حكومەتی هەرێم مۆسكۆ هاندەدات وەبەرهێنانی زیاتر لە پیشەسازی نەوت‌و گازی كوردستاندا بكات

01-06-2017 08:41
كۆبوونەوەی شاندی هەرێم‌و كۆمپانیای ڕوسنەفت لە سان پترسبۆرگ، 31-5-2017. فۆتۆ؛ لە تویتەری سامی ئەرگوشی وەرگیراوە.


پەرەگراف

 

شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم لە ڕوسیان بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندێكی ئابوریی فراوان، حكومەتی هەرێم دەیەوێت مۆسكۆ هانبدات بۆ كاركردنی زیاترو وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت‌و گازی كوردستان.

 

ئەمڕۆ كۆڕبەندی ئابوری جیهانیی سان پترسبۆرگ دەستیپێكرد كە 130 وڵاتی جیهان‌و 12 هەزار كەس تێیدا بەشداربن، دوێنێش شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، گەیشتنە سان پترسبۆرگی ڕوسیا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندەكە.

 

شاندە باڵاكەی هەرێم یەكەم ڕۆژی گەیشتنی بە ڕوسیا لەگەڵ كۆمپانیای ڕوسنەفت كۆبووەوە كە یەكێكە لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەو وڵاتەو لە كەرتی نەوتدا كاردەكات، هاوكات بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕوسیاش دیدار ئەنجامبدەن لەسەر پرسە ئابوری‌و سیاسی‌و ئەمنییەكان.

 

ڕاوێژكارێكی نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، وەفدی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەی ئەمجارەیاندا بۆ ڕوسیا داوا لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەن وەبەرهێنانی زیاتر لە كەرتی نەوت و گازی هەرێمدا بكەن.

 

ڕۆژنامەی ئیزڤێستیای ڕوسی لەسەر زاری دیار ئەمین ڕاوێژكاری سیاسیی نێچیرڤان بارزانی بڵاویكردوەتەوە "هەولێر دەیەوێت هانی مۆسكۆ بدات بۆ دەستپێكردنی وەبەرهێنانی زیاتر لە پیشەسازی نەوت‌و گاز لە كوردستان. هەروەها وەفدی كوردستان تاوتوێی قوڵكردنەوەی پەیوەندییە ئابورییەكانیش دەكەن." 

 

كۆمپانیای ڕوسنەفت، زۆرینەی پشكەكانی لەلایەن حكومەتی ڕوسیاوە خاوەندارێتی دەكرێت‌و بنكەی سەرەكی لەشاری مۆسكۆیە لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی كرملین، ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2013 بوو بە گەورەترین كۆمپانیای بازرگانیی نەوت لەڕوسیا.

 

ڕوسنەفت مانگی 2ی ئەمساڵ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكردووە بۆ كڕینی نەوتی هەرێم لە ساڵانی 2017، 2018و 2019‌و گواستنەوەی بۆ پاڵاوگەكانی جیهان، لەبەرامبەردا پارەی نەوتەكە پێشەكی دەدەنە حكومەتی هەرێم.

 

ڕاوێژكارەكەی نێچیرڤان بارزانی، باسی لەوەشكردووە كە وەفدەكەی هەرێم دەشیانەوێت باس لە ئاڵوگۆڕی هەواڵگریی بكەن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش، دەشڵێت"لەگەڵ پاڵپشتی ئەمەریكادا، كورد دەیەوێت هاریكاریی ڕوسیای فیدڕاڵی بەدەست بهێنێت. هەولێر دەیەوێت پەیوەندییەك دەستپێبكات لەگەڵ هەواڵگریی روسیادا كە پێویستییەكە بۆ شەڕی دژی تیرۆر."

 

هەروەها ڕۆژنامە ڕوسییەكە لە زاری سەرچاوەیەكی باڵاوە ئەوەشی زانیوە كە وەفدەكەی هەرێم لەگەڵ دیپلۆماتكارە ڕوسییەكاندا باس لە ڕیفراندۆمی داهاتووی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دەكەن.

 

پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا رایگەیاندبوو كە لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوریی جیهانی لەگەڵ نێچیرڤانی بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە. بەپێی وتەی میخایل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لەو كۆبوونەوەیەدا باسلە دۆخی هەرێمەكە، ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق‌و دۆخی موسڵ دەكرێت.