ئەنجومەنی وەزیران ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم‌و ڕوسنەفت تاوتوێ دەكات

05-06-2017 02:29

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوەو سەردانی شاندی باڵای حكومەت بۆ كۆڕبەندی ئابوری جیهان لە ڕوسیا تاوتوێ دەكات، ڕونكردنەوەش دەدرێت لەبارەی ئەو ڕێكەوتننامانەی لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا لە نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی لە بواری نەوت واژۆ كراون.

 

سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو كە سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سازدەكرێت‌و كارنامەی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی ڕوسیاو بەشدارییان لە كۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ‌و ڕونكردنەوەی ئەو ڕێكەوتننامانەی لەپەراوێزی كۆڕبەندەكەدا لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی لە بواری نەوت واژۆ كراون.

 

یەكی ئەم مانگە كۆڕبەندی ئابوری جیهانیی سان پترسبۆرگ دەستیپێكرد‌و شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشدارییان تێداكرد.

 

لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنێكی 20 ساڵەی لەگەڵ كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی واژۆكرد، ڕێككەوتنەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەی ناڕەزاییان لەدژی بڵاوكردەوە.

 

كۆمپاینای ڕوسنەفت لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی‌ هەرێم‌ ڕێكەوتوون سەبارەت بە فراوانكردنی‌ هاوكاری‌ نێوانیان لەبواری‌ گەڕان‌و بەرهەمهێنانی‌ نەوت و گازو بازرگانی‌ و بواری‌ لۆجستی‌.

 

بەپێی‌ ڕێككەوتنەكە، گرێبەستێكی‌ درێژخایەن واژۆدەكرێت، بۆئەوەی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ هەرێمی‌ كوردستان دابمەزرێنێت، هەروەها لەبەرامبەر ئەو نەوتەی‌ لە هەرێمی‌ كوردستانەوە دەنێردرێت پارە بەشێوەیەكی‌ یاسایی‌ بنێردرێت بۆ هەرێم.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕوسنەفت دەتوانێت سیستەمە سەرەكییەكانی‌ گواستنەوەی‌ نەوتی هەرێم، بە توانای‌ 700هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەكاربهێنێت‌و ئەو ڕێژەیەش فراوان دەكرێت‌و تا كۆتایی‌ ئەمساڵ دەگەیەندرێتە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا.

 

بەپێی ڕێككەوتنەكە، كۆمپانیا ڕوسییەكە لە 5 بلۆكی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكات.

 

كۆمپانیای ڕوسنەفت، زۆرینەی پشكەكانی لەلایەن حكومەتی ڕوسیاوە خاوەندارێتی دەكرێت‌و بنكەی سەرەكی لەشاری مۆسكۆیە لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی كرملین، ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2013 بوو بە گەورەترین كۆمپانیای بازرگانیی نەوت لەڕوسیا.

 

ڕوسنەفت مانگی 2ی ئەمساڵ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكردووە بۆ كڕینی نەوتی هەرێم لە ساڵانی 2017، 2018و 2019‌و گواستنەوەی بۆ پاڵاوگەكانی جیهان، لەبەرامبەردا پارەی نەوتەكە پێشەكی دەدەنە حكومەتی هەرێم.

 

هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە بە یاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاوكردەوەو ڕایانگەیاند"واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ كۆمپانیای (روس نەفت)ی رووسی ـ بەدرێژكراوەی ئەو رێككەوتانانە دەزانین كە ئەم دۆخە خراپەی لە كوردستان خولقاند."

 

ئەو چوار فراكسیۆنە دەشڵێن"ئەم گرێبەستەی (روس نەفت) ناكرێت بەبێ چاودێری و لێكدانەوەی پەرلەمان واژوو بكرێت، ناكرێت نەزاندرێت داشكاندنی هەرێم بۆ نرخی ئەو نەوتەی كەكردوویەتی بۆ (روس نەفت) چەندە؟ ناكرێت نەزانرێت كۆمپانیای (روس نەفت) چۆن دەبێتە هاوبەش یان خاوەندار لەو پێنج كێڵگە نەوتییەدا، بۆ چەند ساڵە؟، ئایا ئەو یەك ملیار دۆلارەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لە كۆمپانیاكە وەرگیراوەو گرێبەستی بۆ كراوە چی لێهات؟ چی گەرەنتییەك هەیە چارەنووسی ئەم پارەیە وەك ئەو "شەش ملیار دۆلار"ی بەخشین (شیرینی)ی كۆمپانیاكانی لێنایەت كە لەبانكیHSBC دانرابوو دواتر لەو بانكە دەرهێندراو چارەنووسەكەی نادیارە!."

 

ئەو فراكسیۆنانەی پەرلەمان كێشە یاساییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای دانەگازیان بەبیر هێناوەتەوە كە تێیدا كۆمپانیاكە 2 ملیار دۆلاری لە هەرێم بردوەتەوەو بەنیازی بردنەوەی 26 ملیار دۆلاری دیكەیە.

 

"لێرەوە رایدەگەیەنین، ئەم جۆرە لە سیاسەتی حوكمرانی ژیانی ئێستای خەڵكی كوردستانی خستووەتە مەترسییەوەو ئایندەش خراپتر دەكات، ناتوانین چی دیكە بێدەنگبین لە برسیكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و نەمانی خزمەتگوزاری و قەرزاركردنی خەڵكی كوردستان." چوار فراكسیۆنەكە وادەڵێن.

 

كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم(دانەگاز و هاوبەشەكانی)، دوای ئەوەی لەڕێی داوایەكی یاساییەوە نزیكەی دوو ملیار دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردەوە، ئێستا سەرقاڵی داوایەكی یاسایی نوێیە كە داوای قەربووكردنەوەی ئەو زیانانەی دەكات كە حكومەتی هەرێم لە كۆمپانیاكەی داوەو بە 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار مەزەندەی دەكات.

 

لەبارەی ئەو داوا نوێیەی دانەگازو هاوبەشەكانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دواین داواكاریی دانەگاز بۆ زیانەكانی دواكەوتنی پەرەپێدانی كێڵگەكان "لەلایەن دادگاوە گوێی لێ نەگیراوە."