاودەكەنەوە كە دەبێتە هۆی بەلاڕێدابردن و ناتەواویی".

 

كێشەكانی نێوان دانەگاز و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009 كاتێك دانەگاز و كۆمپانیای كریسێنت دوو كۆمپانیای دیكەیان هێنا بۆ پڕۆژەی گازی چەمچەماڵ ئەوانیش كۆمپانیاكانی ئۆ ئێم ڤی(OMV)ی نەمسایی‌و ئێم ئۆ ئێڵ (MOL)ی هەنگاریی بوون‌و دواتر پێكەوە یەكەیەكی وەبەرهێنانیان پێكهێنا بەناوی پێرڵ پیترۆڵیەم كە لەسەدا 70ی لەلایەن دانەگاز و كرێسێنتەوە خاوەندارێتی دەكرا، هەروەها هەریەك لە ئۆ ئێم ڤی و ئێم ئۆ ئێڵ هەروەها كۆمپانیای ئاڕ دەبلیو ئی (RWE) ئەڵمانی هەریەكەیان لەسەدا 10ی پشكەكانیان هەبوو.

 

لەو كاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بە پێكهاتەی ڕێكەوتنەكە ڕازی نەبوو و حكومەتی هەرێم هیچ پاداشتێكی لەو ڕێككەوتنەدا دەست نەكەوت، لەكاتێكدا كاتێك كۆمپانیای IOC مافی موڵكدارییەكانی فرۆشت بە وەبەرهێنەرێكی دیكە حكومەتی هەرێم بڕێك قازانجی دەستكەوت بوو. 

 

لە وەڵامی ئەو گرێبەستەی دانەگازو هاوبەشەكانیدا، ئاشتی هەورامی فەرمانیدا هەموو كارەكانی هەڵكەندن هەڵپەسێردرێت‌و هێزی چەكدار بۆ كێڵگەكان جوڵەیان پێكرا بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكەی هەورامی.

 

بەوهۆیەوە بیرێكی نوێی گازی سروشتی كە پێشبینی بەرهەمی زۆری لێدەكرا لە چەمچەماڵ داخرا. بەرهەمی كێڵگەی كۆرمۆر(نزیك چەمچەماڵ) لە ساڵی 2011وە لە دەوروبەری 330 ملیۆن پێ سێ جادا بۆ هەر ڕۆژێك وەستاوە.

 

بەو هۆكارانەوە گەشەپێدانی گازی چەمچەماڵ وەستاوەو ئەوەش بووەتە هۆی كاریگەریی خراپ بەسەر ئابووری كوردستانەوە، چونكە ئەو كێڵگانە سەرچاوەیەكی گرنگ بوون بۆ دارایی هەرێم و دابینكردنی وزەی كارەبا، بەڵام ئێستا هەرێم ناچارە گاز هاوردە بكات بۆ دەستەبەركردنی كارەبا.

 

ئەوە یەكەمجارنییە دانەگاز لەسەر كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم زانیاریی ئاشكرابكات، ساڵی 2013 ئەوەی ڕاگەیاند كە نزیكەی 2 ملیار دۆلاری لە هەرێم بردووەتەوە لە سكاڵایەكیدا لە دادگای لەندەن.

 

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆیدا ڕەخنەش لە میدیاكانی كوردستان دەگرێت‌و دەڵێت"ئێمە دەزانین هەندێك میدیای ناوخۆیی هەوڵیانداوە هاوڵاتیانمان بە لاڕێدا ببەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجێندای سیاسیی خۆیان."

 

"حكومەتی هەرێم بە توندی بەدوای مافەكانی خۆیدا دەگەڕێت لە هەموو ڕێگە گونجاوەكاندا بۆ بەرگریكردن لە پێگەی خۆی پەیوەند بە داوا یەكلانەكراوەكانی دانەگاز" ئەنجومەنی وەزیران وادەڵێت.

 

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران باسلەوەدەكات، لە ڕابردووشدا ڕاگەیەندراوەكانی دانەگازی ڕاستكردوەتەوە كە "بەشێك لە بڕگەكانی بڕیارەكانی دادگای لە بەرژەوەندی خۆی هەڵبژاردووە كە كەموكوڕییان تێدایەو چەواشەكارانەن."