نێچیرڤان بارزانی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی نەوتیی هەرێم‌و ڕۆسنەفت دەخاتەڕوو

06-06-2017 08:12
نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

پەرەگراف

 

نێچیرڤان بارزانی‌ ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم‌و كۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسی خستەڕوو كە سێ بوار دەگرێتەوەو قەبارەی وەبەرهێنانی كۆمپانیاكە لە هەرێم 3 ملیار دۆلارە.

 

نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند یاداشتی‌ لێكتێگەیشتنەكەیان كە لەگەڵ ڕۆسنەفت واژۆیان كردووە سێ بوار دەگرێتەوە.

 

بەپێی ڕێككەوتنەكە، ڕۆسنەفت كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی ڕوسییەو لەسەدا 50ی موڵكی حكومەتی ئەو وڵاتەیە، لە سێ بواردا لەهەرێمی كوردستان كاردەكات، ئەوانیش پەرەپێدان بە كێڵگەكان‌و ژێرخانی ئابوری هەرێم‌و فراوانكردنی توانای گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە 700 هەزار بەرمیلەوە بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.

 

یەكی ئەم مانگە كۆڕبەندی ئابوری جیهانیی سان پترسبۆرگ دەستیپێكرد‌و شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشدارییان تێداكرد.

 

لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسی واژۆكرد، ڕێككەوتنەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەی ناڕەزاییان لەدژی بڵاوكردەوە.

 

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی"قەبارەی وەبەرهێنانی ڕۆسنەفت لە هەرێم 3 ملیار دۆلارە نەك ئێمە ئەوەندە پارەمان هێنابێتەوە، ئەمەش كاریگەری لە دۆخی ئابوری هەرێم دەكات‌و هەلی كار دەڕەخسێنێت."

 

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، دوای چەند مانگێكی دیكە گرێبەستەكەیان لەگەڵ ڕۆسنەفت دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات كۆمپانیاكە بۆماوەی 2 ساڵ نەوتی هەرێم دەكڕێت ئەوەش بەلای سەرۆكی حكومەتەوە خاڵێكی گرنگە.

 

"بۆیەكەمجارە ئێمە نەوت بە كۆمپانیایەك بفرۆشین كە لەسەدا 50ی هی حكومەتی ڕوسیایە، پێشتر نەوتمان بە بازرگانەكان فرۆشتووە، ئەمەش خاڵێكی نوێ‌و گرنگە" نێچیرڤان بارزانی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو ڕێككەوتنەكە گرنگە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە بازاڕی نەوتی هەرێم دوای سێ ساڵ لە كێشەو گرفت.

 

كۆمپانیای ڕوسنەفت، لەسەدا 50ی پشكەكانی لەلایەن حكومەتی ڕوسیاوە خاوەندارێتی دەكرێت‌و بنكەی سەرەكی لەشاری مۆسكۆیە لەنزیك كۆشكی سەرۆكایەتی كرملین، ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2013 بوو بە گەورەترین كۆمپانیای بازرگانیی نەوت لەڕوسیا.

 

پێشتر كۆمپانیای ڕوسنەفت لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی‌ هەرێم‌ ڕێكەوتوون سەبارەت بە فراوانكردنی‌ هاوكاری‌ نێوانیان لەبواری‌ گەڕان‌و بەرهەمهێنانی‌ نەوت و گازو بازرگانی‌ و بواری‌ لۆجستی‌.

 

بەپێی‌ ڕێككەوتنەكە، گرێبەستێكی‌ درێژخایەن واژۆدەكرێت، بۆئەوەی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ هەرێمی‌ كوردستان دابمەزرێنێت، هەروەها لەبەرامبەر ئەو نەوتەی‌ لە هەرێمی‌ كوردستانەوە دەنێردرێت پارە بەشێوەیەكی‌ یاسایی‌ بنێردرێت بۆ هەرێم.

 

بەپێی ڕێككەوتنەكە، كۆمپانیا ڕوسییەكە لە 5 بلۆكی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكات، لەبارەی شوێنی ئەو بلۆكە نەوتییانە كە ئایا دەكەونە ئەو ناوچانەی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا بە جێناكۆك ناو دەبرێن؟ نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو هێشتا شوێنی بلۆكەنەوتییەكان دیاری نەكراون.

 

نێچیرڤان بارزانی وتیشی"شوێنی ناكۆكمان نەماوە، ماوەیەكی زۆرە، ئەو شوێنانەی ئازادكراون جێناكۆك لەسەر نەبوون هەرێمی كوردستانن‌و بەخوێنی شەهیدان ئازادكراون‌و قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە ناكرێت بەشێوەی چەند ساڵێك لەمەوبەربن‌و بەغداش لەوەتێدەگات، شوێنی ناكۆك لە فەرهەنگی ئێمەدا نەماوە."

 

سەرۆكی حكومەت لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ڕەخنەی توندی لەو لایەنانە گرت كە ڕەخنەیان لە گرێبەستەكەی هەرێم‌و ڕۆسنەفت گرتووەو بە یاننامەیان لەدژی دەركردووە، لەكاتێكدا"زانیارییان لەبارەیەوە نەبووە" وتی"ئەوە بۆ چەواشەكردن‌و فێڵكردنە لە خەڵك."

 

دوای واژۆ كردنی ڕێككەوتنەكە، هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاوكردەوەو ڕایانگەیاند"واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ كۆمپانیای (روس نەفت)ی رووسی ـ بەدرێژكراوەی ئەو رێككەوتانانە دەزانین كە ئەم دۆخە خراپەی لە كوردستان خولقاند."

 

ئەو فراكسیۆنانەی پەرلەمان كێشە یاساییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای دانەگازیان بەبیر هێناوەتەوە كە تێیدا كۆمپانیاكە دەڵێت، 2 ملیار دۆلاری لە هەرێم بردوەتەوەو بەنیازی بردنەوەی 26 ملیار دۆلاری دیكەیە.

 

"لێرەوە رایدەگەیەنین، ئەم جۆرە لە سیاسەتی حوكمرانی ژیانی ئێستای خەڵكی كوردستانی خستووەتە مەترسییەوەو ئایندەش خراپتر دەكات، ناتوانین چی دیكە بێدەنگبین لە برسیكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و نەمانی خزمەتگوزاری و قەرزاركردنی خەڵكی كوردستان." چوار فراكسیۆنەكە وادەڵێن.

 

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كەیسی دانەگازەوە ڕایگەیاند، ئەوان دەزانن ئەوە بە"فیتی كێ‌و بۆچی كراوە؟"و ئەگەر پێویست بكات لەكاتی خۆیدا ئاشكرای دەكەن، وتیشی، هێشتا لە دادگایەو بڕیاری لەسەر نەدراوەو گەشبینن لەو بارەیەوە.

 

كۆمپانیای پێرڵ پیترۆڵیەم(دانەگاز و هاوبەشەكانی)، دوای ئەوەی پێشتر ڕایگەیاند لەڕێی داوایەكی یاساییەوە نزیكەی دوو ملیار دۆلاری لە حكومەتی هەرێم بردوەتەوە، ئێستا سەرقاڵی داوایەكی یاسایی نوێیە كە داوای قەربووكردنەوەی ئەو زیانانەی دەكات كە حكومەتی هەرێم لە كۆمپانیاكەی داوەو بە 26 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار مەزەندەی دەكات.

 

لەبارەی ئەو داوا نوێیەی دانەگازو هاوبەشەكانی، پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دواین داواكاریی دانەگاز بۆ زیانەكانی دواكەوتنی پەرەپێدانی كێڵگەكان "لەلایەن دادگاوە گوێی لێ نەگیراوە."